تەندروستی

کەڵەشاخ و شێوازەکانی

مەلا عەلی تاهیر: "لە رووی تەندروستیشەوە، ئەو خوێنەی پیس بووە، لە بەشی سەرەوەی پشت کۆ دەبێتەوە، ئەو خوێنە جیاوازە لەو خوێنەی کە لە دەمارەکان وەردەگیرێت، چونکە خوێنی دەمارەکان خوێنێکی سروشتییە و ئەوەی لە پشت کۆدەبێتەوە خوێنێکی ناسرووشتییە".

Hemin Hüseyin  | 14.05.2017 - نوێکردنەوە : 15.05.2017
کەڵەشاخ و شێوازەکانی

Arbil

هەولێر-AA

لە کۆنەوە بەشێک لە پسپۆڕ و شارەزایانی بواری کەڵەشاخ ئاماژە بەوە دەکەن کە خوێنی پیس لە لەشی مرۆڤ لە چەند شوێنێکی دیاریکراودا کۆدەبێتەوە ئەویش بریتییە لە بەشی سەرەوەی پشت و بە دەرهێنانی ئەو خوێنە مولوولەکانی خوێن دەکرێنەوە و سووڕی خوێن چالاکتر دەبێت.

کەڵەشاخ دوو جۆری هەیە، یەکەمیان کەڵەشاخی وشک و دووەمیان کەڵەشاخی تەڕ.

کەڵەشاخی وشک بریتییە لەوەی تەنها کاسەی خوێن وەرگرەکە لەسەر شوێنێکی پشت دادەنرێت و تەنیا هەوای ناو کاسەکە هەڵدەمژرێت و هیچ شوێنێکی پشت بریندار ناکرێت. بەڵام کەڵەشاخی تەڕ بریتییە لەوەی کە کاسەی خوێن وەرگرەکە لەسەر شوێنێکی پشت دادەنرێت و هەوای ناو کاسەکە هەڵدەمژرێت پاشان چەند شوێنێکی کەم لە پشت بریندار دەکرێت و دووبارە کاسەکە دادەندرێتەوە و بەمەش دوای چەند خولەکێک بەشێک لە خوێنە پیسەکە دەڕژێتە ناو کاسەکە و ئەو کردارەش وەک پسپۆڕان باسی دەکەن، پێویستە هەموو کەسێک ساڵی جارێک ئەنجامی بدات.

مامۆستایەکی ئایینی کە ماوەی چواردە ساڵە ئەم کارە ئەنجام دەدات، وەک خۆی دەڵێت تا ئێستا نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەڵەشاخی بۆ خەڵک ئەنجامداوە و ئاماژە بە سوودەکانی ئەو کردارە دەکات و وەکو پێویستییەکی ساڵانە.

لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر، مامۆستای ئایینی، مەلا عەلی تاهیر کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە و توێژینەوەی ماستەرەکەی بە ناونیشانی "کەڵەشاخی نموونەیی لە نێوان پزیشکی نەبەوی و پزیشکی سەردەم" بووە، لەکاتە گونجاوەکاندا بە بێ بەرامبەر کەڵەشاخ بۆ خەڵک ئەنجام دەدات.

مەلا عەلی تاهیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کەڵەشاخ لە رووی شەرعییەوە سوونەتە و پێغەمبەر (د.خ) ئامۆژگاری موسوڵمانانی کردووە کە ئەنجامی بدەن و ٢٧ فەرموودەی لەسەرە، هەروەها کاتێک پێغەمبەر (د.خ) چووتە ئیسرا و میعراج ئەوا لەوێ لە ئاسمان باسی کەڵەشاخ کراوە".

مەلا عەلی گوتیشی: "لە رووی تەندروستیشەوە، ئەو خوێنەی ناچالاک و پیس بووە، لە بەشی سەرەوەی پشت کۆ دەبێتەوە، ئەو خوێنە جیاوازە لەو خوێنەی کە لە دەمارەکان وەردەگیرێت، چونکە خوێنی دەمارەکان خوێنێکی سروشتییە و ئەوەی لە پشت کۆدەبێتەوە خوێنێکی ناسرووشتییە".

ئەو مامۆستا و شارەزاییەی بواری کەڵەشاخ ئاماژەی بە کاتەکانی ئەنجامدانی ئەو کردارە کرد و گوتی: "ماوەی ١٤ ساڵە ئەو کارە دەکەم و تاوەکو ئێستا نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەڵەشاخم بۆ خەڵک کردووە و ئەمەش کاتی خۆی هەیە کە باشتر وایە لە مانگەکانی ئادار و نیسان و ئایار ئەنجام بدرێت، ئەوانیش لە هەر مانگێک دەبێت تەنها لە ماوەی ١٠ رۆژ ئەنجامی بدەین ئەوانیش لە ١٧ی هیجری دەست پێدەکات تا ٢٧ی هیجری، بەڵام ئەو رۆژانەی کە فەرموودەی پێغەمبەری لەسەرە بریتییە لە ١٧ و ١٩ و ٢١ی مانگی هیجری".

لەبارەی هۆکاری کاتەکە و دیاریکردنی ئەو چەند رۆژە کە کارەکەی تێدا ئەنجام بدرێت، مەلا عەلی تاهیر گوتی: "ئەمە حاڵەتێکی فەلەکناسییە و لەو چەند رۆژەدا مانگ پڕ نییە چونکە ئێمە سەیر دەکەین کاتێک مانگ پڕ دەبێت لە شەودا، ئەوا شەپۆڵی دەریاکان جووڵەیان زیاترە و لە رۆژدا کەمتر شەپۆڵ دەدەن، بە هەمان شێوە لەم چەند رۆژەدا سووڕی خوێن لە جەستەی مرۆڤ کەمتر چالاک دەبێت لەبەرەبەیان و هەر بۆ ئەوەشە کە رێنمایی دەدەین بۆ ئەو کەسانەی کەڵەشاخ بۆخۆیان ئەنجام دەدەن ئەوا باشتر هیچ خواردن و خواردنەوەیەک نەخۆن بۆ ئەوەی سووڕی خوێن چالاک نەبێت و بتوانرێت خوێنە پیسەکە بێتە دەرەوە".

سەبارەت بە شێوازەکانی کەڵەشاخ، مەلا عەلی تاهیر گوتی: "دوو شیواز بۆ کەڵەشاخ هەیە، یەکەمیان ئەوەی ئێستا ئەنجامی دەدەین بە رێگای کاسە و ئاگر، ئەوەی دووەمیان بە رێگای پەمپ ئەنجام دەدرێت کە ئێمە رێگای یەکەممان پێ تەندروستترە و چونکە بە رێگای یەکەم کاتێک ئاگر دەخەیتە ناو کاسەکە ئەوا یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن دروست دەکات و بەم جۆرەش هیچ بەکتریایەک ناتوانێت بچێتە ژوورەوە بەڵام ئەوەی دووەم کە بە رێگای پەمپ ئەنجام دەدرێت ناتوانێت رێگا لە بەکتریا و ڤایرۆس بگرێت".

قسە زۆرە لەبارەی ئەوەی ئایا لەدوای ئەنجامدانی کەڵەشاخ نابێت هەموو جۆرە خواردنێک بخورێت و لەمبارەیەوە مەلا عەلی تاهیر گوتی: "دوای کەڵەشاخ بۆماوەی دوو رۆژ نابێت بەرووبوومەکانی شیرەمەنی وەکو ماست و پەنیر و شیر بخورێت و باشترە راستەوخۆ دوای ئەنجامدانی ئەو کردارە، خورما بخورێت".

یەکێک لەو چەند کەسەی کە بە مەبەستی ئەنجامدانی کەڵەشاخ لە هۆڵی مزگەوتەکە دانیشتبوو، ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەی ١٠ ساڵ دەبێت هەموو ساڵێک ئەو کارە ئەنجام دەدات و وەک خۆی دەیڵێت سوودی لێ بینیووە و توانیوویەتی لە نەخۆشی بیپارێزێت.

هاووڵاتییەک بەناوی حاجی موئەیەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی دە ساڵ دەبێت کەڵەشاخ بۆخۆم دەکەم و ئەو کات نەخۆش بووم و جەڵتەی مێشک لێیدابووم و دوای ئەوەی کەڵەشاخم ئەنجامدا بۆ رۆژی دواتر دەستەکانم کەوتنەوە کارکردن و ئێستاش ماوەی دە ساڵ دەبێت ساڵانە کەڵەشاخ ئەنجام دەدەم و سوودێکی زۆرم لێی بینیووە".

کەڵەشاخ یان حیجامە بە شێوەیەکی گشتی لە ناوچەی پشت ئەنجام دەدرێت و بەم دواییەش ئەم کردارە لە ناوچەکانی ئەورووپا بە زەقی هەستی پێدەکرا کە خەڵکی ئەورووپی بە مەبەستی باشتربوونی تەندروستییان ئەنجامی دەدەن و ساڵانەش لەکاتە دیاریکراوەکاندا لەلای موسوڵمانان ئەنجام دەدرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın