لە میانی ساڵێکدا ٤٠ هەزار گەشتیار سەردانی گەرماوی مێژووییی خوڕەم سوڵتان'یان کردووە
گەرماوەکە کە لەم دواییەدا سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆیی و مێژوودۆستانی بۆ لای خۆی راکێشاوە، ساڵی رابردوودا زۆرترین گەشتیاری ئەمریکی و رووسی و بەریتانی روویان تێکردووە.

Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
لە میانی ساڵێکدا ٤٠ هەزار گەشتیار سەردانی گەرماوی خوڕەم سوڵتان'یان کردووە کە لەسەر داوای حوڕەم سوڵتان، هاوسەری پاشای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، قانونی سوڵتان سولەیمان، لەلایەن میعمار سینان لە سەدەی ١٦ دروستکراوە.
گەرماوی خوڕەم سوڵتان کە لە ساڵی ١٥٥٦ لە نێوان مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد و مزگەوتی ئایا سۆفیا دروستکراوە، ماوەی ٤٦٧ ساڵە رەسەنایەتیی خۆی پاراستووە بەبێ ئەوەی هیچ زەرەر و زیانێکی پێ بگات. ئەو گەرماوە بە یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکانی ئیستانبوڵ دادەنرێت کە ژمارەیەکی زۆر لە مێژوودۆستان و گەشتیاریارانی بیانی بۆ لای خۆی رادەکێشێت.
ئەو گەرماوە کە درێژییەکەی ٧٥ مەترە، زەمینەیەکی نوێی بۆ دیزاینی گەرماوە تورکییەکان کێشاوە و بەشی پیاوان و ئافرەتانی بەجیا و یەکسانی تێیدا دابەش کراوە. تەواوی گومبەزەکانی قورقوشمپۆش کراون.
گەرماوەکە کە تا ساڵی ١٩١٠ بە شێوەیەکی چالاک بەکارهێنرا، دواتر بۆ چەندین ساڵ وەک زیندان و کۆگای کاغەز و کۆگای رۆن سوودی لێ بینرا و بۆ یەکەمجار لە ساڵانی ١٩٥٧-١٩٥٨ نۆژەنکرایەوە و تا ساڵی ٢٠٠٧ وەک بازاڕی فرۆشتنی فەرش بەکار هێنرا.
گەرماوی خوڕەم سوڵتان کە لە ساڵی ٢٠٠٨ جارێکی دیکە نۆژەنکرایەوە، دەستی کرد بە میوانداریکردنی ئەو کەسانەی ئارەزووی کولتووری گەرماوە تورکییەکان دەکەن. لە گەرماوەکەدا هەزار و ٣٠٠ مەترچوارگۆشە بەردی مەڕمەڕ بەکارهێنراوە و دەرفەتی خۆشۆردن بە سەردانیکەران دەدرێت.
بەڕێوەبەرانی گەرماوەکە ئاماژە بەوە دەدەن، شانازی دەکەن کە خزمەت بەو شوێنە مێژووییە دەگەیەنن کە میعمار سینان دروستی کردووە، راشیدەگەیەنن لە ماوەی ساڵی رابردوودا میوانداریی ٤٠ هەزار گەشتیاریان کردووە و زۆرترین ژمارەی سەردانیکەران لە ئەمریکا، رووسیا و بەریتانیاوە بووە. هەروەها باس لەوە دەکەن کە زۆرینەی سەردانیکەران (لەسەدا ٦٠-٧٠) ژنن و گەرماوەکە هەموو رۆژانی هەفتە لە نێوان کاتژمێر ٠٨:٠٠ بۆ ٢٢:٠٠ کراوەیە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن