هەرێمی کوردستان.. ٢٠٢ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان: "لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٠٢ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٣٢ کەس چاکبوونەتەوە، یەک کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستداوە".

Arbil
هەولێر AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٠٢ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە، زۆرترین ژمارەیان لە هەولێر بووە بە ١١٤ کەس، ٤٢ لە دهۆک، ٣٦ لە سلێمانی، چوار لە گەرمیان، پێنج لە راپەڕین و کەسێکیش لە هەڵەبجە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٣٢ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، ٣٥ لە دهۆک، ٤٢ لە سلێمانی، ٥١ لە هەولێر و چوار لە گەرمیان.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، یەک کەس لە گەرمیان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، یەک ملیۆن و ٢٠٨ هەزار و ٢٦٦ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا، ١٠٩ هەزار و ٧٨٩ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە.
لەو ژمارەیەش تا ئێستا، ١٠٤ هەزار و ٥٠ کەسیان چاکبوونەتەوە و دوو هەزار و ٢١٣ کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.
تا ئێستاش سێ هەزار و ٥٢٦ کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.