Arbil
هەولێر - AA هێمن حوسێن
لە کاتێکدا ئۆتیزم بووەتە حاڵەتێکی ناسراو و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەدا ھەیە، بەڵام ھێشتا تێنەگەیشتن و ناھۆشیاریی کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی کەسی توشبوو دروستکردووە و، ھەنگاوێکی یەکەمی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە دروستکردنی گفتوگۆی کراوە و گشتگیرە لە ناو کۆمەڵگادا بە جۆرێک ئەم گفتوگۆیانە خەجت لەسەر قبوڵکردن بکەنەوە نەک ترس و بەزەیی.
نەخۆشی ئۆتیزم بریتیە لە شێوان و ئاڵۆزیی یان تێکچوونی گەشە و فرمانی مێشک و کۆئەندامی دەمار کە بەشێوەیەکی کاریگەر کار دەکاتە سەر کردار، گوفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و حاڵەتەکەش دەتوانرێت لە سووکەوە بۆ توند دەستنیشان بکرێت.
لە ھەولێر یەک سەنتەری حکوومیی ھەیە کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەرپەرشتیی دەکات و، تێیدا ڕۆژانە لەلایەن ستافی سەنتەرەکەوە منداڵانی ئۆتیزم ڕاھێنانیان پێ دەکرێت بۆ باشترکردنی تواناکانی پەیوەندییکردن و سەرنجدان و ڕەفتار و توانا سەرەتاییەکانی ژیانییان و، بە گوتەی ستافەکە نیشانەکانی توشبوو بە ئۆتیزم لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، لەوانە شێوازی قسەکردن و بەرکەوتنی چاو، چالاکی زۆر و دواکەوتنی قسە کە ھەموو ئەوانە کاریگەرییان لەسەر ئاستی توشبووەکە بە نەخۆشی ئۆتیزم ھەیە.
لە سەنتەرەکەدا توشبووان لە کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی سوودمەند دەبن کە بۆ گەشەپێدانییان فەراھەم کراون، یەکێک لەوانە ھۆڵێکەکە تایبەتە بە فێرکردنی قسەکردن کە ڕاھێنەران لە نزیکەوە لەگەڵ منداڵان کاردەکەن بۆ باشترکردنی توانای پەیوەندیکردنیان، ھەروەھا منداڵان ھاندەدرێن بۆ دەربڕینی خۆیان و ناسینەوەی وشەکان و متمانەبەخۆبوون. ئەم بەشە گرنگترین بەشی سەنتەرەکەیە چونکە گەشەکردنی قسەکردن زۆرجار یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکان کە منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم ڕووبەڕووی دەبنەوە.
جگە لە چارەسەری قسەکردن، سەنتەرەکە ژوورێکی تاریکی بۆ پشوودان و شوێنێک بۆ چارەسەری سرووشتی و ھۆڵێکی وەرزشی لەخۆدەگرێت. ژوورە تاریکەکە ژینگەیەکی ئارام و بێدەنگ دابین دەکات کە منداڵان دەتوانن ترس و شڵەژان و دڵەڕاوکێیەکانییان تێیدا کەمتر ببنەوە، ھاوکات ھۆڵێکی وەرزشیش کە تێیدا توشبووان دەتوانن جووڵەی باشتر بکەن بۆ بەھێزبوونی جەستە و ئارامبوونەوەی دەروونییان.
بەڕێوەبەری سەنتەرەکە ئاماژە بە دۆخی کەسی توشبوو بە ئۆتیزم دەکات و ئەو خزمەتگوزارییەکانەش دەستنیشان دەکات کە پێشکەش بە توشبووان دەکرێت.
بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی کەمئەندامانی هەولێر، سەیران حەوێز دزەیی لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "ئەم شوێنە تاکە سەنتەریی حکوومییە لە هەولێر و تێیدا لە چەند بەشێک پێکدێت لەوانە بەشی قسەکردن، ژووری تاریک، چارەسەری سرووشتی، هۆڵی وەرزش کە بەپێی بەرنامەی بەیانییان خشتەی بۆ دانراوە و پێش ئەوەی دەست بە ڕاهێنانەکان بکرێت، دەست بە وەرزش دەکەن".
لە سەنتەرەکەدا ژمارەی توشبووانی ئۆتیزم جێگیرنیە و بەپێی ڕۆژ گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، هاوکات بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، توشبووان لە تەمەنی چوار ساڵییەوە تا تەمەنی ١٢ ساڵی دەتوانن لەم سەنتەرە بمێننەوە و ئەمەش بووەتە گرفتێک بۆ ئەو خێزانانەی کە منداڵەکانییان دەگاتە سەرووی ئەم تەمەنە و لەم حاڵەتەدا یان دەبێت بە بڕە پارەیەکی زۆری مانگانە لە سەنتەرە تایبەتەکانییان دابنێن، یان بە ناچاری لە ماڵەوە بیانهێڵنەوە.
لەبارەی شێواز و مەرجەکانی وەرگرتنی کەسی توشبوو بە ئۆتیزم، سەیران دزەیی گوتی: "بەپێی ڕێنماییەکان، نابێت کەسی توشبووی ئۆتیزم هیچ نەخۆشییەکی گوازراوە و فێی هەبێت، ئینجا دوای بینینی ڕاپۆڕتی پزیشکی، لە سەنتەرەکەمان لیژنەیەکمان هەیە کە پێکهاتووە لە توێژەر و مامۆستا، ئەو لیژنەیە لەگەڵ خێزانی کەسی توشبوو دادەنیشێت و زانیاریی تەواو لەسەر منداڵەکە وەردەگرێت و ئینجا دەست دەکەین بە پڕۆسەی ڕاهێنان و فێرکردن، هەروەها لە تەمەنی چوار ساڵی تا ١٢ ساڵیی دەتوانێت لەلای ئێمە بمێنێتەوە".
لەبارەی شێوازی خزمەتگوزارییەکانەوە، سەیران دزەیی گوتی: "خزمەتگوزارییەکان بریتیین لەوەی کە وەرگرتن و هاتوچۆپێکردنی منداڵەکان بەخۆڕاییە، ڕۆژانە ژەمە خواردنێکیان پێ دەدرێت، هەروەها یەکێک لە نەخۆشخانەکان پشکنینەکانی ددان و پێست و هەناو و هەر پسپۆڕییەکی دیکە بۆ ئەوان بەخۆڕاییە، هاوکات مووچەیەکی دیکەیان هەیە و، خەرجی گیرفانییانیشیان پێ دەدرێت".
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان دایکان و باوکان لەگەڵ سەنتەری ئۆتیزم، سەیران دزەیی گوتی: "لێرە گرووپێکمان لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیا هەیە، ڕۆژانە ڕاهێنانەکانییان بە ڤیدیۆ بۆ تۆمار دەکەین و لە گرووپەکان دایدەنێین بۆ ئەوەی دایک و باوکان لە ماڵەوە هەمان ڕاهێنان دووبارە بکەنەوە، لە ڕاستیدا هۆشیاری دایکان و باوکان زۆر گرنگە ئەگەرچی ڕەنگە ئەوانیش بەهۆی منداڵەکانییانەوە فشارێکی زۆری دەروونییان لەسەر بێت، بەڵام بە گشتی هاوکاریی دایک و باوک و خێزانەکان بۆ ئاسانکردنی کاری ئێمە زۆر گرنگە".
یەکێک لە بەشەکانی سەنتەرەکە، ڕاهێنەرەکانن کە ڕۆژانە ڕاهێنان بەو منداڵانە دەکەن کە توشی ئۆتیزم بوونە و لەوێیەوە هەوڵی ڕاهێنان و فێرکردنییان دەدەن.
ڕاهێنەر، ئەژین سەعدوڵڵا ئیسماعیل کە ماوەیەکی زۆرە وەکو ڕاهێنەر لە سەنتەری ئۆتیزمی هەولێر دەستبەکاربووە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە یەکێک لە نیشانەکانی ئۆتیزم جووڵەیەکی زۆرە بەڵام مەرج نیە ئەوەی جوولەی زۆری هەبێت ئەوا توشی ئۆتیزم بووبێت کە زۆرجار ئەم حاڵەتە لە منداڵی کوڕ دا هەیە.
ڕاهێنەر، ئەژین سەعدوڵڵا ئیسماعیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئۆتیزم کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەشەی دەروونییە و لە سەرەتای تەمەنی منداڵەکە سەرهەڵدەدات و لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، کاریگەریی لەسەر قسەکردن، پەیوەندیی و کردار و گوفتار جیاوازە، بێگومان دەتوانرێت لە سەرەتای تەمەنی منداڵێکی شیرەخۆرەوە هەستی پێبکرێت لەوەی کە سەرنجی بۆ شتەکان نیە، بەبێ هۆکار هاوارێکی زۆر دەکات، زۆربەیان ناتوانن قسە بکەن یان جووڵەکانییان ئاسایی نین، ئەمە نیشانەکانی ئۆتیزمە و دەبێت هەموو دایک و باوکێک بیزانن، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە ئەوەی جووڵەی زۆربێت ئۆتیزمی هەبێت بە تایبەت منداڵی کوڕ چونکە کوڕ هێزی زۆرە و دەبێت لە ڕێگای جووڵەوە هێزەکەی بەتاڵ بکاتەوە".
لەبارەی ئەو منداڵانەی کە سەرەتا دەچنە سەنتەرەکە و چۆنیەتی شێوازی مامەڵەکردنی ستافی سەنتەرەکە، ئەژین سەعدوڵڵا ئیسماعیل گوتی: "سەرەتا کاتێک منداڵەکە دێتە سەنتەرەکە، دەبێت گرنگییەکی زۆری پێبدرێت بۆ ئەوەی وەڵامدانەوەی هەبێت، پاشان دەبێت وابکەین کە ترس و شڵەژانییەکانی نەمینێت و دواییش فێری دانیشتنی دەکەین چونکە هەر منداڵێک نەتوانێت دابنیشێت ئەوا ناتوانێت شت فێربێت چونکە دەبێت ئاراستەی چاوەکانمان وەکو یەکتربن و لە یەک ئاستدابن".
ئەژین سەعدوڵڵا ئیسماعیل گوتیشی: "هەر منداڵێک گرفتێکی جیاوازی هەیە لە ڕووی قسەکردن و سەرنجدان و بەپێی گرفتەکان ڕاهێنانیان لەگەڵدا دەکەین، چونکە ئۆتیزم درەنگ فێردەبێت و زوو شت لەبیر دەکات هەروەها ئۆتیزممان هەیە کە ئەندامەکانی جەستەی یان ئەندامانی خێزانەکەی یان ڕەنگەکان ناناسێتەوە، بۆیە لە ڕێگای نامیلکەی تایبەتەوە کە وێنە و نووسینی لەسەرە، ڕاهێنانیان پێدەکەین، هەروەها دەبێت پاداشت و سزا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت باشتر فێربێت، جۆری سزاکەی ئەوەیە کە یارییەکانی لێ کەم دەکەینەوە و کاتێک هەست دەکات کە پێویستی بە یاریی زیاترە، ئەوکات هەوڵی فێربوونی ئەو ڕاهێنانانە دەدات کە ئێمە پێی دەکەین و لەبەرامبەردا پاداشتی دەکەین بە پێدانی شیرینی یان خواردنێک کە حەزی لێیەتی، هەروەها فێری پاک و خاوێنییان دەکەین لەوەی پاشماوەی خواردن و خواردنەوەکان بخەنە جێگای تایبەت بە فڕێدانی زبڵ".
ئەژین سەعدوڵڵا ئاماژەی بە ڕۆڵی دایک و باوکەکان کرد لە گەشەکردن و فێربوونی منداڵەکانییان و گوتی: "پەیوەندی نێوان ئێمە و خێزانی منداڵەکان لە ڕێگای نووسین و یەکتربینینە، بەڕاستی هەندێک لە خێزانەکان زۆر هاوکاریمان ناکەن لەوەی گرنگی تەواو بە منداڵەکان نادەن لە ڕووی ڕاهێنان و گرنگیی پێدانی منداڵەکانییان چونکە بە گشتی ڕاهێنانەکان کاریگەریی بەرچاویان هەیە لەسەر ئارامبوونەوەی مندالەکان، هەر ئەمساڵ پێنج قوتابیمان لە سەنتەری ئۆتیزم دەرچوونە و چوونەتە قوتابخانەی ئاسایی چونکە ئاستی ئۆتیزمەکەیان کەم بووەتەوە لە ڕێگای ڕاهێنان و گرنگیی پێدانییان".
یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ستافی سەنتەری ئۆتیزم، توێژەری کۆمەڵایەتییە کە پردێکی پەیوەندییە لە نێوان منداڵەکان، ڕاهێنەران و دایکان و باوکان و بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ هەڵسوکەوت و گرفتەکانی منداڵانی ئۆتیزم لە سەنتەرەکەدا دەکات.
توێژەری کۆمەڵایەتی، سازان موستەفا لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "توشبووانی ئۆتیزم دوای وەرگرتنییان ڕەوانەی لای ئێمە دەکرێن و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی منداڵەکە دەکەین و دواتر زانیاریی تەواو لە دایک و باوکیان وەردەگرین، مامەڵەی ئێمە لەگەڵ ڕاهێنەر و دایک و باوکی منداڵەکانە، تا خێزانەکان هاوکارییمان بکەن ئێمە باشتر دەتوانین کارەکانمان ئەنجام بدەین".
سازان موستەفا گوتیشی: "هەندێک لە دایک و باوکەکان زۆر هاوکاریمان دەکەن بەڵام هەندێک لە دایک و باوکەکان هیچ ڕاهێنان و هەوڵدانێک لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکانییاندا ناکەن و ئەمەش کارەکانی ئێمە و تووشبووەکەش قوڕستر دەکات".
