تەندروستی

بەرزبوونەوەی نرخی دەمامک لە شارەکانی هەرێم

دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین نرخی ماسک لە وڵاتە و بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبوو لە بەرزبوونەوەی نرخی ماسک و بەم هۆیەوەش ژمارەیەک شوێنی فرۆشتنی پێداویستی پزیشکی داخران.

Heman Hussein Yaseen  | 25.02.2020 - نوێکردنەوە : 28.02.2020
بەرزبوونەوەی نرخی دەمامک لە شارەکانی هەرێم

Arbil

هەولێر - AA

دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین نرخی ماسک لە وڵاتە و بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبوو لە بەرزبوونەوەی نرخی ماسک و بەم هۆیەوەش ژمارەیەک شوێنی فرۆشتنی پێداویستی پزیشکی بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی ماسک لەلایەن قایمقامیەتی ناوەندی قەزای هەولێرەوە داخران.

لەبارەی جۆری ماسک و شوێنی دروستکردنیان فرۆشیاری پێداویستی تەندروستی، عەبدولباست محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماسک چەند جۆرێکی هەیە، جۆری لاستیکی هەیە لە پشت سەرەوە دەبەسترێت بۆ خۆپارستن بەکاردێت بۆ نموونە کەسێک دەپژمێت، کاریگەری لەسەر تەندروستی هەیە، یان شوێنێک زۆر جەنجاڵ و قەرەباڵغ بێت لەو شوێنانە باشترە ماسک ببەسترێت، بەڵام کەسێک لەسەر شەقام دەڕوات و هیچ جەنجاڵییەک نییە ئەوا بەپێچەوانەوە خراپترە، یان کەسێک بەردەوام ماسک بەکاردەهێنێت کاریگەری خراپی هەیە لەسەر لاوازبوونی هێزی بەرگری لەش".

عەبدولباست محەمەد گوتیشی: "ئەو جۆرەی فلتەرە زیاتر بۆ تۆز و خۆڵ بەکاردێت، یان هەندێک نەخۆشی وەک مێکوتە و سۆرێژە یان ئەوانەی پیشەیان دارتاشییە، هەموو ئەوانەش لە وڵاتی چین، تورکیا و ئێرانەوە دێن، بەڵام ئێستا ئێران و چین بۆخۆیان رووبەڕووی ئەو ڤایرۆسە بوونەتەوە بۆیەش ماسک کەم بووە و خواستی زۆری لەسەرە".

ئەو پێی وایە ە ماسکی پزیشکی باشترین جۆریەتی بۆ خۆپارێزی و گوتی: "باشترە خەڵک بۆ خۆپارێزی ئەو ماسکە ببەستن کە پزیشکەکان لە ژووری نەشتەرگەری بەکاری دەهێنن، ئەوەش لە هەموو حاڵەتێکدا نا، بەڵکو لەو شوێنانەی کە زۆر قەرەباڵغن وەک بەندیخانەکان و رۆژانی هەینیش لە مزگەوتەکان".

فرۆشیارێکی دیکەی پێداویستی تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بازرگانەکان هۆکاری گرانبوونی نرخی ماسکەکانن.

فرۆشیاری پێداویستی تەندروستی، کاروان محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماسکی بە فلتەر هەیە بۆ خۆڵ و تۆز پێشتر ئەو نەخۆشانەی کە زەرعی گورچیلەیان دەکرد بەکاریان دەهێنا، جۆری دووەم سورجیکەڵ ماسک، ئەوانەی ناو ژووری نەشتەرگەری بەکاری دەهێنن، یان ئەوانەی دەواجنەکان".

لەبارەی نرخەکانیشەوە، کاروان محەمەد گوتی: "پێشتر دانەی بە هەزار دینار دەفرۆشرا، بەڵام دوای ئەو ڤایرۆسە نرخی ماسکەکانیش گرانبوون، چەند رۆژێک پێش ئێستا لیژنەکانی قایمقامیەت چەند شوێنێکی داخست و شوێنەکەی ئێمەش داخرا".

لەبارەی داخستنی شوێنەکەشیان، کاروان محەمد گوتی: "جاران یەک ماسک بە ٥٠ سەنت بوو، ئیستا بازرگانان بە ٧ دۆلار دەیدەن بە ئێمە، قایمقامیەت بۆخۆی دەزانێت بازرگانەکە کێیە و پێویستە لێپێچینەوە لە بازرگانەکە بکرێت".

دوای داخستنی شوێنەکەش، ئێستا شوێنەکە کراوەیە و ناوبراو دەڵێت یەک ملیۆن دینار سزای وەکو سەرپێچییەی لێ وەرگیراوە و گوتیشی: "دوای رێکارەکانیش، بڕی یەک ملیۆن دینار سزا دراوین بۆیە ئێستا ئەگەر موشتەری بێت، پێی دەڵیم ماسک نافرۆشم، چونکە من بەگران کڕیوومە و ناشتوانم بە گران بیفرۆشەوە".

فرۆشیارێکی دیکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بازرگانان نرخی یەک ماسکیان لە ٦٥ سەنتەوە کردووەتە ٧ دۆلار و لەمبارەیەوە رۆستەم محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماسک جۆری هەیە، یەکێکیان تایبەتە بە نەشتەرگەری، ماسکی فلتەردار ئەوانە بەکارینان دەهێنا کە کاری بۆیاغچییایەتیان دەکرد و هەمووشیان ماوەی بەکارهێنانیان کەمە، بەڵام ئەوەی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاربێت، ماسکی ئاساییە".

رۆستەم محەمەد گوتیشی: "جگە لەو دوو جۆرە، جۆرێکی دیکەی هەیە کە ئەستوورترە و ئەمە بۆ خۆپارستن لە خۆڵ و خاشاک بەکاردێت، هەموو ئەوانەش لە وڵاتی چینەوە هاوردە دەکرێت، هەرچەندە ئەوەی ئێستا لەناوخۆدا هەیە پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک خواستی زۆری لەسەرە".

سەبارەت بە گرانبوونی نرخی ماسکەکانیش رۆستەم محەمەد گوتی: "لە وڵاتی چین داوامان لێکراوە کە ماسکەکانیان بۆ هەناردە بکەینەوە، چونکە لەوێ کەم بووە، لەلایەکی دیکەوەش هەم خواستی زۆری لەسەرە و هەم لەلایەن بازرگانانەوە قۆرخکراوە بە جۆرێک نرخی یەک ماسک لە ٦٥ سەنتەوە بووەتە ٧ دۆلار، بێگومان هۆکارەکەیشی چاودێرینەکردنی حکوومەتە".

لە چەند رۆژی رابردوو، لیژنەکانی قایمقامییەتی ناوەندی قەزای هەولێر چەند پشکنینیان بۆ چەند شوێنێک کرد و چەند شوێنێکیان داخست، لەمبارەیەوە رۆستەم محەمەد گوتی: "لەم چەند رۆژە لیژنەی قایمقامیەتی ناوەندی قەزای هەولێر، پشکنینیان بۆ چەند شوێنێک کرد و سەردانی ئێمەشیان کرد، تەنها شوێنەکەی من و شوێنەکەی تەنیشتم دانەخران، ژمارەیەکی زۆر لە شوێنەکان بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی ماسکەوە داخران".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın