گۆڕانی ئاووهەوا و وشکەساڵیی رێگا ئانتیکەکەی دەریاچەی وانی بەدیارخستەوە
- پرۆفیسۆر دکتۆر رەفعەت چاوشئۆغڵو: "فراوانی رێگاکە بە جۆرێکە کە جێی ئەسپ و عەرەبانەیەکی تیادا دەبێتەوە، بەمەبەستی گەیاندنی خواردەمەنی و پێداویستییەکانی رۆژانە بۆ دوورگەکە و هاتوچۆ لەگەڵ توشبا بونیاد نراوە".

وان – AA
لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاو لە دەریاچەی وان بەهۆی گۆڕانی ئاووهەوا و وشکەساڵی ساڵی رابردوو، بەشی زۆری ئەو رێگا ئانتیکە یەک کیلۆمەترییە بەدەر کەوتووە کە بۆ دوورگەی چارپاناک دەچێت.
بەهۆی بەهەڵەمبوونی ئاو و کەمی باران بارین لە ساڵی رابردوودا، لەم ماوەیەی دواییدا ئاستی ئاو بە رێژەیەکی ئێجگار زۆر لە دەریاچەی وان کەم بووەتەوە و بەم هۆیەوە شوێنەواری مێژوویی گرنگ لەو شوێنانەی ئاوی لێ نەماوە بەدەر کەوتوون.
یەکێک لەو شوێنەوارانە بەشی زۆری ئەو رێگا ئانتیکە یەک کیلۆمەترییەیە کە دوورگەی چارپاناک بە وان-ەوە دەبەستێتەوە.
مامۆستا لە بەشی شوێنەوارناسی کۆلێژی ئاداب زانکۆی یوزونجویڵ وان، پرۆفیسۆر دکتۆر رەفعەت چاوشئۆغڵو بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند، وان کە ناوی پێشووی توشبا بووە ساڵانێکی زۆر پایتەختی ئورارتوکان بووە و ئورارتوکان لە رێگای وشکانی و ئاوییەوە تۆڕی هاتوچۆیان بۆ دەریاچەی وان بونیاد ناوە.
پرۆفیسۆر دکتۆر رەفعەت چاوشئۆغڵو لەبارەی بەدەر کەوتنەوەی ئەو رێگایەی بەرەو دوورگەی چارپاناک دەچێت بە ئاماژەدان بەوەی کە بە تێپەرینی کات رێگاکە ژێر ئاو کەوتووە و گوتی: "بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەوە رێگاکە زۆر روونتر دەبیندرێت. ئەم رێگایە کە لە توشباوە دەست پێ دەکات لە کەناراوەکانی دەریاچەکە دروست کراوە، بە مەبەستی گەیشتن بە قەڵاکانی سەردەمی ئورارتوکان و دواتر بۆ گەیشتن بەو یەکە نیشتەجێبوونانەی چاخی ناوەڕاست بەردەوام بوون، دروست کراوە. فراوانی رێگاکە بە جۆرێکە کە جێی ئەسپ و عەرەبانەیەکی تیادا دەبێتەوە، بەمەبەستی گەیاندنی خواردەمەنی و پێداویستییەکانی رۆژانە بۆ دوورگەکە و هاتوچۆ لەگەڵ توشبا بونیاد نراوە".
پرۆفیسۆر دکتۆر رەفعەت چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەیش دا کە بەپێی ئەو گرتانەی تۆمار کراون دەبیندرێت رێگاکە بە بەرد دروست کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا ئاو زیانی بە بەردەکان گەیاندووە، تەنها بەردە سەرەکییەکان بەڕوونی دەبیندرێن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن