جيهان

ئایدن مەعروف: "پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون دەکەین"

- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، هاوکات ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف: "وەکو پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون دەکەین، چونکە ئەو چەکدارانە هەڕەشەیان بۆ سەر تورکیا دروستکردووە".

Ekip  | 23.01.2018 - نوێکردنەوە : 24.01.2018
ئایدن مەعروف: "پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون دەکەین"

Arbil

هەولێر - AA

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، هاوکات ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف رایگەیاند، ئەوەی لە عەفرین دەگوزەرێت ئۆپەراسیۆنێکی دژ بە گرووپە چەکدارەکانە نەوەک خەڵکی سڤیل، ئاماژەیش بەوە دەکات کە چەند لایەنێک لە پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبوونەوەیەکی نائاساییان کردووە بۆ ئەم مەبەستە.

ئایدن مەعروف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە راستیدا ئەمە بابەتێکی گرنگە و پێشووتریش باسکراوە کە ئەو گرووپانەی ناو خاکی سووریا کە لە نزیک سنووری تورکیان، دیارە مەترسییان بۆ سەر رەوشی ئەمنیی تورکیا دروستکردووە و تورکیاش مافی خۆی بەکارهێناوە کە ئۆپەراسیۆنێک بەناوی لقی زەیتون، دەست پێ بکات دژ بە چەکداران لەو ناوچەیە".

ئایدن مەعروف گوتیشی: "دەبێت ئەوە روون بکەینەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە دژ بە خەڵکی سڤیل و کورد لە ناوچەکە نییە، بەڵکو دژ بەو چەکدارانەیە کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا، بۆیە ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لەو ئۆپەراسیۆنە دەکەین، چونکە ئەو چەکدارانە هەڕەشەیان دروستکردووە بۆ سەر تورکیا".

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف ئاماژە بەوەش دەکات کە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون، هەندێک لایەن لە پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبوونەوی نائاساییان کردووە لەسەر ئەم بابەتە و راشیدەگەیەنێت کە پێویستە رەچاوی پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا بکرێت و گوتی: "هەندێک لایەن داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان کردووە بۆ رەوشی عەفرین، ئێمە پێمانوایە کە ئەمە شتێکی ئاساییە، بەڵام دەبێت رەچاوی پەیوەندییەکانی هەریم و تورکیا بکرێت و نابیت ئێمە ببینە بەشێک لەم شەڕە و دەبێت زیاتر پاڵپشتی پەیوەندییەکانی خۆمان و تورکیا بکەین". 

سەبارەت بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێک دژ بە چەکدارانی پەکەکە لە شنگال کە پێشتر وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغلو لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا باسیکردبوو، ئایدن مەعروف گوتی: "چەکدارانی پەکەکە کاریگەری خراپیان لە عێراق سووریا و هەرێمی کوردستان دروستکردووە و لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بە گرووپێکی تیرۆریست ناسێنراون. ئەوانە دەیانەوێت سەقامگیری ئەو ناوچانە تێکبدەن و هەبوونی ئەو هێزانە لە شنگال کاریگەری خراپ دروست دەکات لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن