تەندروستی, عێراق

مەسرور بارزانی: "جینۆسایدکردنی بارزانییەکان سەرەتایەک بوو بۆ جینۆسایدێکی فراوانتری گەلی کوردستان"

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی: "جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، شاڵاوێکی رەگەزپەرستانە بوو بۆ لەناوبردنی ناسنامە و سڕینەوەی میللەتێکی مافزەوتکراو".

Sarmand Hameed  | 30.07.2020 - نوێکردنەوە : 03.08.2020
مەسرور بارزانی: "جینۆسایدکردنی بارزانییەکان سەرەتایەک بوو بۆ جینۆسایدێکی فراوانتری گەلی کوردستان"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور رایگەیاند، جینۆسایدکردنی بارزانییەکان سەرەتایەک بوو بۆ جینۆسایدێکی فراوانتری گەلی کوردستان هاوکات شاڵاوێکی رەگەزپەرستانە بوو بۆ لەناوبردنی ناسنامە و سڕینەوەی میللەتێکی مافزەوتکراو.

مەسرور بارزانی بەبۆنەی ٣٧هەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە. 

لە پەیامەکەی مەسرور بارزانی ھاتووە: "ئەمڕۆ ٣٧ هەمین ساڵیادی یەکێک لە مەزنترین تاوانەکانە کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجامدرا کە جینۆسایدکردنی بارزانییەکانە. ئەو تاوانە گەورەیەی تیایدا هەشت هەزار مرۆڤی بێتاوان، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بوون، لە لایەن رژێمی بەعسەوە زیندەبەچاڵکران". 

مەسرور بارزانی رایگەیاندووە "جینۆسایدکردنی بارزانییەکان سەرەتایەک بوو بۆ جینۆسایدێکی فراوانتری گەلی کوردستان، کە بە چەند قۆناغێکی جیاواز ، رژێمی بەعس، لە ژێر ناوی ئەنفالدا، ھەزاران ھاونیشتمانیی بێتاوانی کوردستانی بە ژن و پیاو و گەورە و بچووکەوە، بەرەو بیابانەکانی عێراق گواستەوە و دواتر بە دڕندانەترین شێوە زیندەبەچاڵی کردن". 

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، شاڵاوێکی رەگەزپەرستانە بوو بۆ لەناوبردنی ناسنامە و سڕینەوەی میللەتێکی مافزەوتکراو. و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە ئەگەر خۆڕاگری و بەردەوا‌مبونی گەلی کوردستان لە شۆڕش و داکۆکیکردن لە خاک و نیشتمان نەبووایە، ناسنامە و مانەوەی گەلی کوردستان، رووبەڕووی مەترسی گەورەتر دەبووەوە. 

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت: "لەم بۆنە خەمناکەدا، پابەندبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە پێی توانا دووپات دەکەینەوە. لە ھەمانکاتدا لەگەڵ حکوومەتی عیراق لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و پێداگیریی دەکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری ئەنفالکراوانی کوردستان". 

لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ھاتووە "سەری رێز و نەوازش بۆ قوربانییانی شاڵاوی جینۆسایدی بارزانییەکان و سەرجەم ئەنفالکراوان و شەھیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان دادەنەوێنم". 

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın