Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوی کردەوە، لە هێڵی سنووری ئێران کارەکانی دامەزراندنی ٢٠٣ تاوەری ئەلیکترۆ-ئۆپتیک و ٤٣ تاوەری ئەسانسۆر و دروستکردنی ٣٨٠ کیلۆمەتر دیواری کۆنکرێتی و هەڵکەندنی ٥٥٣ کیلۆمەتر خەندەق کۆتایی هاتووە.
دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی ڕۆژنامەوانی بۆ خستنەڕووی زانیاریی کە بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمپانیای پیشەسازی سەربازیی و کارگەی کەشتیسازی (ASFAT) ڕێکخرابوو، وەزارەتی بەرگریی تورکیا سەبارەت بە ڕۆژەڤ وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دوایین دۆخی سووریا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند: "حکوومەتی سووریا کە لە چوارچێوەی پرەنسیپی یەکسانی بەرامبەر هەموو پێکهاتە نەتەوەیییەکانی سووریا بۆ دابینکردنی یەکپارچەیی و یەکێتیی وڵاتەکە کار دەکات، بە مەبەستی چەسپاندنی دەسەڵاتی گشتیی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی، ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری لە حەلەب بە سەرکەوتوویی ئەنجام داوە. جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە کە ئاسایشی سووریا لە ئاسایشی خۆمان جیا ناکەینەوە و لە چوارچێوەی پرەنسیپی 'یەک دەوڵەت، یەک سوپا' و لەسەر بنەمای یەکپارچەیی خاک و یەکێتیی سووریادا، ئەگەر داوا بکرێت پشتیوانی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکەین".
سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئێران، وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئاسایشی سنوورەکانی ئێران کە ٥٦٠ کیلۆمەترە، لەلایەن یەکەکانی سنوورەوە فیداکارانە لە هەموو دۆخێکدا ٢٤ کاتژمێر دەپارێزرێت. لە هێڵی سنووری ئێران کارەکانی دامەزراندنی ٢٠٣ تاوەری ئەلیکترۆ-ئۆپتیک و ٤٣ تاوەری ئەسانسۆر و دروستکردنی ٣٨٠ کیلۆمەتر دیواری کۆنکرێتی و هەڵکەندنی ٥٥٣ کیلۆمەتر خەندەق کۆتایی هاتووە.
دەربارەی ئەو فڕۆکەیەی لە جۆری C-130 کە سنووری ئازەربایجان-جۆرجیا کەوتە خوارەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەی پێکهاتەیی و شیکارییەکانی پەیوەست بە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بە وردی بەردەوامە.
