
Arbil
ھەولێر - AA فەخرەدین ئیبراهیم
ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ئاب، جارێکی دیکە ئێران جەختی لەوە کردەوە کە حیزبە چەکدارەکانی دژبەری خۆی، پێویستە چەک بکرێن و بگوازرێنەوە ئەو کەمپانەی کە حکوومەتی عێراق بۆی دیاری کردوون.
ھەر یەک لە حکوومەتی فیدڕاڵیی و ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەردا ڕایانگەیاندووە کە ڕێگە نادەن خاکەکەیان دژ بە وڵاتانی دراوسێ بەکار بێت و ئامادەن بۆ ئەم مەبەستە ھەر ڕێکارێک بگرنە بەر و لەم بارەیەوە ڕێکەوتننامەیەکی ئەمنی لە نێوان حکوومەتی عێراق و ئێران بۆ چەککردنی ئەو لایەنانە واژوو کراوە.
ئێران بە ئاشکرا ھەڕەشەی ئەوەی کردووە کە دوای ١٩ی ئەیلوول، ھیچ وادەیەک درێژ ناکرێتەوە و ئەگەر بە پێچەوانەی ڕێککەوتننامە ئەمنییەکە، نەیارەکانی چەک نەکرێن، ئەوە ئۆپەراسیۆن و ھێرشی سەربازیی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی گرووپە نەیارەکانی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات.
ــ ئەو لایەنانە کێن کە ئێران دەیەوێ چەک بکرێن
لەگەڵ شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، دوو حیزبی کورد بە ناوەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران (حدکا) و کۆمەڵە، دژایەتی خۆیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ڕاگەیاند و دواتر لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق و میلیتاریزەبوونی ناوچە سنوورییەکان، ئەو حیزبانە دەستیان دایە چەک دژ بە ئێران.
حدکا لە ساڵی ١٩٤٥دا، دامەزراوە و ئەو کاتی لە گەرمەی ئاڵۆزییەکانی ئێران بە ھۆی جەنگی جیھانی دووھەمەوە لەگەڵ فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان، دوو کۆماریان بە ناوەکانی "کۆماری دیموکراتی ئازەربایجان" و "کۆماری کوردستان" دامەزراندبوو و دواتر لە لایەن دەسەڵاتی پاشایەتی ئێرانەوە ھەردوو ستاتۆیەکە رووخێنران و بەرپرسانی ئازەربایجان ئاوارەی سۆڤیەت و حدکاش پەنایان بردە بەر عێراق، حدکا لەو کاتەوە بەھۆی نزیکی لە ناوچە سنوورییەکان چەکدار بووە و لە ھەردوو دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆمارییدا شەڕی چەکداری دژ بە ناوەند بەڕێوە بردووە.
ئەگەرچی ئەو لایەنانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ھەڵگرتنی چەک بۆ پاراستنی خۆیان بووە لە شەڕ و ئاژاوەکانی ئەو ساڵانە، بەڵام تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٠دا، بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لەو کاتەی کە حدکا لە ناوچە سنوورییەکانی قەندیل بوو.
ئێران بە ھۆی سەختی ناوچەکە لە لایەک و ڕێکنەکەوتنی لەگەڵ ڕژێمی بەعس، ھیچ کاتێک نەیتوانی بۆ پاشەکشەی ئەو حیزبانە دەستکەوتێکی ھەبێت، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١دا، گوشارەکان بۆ سەر حکوومەتی ھەرێم دەستی پێکرد.
بە پێی ڕێککەوتنێک کە ناوەڕۆکەکەی ھیچ کاتێک بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکرا، حدکا لە ساڵی ١٩٩٥ چیاکانی قەندیل کە بنکە و بارەگای پێشمەرگە و سەرکردایەتی حیزبەکە بوو بەجێ دەھێڵێت و لە قوڵایی خاکی ھەرێمی کوردستان، لە ناوچە دەشتیاییەکانی کۆیە کە ٦٠ کیلۆمەتر لە رۆژھەڵاتی ھەولێر دوورە، نیشتەجێ بوون، بەو شێوەیە حدکا بە پێی خواستی خۆی لە ناوچە سنوورییەکان دوور کەوتەوە.
حدکا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ھەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەیە و لە بۆنە جیاوازەکاندا جەختی لەوە کردووەتە کە پابەندی یاساکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و نایەوێت ببێتە ھۆی سەرئێشە، بەڵام ئەوە بەو مانەیە نەبوو کە واز لە کاری سیاسی بێنێت.
ھەر بۆیەش ئەو پاشەکشە لە سنوورەکان نەبووە ھۆی ئارامگرتنی دەسەڵاتدارانی تاران و لە ساڵی ١٩٩٦ ئێران لەشکەرکێشی کردە سەر ھەرێمی کوردستان و بارەگاکانی حدکای بە تۆپی دوورھاوێژ و چەکی قورس کردە ئامانج بەھۆیەوە کەمپەکانی حدکا لە کۆیە چۆلکران و بەشێک لە خانەوانەی ئەو چەکدارانی لەگەڵ حدکا بوون، پەنایان بردە بە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەولێر.
ــ ئاڵۆزییەکان ئێران و ترسی دەستوەردان جارێکی دیکە پرسی چەککردنی حیزبەکانی ھێنایەوە ڕۆژەڤ
ئاڵۆزییەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢دا کە بە ھۆی کوژرانی مەھسا (ژینا) ئەمینی لە تارانەوە دەستی پێکرد و بەشێکی زۆر لە شارەکانی ئێرانی گرتەوە، بووە ھۆی ئەوەی ئێران ئەو حیزبانە بە ناردنەوەی چەک و تەقەمەنی و پەرەپێدان بە ئاڵۆزییەکان و ناسەقامگیری وڵاتەکەی تۆمەتبار بکات.
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ئێران بە مووشەک بارەگاکانی پاک، حدکا و کۆمەڵەی لە ھەولێر و سلێمانی ھاوکات کردە ئامانج و بە ھۆیەوە ٩ کەس کوژران و ٣٢ کەسی دیکە بریندار بوون، ئەمەیش دوای ئەوەی پێشتریش ئێران بارەگای حدکای لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠١٨ بە چەندین مووشەکی دوورھاوێژ کردبوویە ئامانج.
ئەو ھێرشانەی ئێران بۆسەر بارەگاکانی پاک، حدکا و کۆمەڵەی لە ھەولێر و سلێمانی، ناڕەزایەتی گشتیی ڵێکەوتەوە و حکوومەتی عێراق بە فەرمی نیگەرانییەکانی گەیاندە ئێران و ھێرشەکەی بە پێشێلکردنی سەرەوەری عێراق کە بووە ھۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل، سەرکۆنە کرد و لەپاڵ ئەوەشدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بانگەوازی ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کرد کە دژ بەو ھێرشانەی ئێران ھەڵوێست وەربگرن.
پێدەچێت ھەڵوێستی حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھانی ئێرانییەکانی دابێت بۆ ئەوەی ھێورتر بڕوانێتە پرسەکە.
لە ٢٠ی ئایاردا، فەرماندەی ھێزی وشکانی سوپای پاسداران، محەمەد پاکپوور جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگە نادەن ئەو گرووپانە، ببنە ھەڕەشە بۆ سەر خاکی ئێران و ھاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانیش لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەی خۆیدا ئاشکرای کرد کە بۆ چەککردنی ئەو حیزبانە لەگەڵ عێراق گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێراندا واژوو کرا کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی بە نوێنەرایەتیی عێراق و سکرتێری گشتیی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی بە نوێنەرایەتیی ئێران واژوویان کرد.
ڕێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران سێ بڕگە لەخۆدەگرێت کە بریتین لە:
ــ ڕێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران ئەوەیش دوای بڵاوکردنەوەی پاسەوانی سنوور
ــ ڕادەستکردنی داواکراوان کە بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە و مەبەست لێی سەرکردەی ئەو حیزبانەن
ــ چەکداماڵین و گواستنەوەی بۆ کەمپەکان (کە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆیان دابین دەکرێت) و لەگەڵ داخستنی سەربازگەکان.
ــ حکوومەتی عێراق: "رێککەوتننامە ئەمنییەکەمان لەگەڵ ئێران جێبەجێ کردووە"
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی ڕایگەیاند"عێراق پابەندبوونەکانی خۆی رێککەوتننامە ئەمنییەکەی لەگەڵ ئێران جێبەجێ کردووە".
باسم عەوادی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە "X" کە پێشتر توڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بوو نووسیوویەتی: "گرنگترین بنەمای سیاسەتی دەرەوەی عێراق، ئەوەی نابێت عێراق ببێت لایەنێک بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ".
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕاشیگەیاندووە: "پاراستنی سنووری عێراق لە ھەر پەلامارێک، پێویستی بە لێکتێگەیشتنی ئەمنیی ھەیە".
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی ھەروەھا نووسیوویەتی"عێراق رێککەوتننامەیەکی ئەمنی لەگەڵ ئێراندا واژۆ کردووە کە تیایدا باس کە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، رادەستکردنی داواکراوان، چەک داماڵین و لابردنی سەربازگەکان دەکات".
باسم عەوادی جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی عێراق پابەندبوونەکانی خۆی لە رێککەوتننامە ئەمنییەکەی لەگەڵ ئێران جێبەجێ کردووە.
لەبەرامبەر ئەو ھێرش و ھەڕەشانەدا، گوتەبێژی حدکا، خالید عەزیری لە دیمانەیەکدا، ڕایگەیاندووە کە ئەوان نایانەوێت کە ھەرێی کوردستان وەک سەنگەرێک دژ بە ئێران بەکار بھێنن.
خالید عەزیزی ڕاشیگەیاندووە: "بەشێک لە بیانووەکانی ئێران ئەوەیە کە ئێمە لێرەوە ھێزی پێشمەرگە دەنێرینەوە و کردەی سەربازی دەکەین، لەکاتێکدا حدکا ھەر لەبنەمادا دروستبوونەکەی وەک ھێزی چەکدار نەبووە و ھێزێکی سیاسی بووە، لەرووی مەیدانییەوە ئێمە داواکانی ئێرانمان جێبەجێ کردووە، کاتێک ئێران لەگەڵ حکومەتی عێراق باسی کردووە و بەغداش لەگەڵ حکومەتی ھەرێم باسی کردووە و ئەم داواکارییە ھاتووەتە ئاراوە، ئێمە ھەموو ئەوانەمان بەجێگەیاندووە، ھەر لەو چوارچێوەیەشدا حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە پاسەوانی سنوور لە سنوورەکاندا جێگیربن".
گوتەبێژی حدکا جەختی لەوەیش کردووەتەوە کە ئەوان بۆ پاراستنی خۆیان چەک بەکار دەھێنن و گڵۆپی سەوزی بۆ چەکدانانی حیزبەکەشی داگیرساند بەو مەرجەی پاراستنی گیانیان پارێزراو بێت، حدکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەنھا لە مانگی تەمموزدا، سێ ئەندامی ئەو حیزبە لە لایەن ئێرانەوە لە ھەرێمی کوردستان کوژراون، ئەوە جگە لەوەی بەرپرسانی ئەو پارتە دەڵێین لە میانی ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٢، دوو سکرتێری گشتییان لە ئەورووپا کەوتوونەتە بەر پەلامار و کوژراون و ئێران بە کردەوەکە تۆمەتبار دەکەن.
لە ١٣ی سێپتەمبەری ئەمساڵدا، یەک ساڵ بەسەر کوژرانی مەھسا ئەمینی تێدەپەرێت و چاوکان لەسەر یەک ساڵەی ناڕەزایەتییەکانن لە ئێران لە ئەگەری سەرھەڵدانەوەیان، پێدەچێت ئێران بۆ بەرگریی لە ھەرچەشنە ئاڵۆزییەک کە بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکانی تووش بێت، دەستپێشخەری دەکات بۆ بەرگریی کردن لە خۆی و گرووپە چەکدارەکانی ئەو دیوی سنوور وەک ھەڕەشەیەک دەبینێ کە دەتوانن چەخماخەی ناسەقامگیری بن و ھەر بۆیەش سوورە لەسەر گوشارخستنە سەر و بێدەنگ کردنیان.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن