توێژینەوەیەك: "شلیک رێگرە لە تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر"
توێژینەوەیەكی نوێی ئەمریكا: "خواردنی شلیک رێگر دەبێت لە تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر".
American Samoa
واشنتۆن ــ AA
توێژینەوەیەكی نوێی ئەمریكا ئەوەی دەرخستووە كە پێكهاتەیەكی سروشتی لە ناو شلیکدا هەیە كە یارمەتیدەرە بۆ رێگری لە تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر و نەخۆشییەكانی دەمار.
توێژینەوەكە لە لایەن ژمارەیەك توێژەر لە پەیمانگەی "Salk Institute for Biological Studies" لە ویلایەتی كالیفۆرنیا ئەنجام دراوە و ئەمڕۆ چوارشەممە دەرئەنجامەکانی بڵاوكراوەتەوە.
توێژەرەكان، توێژینەوەكەیان لەسەر ژمارەیەک مشك تاقیكردووەوتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان خواردنی شلیک و سوودەكانی بۆ نەخۆشییەكانی دەمار لە كاتی چوونە نێو تەمەنەوە ئاشكرا بكەن.
لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەدا، توێژەران بۆیان دەركەوتووە كە خواردنی شلیک رێگری دەكات لە تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر و نەخۆشییەكانی دیكەی دەمار چونكە شلیک پێكهاتەیەكی سروشتی تێدایە كە پێی دەگوترێت، فیسیتین (Fisetin).
ئەو توێژەرانە ئاماژەیان بەوەش داوە كە پێكهاتەی (فیسیتین) لەناو كۆمەڵێک میوە و سەوزەواتی دیكەشدا هەیە لەوانە سێو، ترێ، پیاز و خەیار.
هەر بە پێی ئەنجامی توێژینەوەكە ئەو پێكهاتەیە تایبەمەندی دژە ئۆكسانی هەیە و ئەمەش بە واتای كە ئەو پێكهاتەیە یارمەتیدەر دەبێت لە رێگری لە هەوكردن و لەناوبردنی خانەکان لە كاتی پیریدا.
لە راپۆرتێكدا كە پەیمانگەی پزیشكی دەروونی لە زانكۆی كینگیز كۆلێژ لە لەندەن بە هاوكاری لەگەڵ یەكێتی نێودەوڵەتی زەهایمەر لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤دا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە، ژمارەی ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشی زەهایمەر هاتوون لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا زیادی كردووە و گەیشتووەتە ٤٤ ملیۆن كەس.
هەر لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە درابوو كە ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشی زەهایمەر تا ساڵی ٢٠٥٠ زیاد دەكات و دەگاتە ١٣٥ ملیۆن كەس كە لەو ژمارەیە ١٦ ملیۆنیان لە وڵاتانی ئەورووپای رۆژئاوا دەبێت.