وەزارەتی تەندروستی: "هیچ حالەتێکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان نییە"
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆی بوونی حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رەت دەکاتەوە.

Arbil
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆی بوونی حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رەت دەکاتەوە.
لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "بەداخەوە لەلایەن پەیجێک لە سۆشیاڵ میدیا، هەواڵێک بەناوی وەزیری تەندروستییەوە شێوێنراوە و بڵاوکراوەتەوە گوایە ژمارەیەک توشبوو بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەڕاونەتەوە".
گوتەبێژ به ناوی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، محەمەد قادر، رایگەیاندووە، تەواوی ئەو هەواڵە رەتدەکەنەوە و دوورە لە ڕاستی و هیچ حاڵەتێکی ئەم نەخۆشیە لە هەرێمی کوردستان نییە.
محەمەد قادر ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کە لە وڵاتی چین گەڕاونەتەوە هەموویان تەندروستیان زۆر باشە و پشکنین و بەدواداچوونی تەواویان بۆ کراوە.
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان کە هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان نییە و هەموو رێکارێکی خۆپارێزی دەگیرێتە بەر بۆ ڕێگەگرتن لەم نەخۆشیە.
جێی ئاماژەیە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە هەواڵێک بەناوی وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی بڵاوکرابوویەوە بەوەی ناوبراو رایگەیاندووە کە تا ئێستا ٥٦ حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی تۆمارکراون کە ٣٨یان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ١٦یان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بووە و سەرجەمیان گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکانیان.