ئێران: "زۆرینەی پێشنیازەکانی ئەمریکا داواکاری زۆر گەورە و نالۆژیکی لەخۆ دەگرێت"
İran
تاران - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقائی دەربارەی ئەو پێشنیازە ١٥ خاڵییەی ئەمریکا پێشکەشی کردووە ڕایگەیاند: "زۆرینەی ئەو پێشنیازەی لەلایەن ئەمریکاوە نێردراوە داواکاری زۆر گەورە، ناڕاستەقینە و نالۆژیکی لەخۆ دەگرێت".
لە میانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا لە تارانی پایتەخت، بەقائی باسی لە پرسەکانی ڕۆژەڤ کرد.
بەقائی ئاماژەی بەوە کرد بەرپرسانی ئەمریکا بەردەوام هەڵوێست دەگۆڕن و لێدوانی ناڕوونیان هەیە، سەبارەت بە پێشنیازە ١٥ خاڵییەکەی ئەمریکاش گوتی: "زۆرینەی ئەو پێشنیازەی لەلایەن ئەمریکاوە نێردراوە داواکاری زۆر گەورە، ناڕاستەقینە و نالۆژیکی لەخۆ دەگرێت".
سەبارەت بەو کۆبوونەوانەی پاکستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئەنجامی دەدات، بەقائی ڕایگەیاند: "بێگومان هەوڵەکانی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ دەربارەی ئاشتیی و ئاسایش جێگەی ستایشە، بەڵام ئەو گفتوگۆیانەی پاکستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئەنجامی دەدات، لە چوارچێوەی پلانی خۆیاندایە و ئێمە نەبووینەتە بەشێک لەو چوارچێوەیە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەقائی، ئاماژەی بەوە کرد ئەو دەسپێشخەرییانەی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە پێناو ئاشتییدا دەیانکات، نیشانی دەدات پەرۆشی ئاشتیی و ئاسایشن و، گوتی: "پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵ تورکیا هەیە. بەرپرسانی ئێران و تورکیا بەردەوام لە پەیوەندیدان. نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ ئێران و ئیدانەکردنی هێرشەکان، هەم لە ئاستی فەڕمی و هەمیش لەلایەن گەلەوە، جێگەی ستایشە. بەرپرسانی تورکیا هەمیشە ئەوەیان خستووەتەڕوو کە تاوانی جینۆسایدی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە و ئەو تاوانانەی بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە ئەنجامیان دەدات، کێشەیە بۆ ئاسایشی ناوچەکە".
هاوکات بەقائی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێگەدان بە بەکارهێنانی خاکی وڵاتان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دیکە پێشێل کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ئەوەیشی خستەڕوو کە تەنیا ڕاگەیاندنی ئەوەی 'بەشێک نین لە جەنگ" لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بەس نییە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
