وەزارەتی بەرگریی تورکیا: "دامەزراندنی بارەگای فەیلەقی ناتۆ لە تورکیا هیچ پەیوەندی بە پێشهاتەکانی ناوچەکەمانەوە نییە"
وەزارەتی بەرگریی تورکیا: "دامەزراندنی ئەم بارەگای فەیلەقە فرەنەتەوەییە هیچ پەیوەندییەکی بەو پێشهاتە دواییانەی ناوچەکەمانەوە نییە کە ڕوویان داوە".
Ankara
ئهنقهره - AA
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا و گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆن، گەڕان و کێوماڵکردن و چالاکییەکانی ئاسایشی سنوور کە بۆ فەراهەم کردنی ئاسایشی هەمیشەیی بەڕێوەدەچن، لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا دوو تێرۆریستی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووە. هەروەها کارەکانی دۆزینەوە و لەناوبردنی مین، تەقەمەنی دەستکرد، ئەشکەوت، حەشارگە و پەناگەکان لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن بەردەوامن".
لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی وەزارەتەکەدا، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا و گوتەبێژی وەزارەتەکەئاکتورک بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا.
ئاکتورک باسی لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆن و هەڵمەتەکانی گەڕان و کێوماڵکردن بۆ فەراهەم کردنی ئاسایش و، ڕایگەیاند: "لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا دوو تێرۆریستی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووە. هەروەها کارەکانی دۆزینەوە و لەناوبردنی مین، تەقەمەنی دەستکرد، ئەشکەوت، حەشارگە و پەناگەکان لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن بەردەوامن".
هەروەها ئاکتورک باسی لە هەوڵەکانی پاراستنی سنوورەکان کرد و، ڕایگەیاند: "لە سنوورەکانمان ١٠٧ کەس کە دووانیان ئەندامی ڕێکخراوی تێرۆریستین لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوونی نایاسایی دەستگیر کراون، ڕێگریی لە ٩٥٠ کەس کراوە پێش ئەوەی سنوورەکە ببڕن. بەم شێوەیە لە یەکی کانوونی دووەمەوە تا ئەمڕۆ، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوونی نایاسایی لە سنوورەکانمانەوە دەستگیر کراون گەیشتووەتە هەزار و ٥٢٤ کەس، ژمارەی ئەو کەسانەشی ڕێگرییان لێکراوە گەیشتووەتە ١٦ هەزار و ٩٢٩ کەس".
ئەدمیراڵ ئاکتورک ئاماژەی بەوە کرد لە نزیکەوە چاودێریی ئەو مەترسییانە دەکەن کە بەهۆی بەلەمی بێسەرنشینەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە لە دەریای ڕەشدا دروست بوون، کە لە جەنگی بەردەوامی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینادا بە چڕی بەکاردەهێنرێن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو بەلەمە بێسەرنشینەی لە کەناراوەکانی ئۆردو دۆزرایەوە، ئاکتورک ڕایگەیاند: "لە ٢١ی ئازاری ٢٠٢٦، لە کەناراوەکانی قەزای ئونیە لە ئۆردو بەلەمێکی بێسەرنشینی دروستکراوی ئەمریکا کە پێدەچێت بەهۆی تێکچوونی بزوێنەرەکەیەوە شەپۆلەکان هێنابیانە کەناراوەکە، لەلایەن تیمە پەیوەندیدارەکانەوە بە شێوەیەکی سەلامەت لەناو برا".
گوتیشی: "چاودێریی وردی ئەو مەترسییانە دەکرێت کە لە ئەنجامی لەدەستدانی کۆنترۆڵ یان توانای جووڵەی بەلەمە بێسەرنشینەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە دەریای ڕەشدا دروست دەبن. ئەم دۆخە لە ڕووی ئاسایشی دەریاییەوە پێویستی بە وریایی و ڕێکار هەیە، لەبەرئەوە یەکەکانی سەر بە فەرماندەیی هێزە دەریاییەکان بۆ پاراستنی ناوچە دەریاییەکان لە دەریای ڕەش ٢٤ کاتژمێر بەردەوامن لە چالاکییەکانی گەڕان و چاودێریی''.
سەبارەت بە بارەگای ناتۆ کە بڕیارە لە تورکیا دابمەزرێت، ئاکتورک ڕایگەیاند: "لەلایەن وەزارەتەکەمانەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە چوارچێوەی پلانی هەرێمیی باشووری ڕۆژهەڵاتی ناتۆدا، فەرمان درا بە دەستپێکردنی کارەکان بۆ دامەزراندنی بارەگایەکی فەیلەق، ئەم مەبەستەشمان لە ساڵی ٢٠٢٤ بە ناتۆ ڕاگەیاندرا. لەم چوارچێوەیەشدا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بارەگاکە کە بڕیارە لەژێر فەرماندەیی جەنەراڵێکی تورکدا دابمەزرێت، فەرماندەیی فەیلەقی شەش ڕاسپێردراوە و دامەزراندنی پێویست بۆ کادیرە سەرەکییە نیشتمانییەکان ئەنجام دراوە. کارەکان بۆ گۆڕینی بارەگاکە بۆ پێکهاتەیەکی فرەنەتەوەیی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناتۆ بەردەوامن. بەهۆی ئەوەی ڕێکارەکانی ناتۆ هێشتا تەواو نەبوون، پرۆسەی پەسەندکردن بەردەوامە. بارەگاکە هیچ لۆگۆیەکی پەسەندکراوی نییە. ئەرکی ئەم بارەگای فەیلەقە، لە چوارچێوەی پلانە هەرێمییەکانیشدا دابینکردنی یەکگرتنی ئەو هێزانەیە کە بۆی تەرخان دەکرێن و پاڵپشتیکردنی چالاکییەکانی بەرپەرچدانەوە و بەرگرییە لە ناوچەی بەرپرسیارێتییەکەیدا. لە لایەکی ترەوە چونکە پلانی هەرێمیی باشووری ڕۆژهەڵاتی ناتۆ کە لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی هەڕەشەکاندا ئامادە کراوە پێشتر لەلایەن هاوپەیمانەکانەوە پەسەند کراوە، دامەزراندنی ئەم بارەگای فەیلەقە فرەنەتەوەییە هیچ پەیوەندییەکی بەو پێشهاتە دواییانەی ناوچەکەمانەوە نییە کە ڕوویان داوە".
