
Ankara
ئەنقەرە ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە سزاکانی قەدەغەكردنی بازرگانیکردن بە چەك كە لە ساڵی 2007وە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەسەرماندا سەپێندراوە، هەڵگیراوە.
لەمبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە لەمەودوا، ئێران بەبێ هیچ فشارێك دەتوانێت كڕین و فرۆشتن بە چەك بكات، هەروەها قەدەغەی گەشتكردن لەسەر ژمارەیەك سیاسەتمەداری ئێران هەڵگیراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "سزاکانی قەدەغەكردنی بازرگانیکردن بە چەك لەسەر تاران لەژێر رۆشنایی رێككەوتنی ئەتۆمی 2015 کە لەنێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک واژووكراوە، هەڵگیراوە".
رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاندبوو كە لە لە رۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە دوای ئەوەی سزاکانی قەدەغەكردنی بازرگانیکردن بە چەك كۆتایی دێت، ئێران دەتوانێت لە هەر وڵاتێك بیەوێت چەك بكڕێت، ئەویش دوای ئەوەی ماوەی سزاکانی قەدەغەكردنی بازرگانیکردن بە چەك بەسەر ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان كۆتایی دێت.
دوای ئەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ئایاری 2018دا كشایەوە، ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئابی 2018دا، سزای ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاند بۆ ئەوەی ناچاری بكات رێككەوتنێكی ئەتۆمی نوێ واژوو بكات، هەروەها هەژموونی ئێران لەسەر ئاستی هەرێمیی كەم بكاتەوە.
ئەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی كەرتی نەوت، ژمارەیەك كەسایەتی، دامەزراوە سەربازییەکان، رابەڕی باڵای ئێران و سوپای پاسدارانی گرتووەتەوە.
لە 21ی ئابی رابردوودا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ راگەیاندبوو كە دوای مانگێكی دیکە سەرجەم سزا سەپێندراوەكانی سەر ئێران چالاك دەكەنەوە.
لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی رابردوودا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان داواكارییەكی ئەمریكای بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا، رەتكردبوویەوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن