توركيا

وەزارەتی بەرگریی تورکیا: "پێنج تیرۆریستی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کرد"

Yusuf Soykan Bal, Utku Şimşek  | 05.02.2026 - نوێکردنەوە : 05.02.2026
وەزارەتی بەرگریی تورکیا: "پێنج تیرۆریستی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کرد"

Ankara

ئەنقەرە - AA

وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا پێنج تیرۆریستی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووە.

ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا و گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی وەزارەتەکەدا، بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا.

ئاکتورک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە سوپای تورکیا پێداگرانە بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و هەڕەشانەی لە سەر مانەوە و ئاسایشی وڵات لەسەر سنوورەکان و ئەودیو سنوورەکان هەن و، ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان و هەڵمەتەکانی گەڕان و پشکنیندا، لە ماوەی هەفتەیەکدا پێنج تیرۆریستی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووە. کارەکانی دیاریکردن و لەناوبردنی مین و تەقەمەنی، هەروەها ئەشکەوت، حەشارگە و پەناگەکانی تیرۆریستان لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن بەردەوامە. بە تێکدانی دوو کیلۆمەتر تونێل لە منبج، تێکڕای درێژیی ئەو تونێلانەی لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن لە سووریا لەناوبراون، گەیشتە ٧٥٥ کیلۆمەتر".

هەروەها ئاکتورک ئاماژەی بەوە کرد کە بە سیستمی ئەمنی پلەبەندی و ڕێوشوێنی پاڵپشتیکراو بە تەکنەلۆجیا، بێوچان بەرەنگاربوونەوەی تێپەڕبوونی نایاسایی و قاچاخچێتی بەردەوامە.

گوتیشی: "لە ماوەی هەفتەیەکدا لەسەر سنوورەکانمان ١٢٥ کەس دەستگیرکراون کە ١٦یان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستین. لە یەکی کانوونی دووەمەوە تا ئەمڕۆ، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوونی نایاسایی دەستگیرکراون گەیشتووەتە ٦٤٤ کەس. لەگەڵ ڕێگریی کردن لە هەزار و ٤٨٦ کەسی دیکە لە ماوەی هەفتەکەدا، کۆی ئەو کەسانەی ئەمساڵ ڕێگرییان لێکراوە گەیشتە پێنج هەزار و ٨٩٠ کەس. هەر لەم هەفتەیەدا، لە هێڵە سنوورییەکانی هەکاری و وان، لە ئەنجامی هەڵمەتەکانی گەڕان و پشکنیندا تێکڕا ٧٧ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە".

هاوکات ئاکتورک باسی لەوە کرد کە وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکات بۆ تێکەڵبوونی هێزەکان و جەخت لەسەر گرنگیی پرەنسیپی "یەک دەوڵەت و یەک سوپا" و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکاتەوە. هیوایشی خواست ئەم پرۆسەیە بە شەفافی بەڕێوە بچێت و ببێتە هۆی بەرقەراربوونی ئاشتیی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın