
Arbil
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٣ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و یهك حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە و، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ١٠٦ ھەزار و ٨٧٠ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە سێ ھەزار و ٤٩٦ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە کە تیاییدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەمیانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی سێ ھەزار و ٨٨٣ پشکنین، ٥٣ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، ھاوکات لەو ژمارەیەش یهك کەس بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لهدهستداوه.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
لە ھەریەک لە پارێزگاکانی ھەولێر، نۆ حاڵەت، سلێمانی سێ حاڵەت، دھۆک ٣٧ حاڵەت و، ئیدارەی گەرمیانیش چوار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و یهك حاڵهتی گیانلهدهستانیش له پارێزگای دهۆك تۆمار كراوه.
لە بەشێکی راگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٩٤ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە و، گەڕاونەتەوە نێو خێزانەکانییان.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٠٦ ھەزار و ٨٧٠ تووشبوو، لەنێویاندا سێ ھەزار و ٤٩٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە ھاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ و دانانی ماسک و دەستکێش، ھەروەھا لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن