لەم مانگەدا لەنێو فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا زۆرترین گەشت لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ ئەنجام دراوە
لە ١٠ بۆ ١٦ی ئەم مانگە ڕۆژانە، ھەزار و ٤٦٨ گەشتی ئاسمانیی لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ ئەنجام دراون.
Istanbul
ئیستانبوڵ ــ AA
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیستانبوڵ لە پلەی یەکەمدایە لەنێو قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا کە بە تێکڕا ڕۆژانە لە ماوەی ١٠ بۆ ١٦ی ئەم مانگە ھەزار و ٤٦٨ گەشتی ئاسمانیی لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ ئەنجام دراون.
ڕێکخستنی ئەورووپا بۆ سەلامەتی گەشتی ئاسمانیی (Eurocontrol)، ڕاپۆرتی گەشتی ئاسمانیی ئەورووپای لە ڕۆژانی ١٠-١٦ی ئەم مانگە بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ لەو ماوەیەدا بە ئەنجامدانی تێکڕا ھەزار و ٤٦٨ گەشتی ڕۆژانە، زۆرترین گەشتی بۆ ئەورووپا ئەنجام داوە و لە ڕیزبەندی یەکەمی فڕۆکەخانەکاندایە کە زۆرترین گەشتیان بۆ ئەو کیشوەرە ئەنجامداوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە دوای فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ، فڕۆکەخانەی "لەندەن ھیسرۆ" بە ئەنجامدانی تێکڕا ھەزار و ٣٠١ گەشتی ڕۆژانە ڕیزبەندی دووەم، فڕۆکەخانەی ئەمستردام بە ئەنجامدانی تێکڕا ھەزار و ٢٨٩ گەشتی ڕۆژانە ڕیزبەندی سێیەم ، فڕۆکەخانەی چارڵز دی گۆڵ لە پاریس بە ھەزار و ٢٥٠ گەشت ڕیزبەندی چوارەم و فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت بە ھەزار و ٢١٥ ڕیزبەندی پێنجەمی گرتووە.
ھەر بەپێی ھەمان ڕاپۆرت، فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکجن بە ئەنجامدانی تێکڕا ٧٣٦ گەشتی ڕۆژانە لە ڕیزبەندی ١٠ دایە.
