وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان و یۆنامی یاداشتنامەیەکیان واژوو کرد
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان و یۆنامی یاداشتنامەیەکیان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کارمەندانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کە تووشی کۆرۆنا بوون، واژوو کرد.

Arbil
هەولێر - AA
بەمەبەستی چارەسەرکردنی کارمەندانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای تووشبوانیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (UNAMI)، یاداشتنامەیەکیان واژوو کرد.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، دلۆڤان محەمەد جەلال فاتیح گوتی: "دوای ئەوەی ئەم ڤایرۆسە و پەتایە سەرانسەری جیھانی گرتووەتەوە و ھەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن و ئەوانەی نیشانەکانیان توندە پێویستە سەردانی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن".
دلۆڤان محەمەد جەلال فاتیح گوتیشی: "ئەم یاداشتنامەیە تایبەتە بە دابینکردنی چارەسەری پێویست بۆ کارمەندانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کە دوای ئەوەی پشکنینیان بۆ دەکرێت و دواتر لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی کۆرۆنا چارەسەر وەردەگرن بەتایبەت نەخۆشخانەی ئیماراتی و ئەوانەیشی کە پێویستیان بە چاودێری چڕ ھەبێت ئەوا دەیانگوازینەوە بۆ شوێنی تایبەت و خۆشحاڵین کە یۆنامی پارێزگاری ھەولێری بۆ تووشبووەکانی هەڵبژاردووە".
سەرۆکی نووسینگەی یونامی لە هەولێر، ریکاردۆ ریدرێگز سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی کرد بۆ ھەوڵەکانیان لە رێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێشکەشکردنی خزمەتگورزاریی تەندروستی و گوتی: "ئێمە متمانەمان بە دامەزراوە تەندروستییەکانی ھەرێمی کوردستان بەگشتی و ھەولێر بەتایبەتی ھەیە، بۆیە لەگەڵیان رێکدەکەوین بۆ چارەسەرکردنی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی عێراق".
دواتر وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: "ئەم یاداشتنامەیە نیشانەی بەھێزی ئەو متمانەیەیە کە رێکخراوە جیھانییەکان بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی لە ھەرێمی کوردستانیان ھەیانە و ماوەی ھەشت مانگە تیمە تەندروستییەکانی ھەرێمی کوردستان بەوپەڕی ماندووبوونەوە بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبنەوە و بەردەوامیش پڕۆتۆکۆڵی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان تازە دەکرێتەوە".