تەندروستی

ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو.. ئەنجامی پێنج حاڵەتە گوماناوییەکەی هەولێر پۆزەتیڤ دەرچوو

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، دلۆڤان محەمەد فاتح: "ئەنجامەکانی پێنج حاڵەتە گوماناوییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی گۆڕاو، پۆزەتیڤ دەرچوون".

Heman Hussein Yaseen  | 21.02.2021 - نوێکردنەوە : 22.02.2021
ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو.. ئەنجامی پێنج حاڵەتە گوماناوییەکەی هەولێر پۆزەتیڤ دەرچوو

Arbil

هه‌ولێر - AA


بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، دلۆڤان محەمەد ھۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکە و رایگەیاند کە ئەنجامی پێنج حاڵەتە گوماناوییەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو پۆزەتیڤ دەرچوون.

دلۆڤان محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: ''پێشبینی دەکەین ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەرزببێتەوە، چونکە پێشتر رۆژانە ١٠ تا ١٥ تووشبوومان ھەبوو، بەڵام ئێستا رۆژانە نزیکەی ٥٠ حاڵەتی کۆڤید-١٩ تۆمار دەکرێت''.

دلۆڤان محەمەد لەبارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو گوتی: ''ئەوانەی تووشی کۆڤید-١٩ دەبن، جارێکی دیکە پشکنینیان بۆ دەکرێت، ھەروەک ئەوەی کە لە دوو رۆژی رابردوودا، پێنج حاڵەتی گوماناوی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو هەبوو دوای پشکنینی ورد، دەرکەوت ئەو پێنج حاڵەتە کۆڤید-٢٠ن و حاڵەتەکان لەناو شاری ھەولێرن".

دلۆڤان محەمەد گوتیشی: "ئەو پێنج کەسەی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو بوون تەمەنیان لەنێوان ٢٠ تا ٤٠ ساڵدایە لە ھەردوو رەگەزی نێر و مێن. ئەو ڤایرۆسەش (ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو) لەوەی پێش خۆی خێڕاتر بڵاودەبێتەوە''.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر ئاماژەی بە کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو کرد و گوتی: ''لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، خۆشخانەیەکی تایبەت بە چاودێری چڕ دەکرێتەوە کە ٤٠ قەرەوێڵە لە خۆی دەگرێت".

دلۆڤان محەمەد راشیگەیاند "داواکارین لە ھاووڵاتییان رێکارەکانی خۆپارێزی فەرامۆش نەکەن و پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە''. 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر لەبارەی پرۆسەی خوێندن گوتی: ''چاودێری وردی تەندروستیی قوتابخانەکان دەکەین، بەردەوام پشکنین ئەنجام دەدرێت و قوتابخانەی سنووری بنکە تەندروستییەکان بەردەوام لەو بنکانە پشکنین ئەنجام دەدەن، ئەگەر ئەو ژمارەیەی ھەیە بەرزتر نەبێتەوە لە تووشبوونی رۆژانەی ھاووڵاتییان بە ڤایرۆسەکە، ئەوا رێکارەکانمان وەک خۆیان دەمێننەوە و بەردەوام دەبین لە چاودێریکردن، چارەسەرکردن و ھاندانی ھاووڵاتییان بۆ خۆپارێزی''.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın