یەکەمین نموونەی فڕۆکەی حورجێت'ی تورکیا ساڵی داهاتوو دەخرێنە خزمەتەوە
لە کاتێکدا نموونەی یەکەمی فڕۆکەی فێرکاری لە جۆری حورجێت، ٢٦٠ کاتژمێر فڕینی تاقیکردنەوەی ئەنجام داوە، پێشبینی دەکرێت، سەرەتای ساڵی داهاتوو بخرێنە خزمەتەوە.
Ankara
ئەنقەرە - AA
نموونەی یەکەمی فڕۆکەی فێرکاری لە جۆری حورجێت، ٢٦٠ کاتژمێر فڕینی تاقیکردنەوەی ئەنجام داوە، پێشبینی دەکرێت، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا بخرێنە خزمەتەوە.
پڕۆژەی فڕۆکەی جەنگی و هێرشەری حورجێت بە پشتیوانی فەرمانگەی پیشەسازی بەرگریی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە لایەن کۆمپانیای TUSAŞەوە دروستکراوە. دوو نموونەی یەکەمی ئەو جۆرە فڕۆکەیە تا ئێستا ٣٤٠ جار فڕینیان ئەنجام داوە و ٢٦٠ کاتژمێر فڕینیان تاقی کردووەتەوە.
پێشبینی دەکرێت کە یەکەمین وەجبەی ئەو فڕۆکانە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا ڕادەستی هێزەکانی ئاسمانی تورکیا بکرێت و بخرێتە خزمەتەوە.
پڕۆژەی حورجێت لە ئابی ٢٠١٧دا دەستبەکار کرا. یەکەمی پارچەی لە حوزەیرانی ٢٠٢٢دا گەیشتە قۆناغی کۆتایی و دوای تاقیکردنەوەی زەمینی و ماتۆڕی فڕۆکەکە، بۆ یەکەمجار لە ٣٠ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٣دا هەڵکرا. یەکەمین تاقیکردنەوەی فڕینی ئەم مۆدیلە لە ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٣دا ئەنجام درا.
کۆمپانیای TUSAŞ هەوڵ دەدات توانای بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە فڕۆکەیە لە مانگێکدا بگەیەنێتە دوو دانە. لە قۆناغی یەکەم ١٦ فڕۆکە ڕادەستی هێزەکانی ئاسمانی دەکرێت و لە داهاتوودا ژمارەیان زیاد دەکرێت.
حورجێت فڕۆکەیەکی تاک مەکینەیە کە دوو سەرنشینی دەبێت و بۆ فێرکاری فڕۆکەوانانی پێشکەوتووی جەنگی دیزاین کراوە. ئەم جۆرە فڕۆکەیە بۆ ئەرکەکانی فێرکاری، گەشتی ئاسمانی و ئەرکە سووکە هێرشبەرەکان دیزاین کراوە.
ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنی ئەم فڕۆکەیەش بۆ ئیسپانیا لە قۆناغی کۆتایی دایە و چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە واژوو بکرێت. ئەم ڕێککەوتننە ٤٥ فڕۆکە لە خۆ دەگرێت بۆ جێگرەوە فڕۆکەکانی جۆری F-5 بە بەهای ٣.١٢ ملیار یۆرۆیە و ڕادەستیان لە ٢٠٢٨دا دەست پێ دەکات.
