جيهان

ئێران: "متمانەمان بە ئەمریکا نییە و ڕوون نییە دانوستانەکان بەرەو کوێ دەچن"

- وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی ڕایگەیاند: "ئێمە متمانەمان بە ئەمریکا نییە و ئەگەری ئەوە ھەیە پەنا بۆ فێڵی دیکە ببەن و ھێشتا ئەنجامی دانوستانەکانیش نادیارە".

Mustafa Melih Ahıshalı, Sami Sohta  | 08.02.2026 - نوێکردنەوە : 08.02.2026
ئێران: "متمانەمان بە ئەمریکا نییە و ڕوون نییە دانوستانەکان بەرەو کوێ دەچن"

Istanbul

ئیستانبوڵ ــ AA

وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی ڕایگەیاند، بۆمبی نەتەقیوو لەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی وڵاتەکەی‌ ھەن کە لە میانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن ئەمریکاوە بۆردومان کراون.

ئاژانسی ھەواڵیی ڕۆژنامەنووسانی گەنجان سەربە کەناڵی فەرمی ئێران (باشگاه خبرنگاران جوان) بڵاویکردەوە کە عەباس عەراقچی لە لێدوانێکدا ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە پرسیاری لە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕافائیل ماریانۆ گرۆسی کردووە کە ئایا یاسایەک یان پرۆتۆکۆلێکی تایبەت ھەیە بۆ سەردانی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج، ئەوەیش لە وەڵامدا گوتوویەتی: " نەخێر، ھیچ شتێکی لەو شێوەیە نییە".

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردووە کە دوای وەرگرتنی وەڵامی پرسیارەکەی، ڕافائیل ماریانۆ گرۆسی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی، پێویستە شاندی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، سەردانی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی ئێران کە لە میانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن ئەمریکاوە بۆردومان کراون، چونکە ھێشتا بۆمبی نەتەقیوو لەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی وڵاتەکەی‌ ھەن.

لە ١٣ی حوەزیرانی ٢٠٢٥، ئیسرائیل پاڵپشتی ئەمریکا ھێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمی، مەدەنی و سەربازییەکانی ئێران کە ماوەی ١٢ ڕۆژ بەردەوامبوو و بەھۆیەوە ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئێران کوژراون.

لە بەرامبەردا ئێران بە ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بارەگا سەربازیی و ھەواڵگرییەکانی ئیسرائیلی کردە ئامانج.

ھەر لە ٢٢ی حوەزیرانی ساڵی ٢٠٢٥، سوپای ئەمریکا ھێرشی کردە سەر ژمارەیەک دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران و لە بەرامبەردا ئێرانیش بنکەی عەدید لە قەتەر کە ھێزەکانی تیایدا جێگیرکراون، بۆردومان کرد.

دواتر لە ٢٤ی حوەزیرانی ساڵی ٢٠٢٥، ئەمریکا ڕێککەوتنی ئاگربەستی لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا راگەیاند.

هه‌روه‌ها وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی لە کۆنفرانسێکدا کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوە سیاسی و نێودەوڵەتیی وڵاتەکەیەوە لە تاران بەڕێوەچوو، گوتی: "ئێمە متمانەمان بە ئەمریکا نییە و ئەگەری ئەوە ھەیە پەنا بۆ فێڵی دیکە ببەن و ھێشتا ئەنجامی دانوستانەکانیش نادیارە".

ڕاشیگەیاند: "ئەوان (ئەمریکا)، ھەموو شتێکیان تاقیکردەوە و شکستیان ھێنا، بەڵام ئێستا گەڕاونەتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕوون نییە دانوستانەکانی بەرەو کوێ دەچن".

جەختی لەوەشکردەوە کە ئێران بە کۆتاییھێنان بە پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕازی نابێت و گوتی: "ئامادەین نیگەرانییەکان لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەمان بڕەوێنینەوە، ھەروەھا‌ ئامادەین لە ڕێگای کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە وەڵامی ھەر پرسیارێک بدەینەوە کە لەوبارەیەوە ئاراستەمان بکرێت".

ڕۆژی ھەینی ڕابردوو لە مەسقەت پایتەختی عومان، دانوستان لەنێوان تاران و واشنتۆن له‌باره‌ي دۆسيه‌ي ئه‌تۆمي ئێران ئەنجامدرا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın