
Arbil
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی ٢٩ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی لە پارێزگای هەولێر راگەیاند.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان و تووشبووان، ٢٩ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە شاری ھەولێر دەستنیشانکران.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تووشبووەکان پێنج پیاو، نۆ ئافرەت، سێ کچی گەنج و ١٢ منداڵن.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە دوو لە تووشبووەکان نیشانەی نەخۆشییەکەیان ھەیە و تووشبووەکانی دیکە بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون.
ئاماژە بەوەشدراوە کە ھەر ٢٩ تووشبووەکە دانیشتووی ناو شاری هەولێرن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە ٣٣٣ تووشبوو، لەنێویاندا سێ گیان لەدەستدان هەبووە و ٢٣٣ نەخۆشیش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەتەوە و لە ئێستادا ٩٧ نەخۆش لە نەخۆشخانەکان لەژێر چاودێری پزیشکییدان.