قەدەغەی ھاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان ١٠ رۆژ درێژکرایەوە
وهزیری ناوخۆی ههرێمی كوردستان، رێبهر ئهحمهد: ''ھەنگاوی پێویستمان گرتەبەر بە سنووردارکردنی ھاتوچۆ کە ئەویش تا یەکی نیسان بەردەوام بوو، ئهمڕۆش ئەم بڕیارە درێژدەکرێتەوە تا ١٠ی نیسان و جووڵەی بازرگانی بە ھەمان میکانیزمی پشتر بەردەوام دەبێت''.
Arbil
ههولێر - AA
بە بەمەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێکاری گرتووەبەر و لەم چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ دووشەممە، ماوەی ١٧ رۆژە قەدەغەی ھاتوچۆ راگەیاندراوە و ئەمڕۆش بۆ چوارەم جار بۆ ماوهی ١٠ رۆژ درێژکرایەوە.
له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانییدا، رێبهر ئهحمهد گوتی: ''سوپاسی ھاووڵاتییان دەکەین کە ماوەیەکی زۆرە بەھۆی پەتای کۆرۆنا لە ماڵەوە دانیشتوون و پابەندبوونە بە رێنماییەکان، وەک دەزانن ئەمشەو کاتژمێر ١٢ی شەو بابەتی قەدەغەی ھاتوچۆ کۆتایی پێ دێت، بۆیە پاش گفتوگۆمان لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی خۆیان بکەن و پێشنیازەکانی خۆیان بۆ ئێمە بنێرن و وەزارەتی تەندروستیش بە ھەمانشێوە، پاش وەرگرتنی رەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەکو سەرۆکی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیارماندا کە قەدەغەی ھاتوچۆ بۆ ماوەی ١٠ رۆژ درێژبکرێتەوە''.
رێبەر ئەحمەد گوتیشی: ''لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زوو ھەنگاوی پێویستمان گرتەبەر بە سنووردارکردنی ھاتوچۆ کە ئەویش تا یەکی نیسان بەردەوام بوو، ئەم بڕیارە بابەتی قەدەغەی ھاتوچۆ درێژدەکرێتەوە تا ١٠ی نیسان و جووڵەی بازرگانی بە ھەمان میکانیزمی پشتر بەردەوام دەبێت''.
لەبارەی ھاتوچۆی ھاووڵاتیانیشەوە، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: ''بەبێ رەزامەندی پشێوەختە کەس ناتوانێت بێتە ناو ھەرێمی کوردستان و ئێمە ناچارین بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ درێژبکەینەوە و لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییانە، ئێمە دەزانین کە داھات گرنگە بەڵام لە ھەمووی گرنگتر سەلامەتی ھاووڵاتییانە و بە بەرپرسیارییەتییەوە ئەو بڕیارەمان داومانە، ھیوادارین ھاووڵاتییان بەردەوام بن و لەماڵەکانییان بمێننەوە و داوامانکردووە لە ژووری ئۆپەراسیۆن لە پەیوەندیدابن لەگەڵ خەڵک و ئەوانەی پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە''.
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر بارودۆخ و بژێوی ھاووڵاتییان و راشیگەیاند کە سەلامەتی ھاووڵاتییان لە داھات گرنگترە و لەمبارەیەوە گوتی ''دەزانین بژێوی خەڵک تێکچووە، بەڵام گرنگتر سەلامەتی ھاووڵاتییانە''.
وەزیری ناوخۆ ھۆشداریدا لەبارەی ئەو کەسانەی بانگەشەی شکاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ دەکەن بە مەبەستی خۆپێشاندان و گوتی: ''ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن برژێنە سەر شەقام و قەدەغەی ھاتوچۆ بشکێنن، ئەمە ھەوڵێکە بۆ بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەم چوارچێوەیەشدا داواکاری گشتی بە ئەرکی خۆی ھەڵدەستێت و ئەم کەسانە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە''.
لەبەشێکی دیکەدا قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو کەسانەی رۆژانی پێش راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ لە گەشتبوونە لەناو شار و شارۆچکەکاندا، ئەوا ئاسانکارییان بۆ دەکرێت کە بگەڕێنەوە ماڵەکانییان و لەمبارەیەوە گوتی: ''ئاسانکاریمان کردووە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر کە ئەو خێزانانەی بە گەشت چوونەتە دەرەوەی شار و ئێستا رێگای گەڕانەوەیان لێگراوە و لەمبارەیەوە پارێزگاکان ئاسانکاریان بۆ دەکەن''.
سهبارهت بهو هاووڵاتییه بیانیانهی كه له ههرێمی كوردستان نیشتهجێن و دهیانهوێت بگهڕێنهوه وڵاتهكهیان، وهزیری ناوخۆی حكوومهتی ههرێمی كوردستان گوتی: ''ههر هاووڵاتییهك كه دهیهوێت بگهڕێتهوه وڵاتهكهی، ئهگهر كۆنسوڵخانهیان لێره ههبێت و ئهوا دهتوانن هاوكاریان بكهن ئهگهرنا، ئێمه ئامادهین بۆ ئهوهی بیانگهیهنینه سهر سنوورهكان و بگهرێنهوه وڵاتی خۆیان''.
وهزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دووپاتیشی كردهوه كه كۆگاكانی خۆراك پڕن له خۆراك و كهلوپهلی خواردهمهنی و جموجۆڵی بازرگانیش لهسهر سنوورهكان بهردهوامه و هیچ قهیرانێكی خۆراك دروست نابێت.
رۆژی ٢٦ی شوبات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی داخست و رۆژی یەکی ئاداریش، یەکەمین حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە شاری سلێمانی تۆمارکرا کە چوار کەس بوون و دوای ئەوەش رێکارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی ١٣ی ئادار، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا، چەند بڕیارێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و بەپێی بڕیارەکە لە کاتژمێر ١٢ـی شەو، بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، قەدەغەی ھاتوچۆی ناوشاری لە ھەولێر و سلێمانیی راگەیاند ، رۆژی ١٥ی ئادار، جارێکی دیکە وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی ھاتوچۆی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژکردەوە.
لە رۆژی ٢٢ی مانگ، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ جاری سێیەم قەدەغەی ھاتوچۆی تا یەکی نیسان درێژکردەوە و رۆژی دواتر بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد، سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و جگە لە قەدەغەی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل، ئەوا قەدەغەی ھاتوچۆی پیادەش راگەیاندرا.