توركيا, تەندروستی, ژيان, شیکردنەوە

شێرپەنجەی قوڕگ

پرۆفیسۆر دکتۆر جەلال تەکینباش مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی قەرەدێنیز تەکنیک دەڵیت: "خواردن و خواردنەوە گەرمەکان لە کەشی زۆر سارد دا ئەگەری دروستبوونی شێرپەنجە لە قوڕگ زیاد دەکات".

Sangar Hamad Azeez  | 07.11.2015 - نوێکردنەوە : 10.11.2015
شێرپەنجەی قوڕگ

Trabzon

ترابزۆن - AA

پرۆفیسۆر دکتۆر جەلال تەکینباش مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی قەرەدێنیز تەکنیک دەڵیت: "خواردن و خواردنەوە گەرمەکان لە کەشی زۆر سارددا ئەگەری دروستبوونی شێرپەنجە لە قوڕگ زیاد دەکات".

لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دکتۆر جەلال تەکینباش گوتی: "شێرپەنجەی قوڕگ یەکێکە لە شێرپەنجە باوەکان لەنێو کۆمەڵگا و کە بەشێوەیەکی خێرا لەجەستە بڵاو دەبێتەوە".

ئەو دکتۆرە تیشکی خستە سەر مەترسی شێرپەنجەی قوڕگ و گوتی: "شێرپەنجەی قوڕگ لەگەڵ شیرپەنجەی شوێنەکانی دیکەی جەستە جیاوازە، ئەو جۆرە شێرپەنجە وا لە مرۆڤ دەکات تەنانەت نەتوانێت پاروێکی بچوکیش قوت بدات".

دکتۆر جەلال تەکینباش گوتی: "ئەگەر بێتو ئەو کەسەی تووشی ئەو نەخۆشییە دەبێت زۆر سەردانی پزیشک بکات ئەوا ئەگەری چارەسەری زۆر ترە بەڵام زۆربەی نەخۆشەکان کاتێک دێن کە بەهۆی شێرپەنجەوە قوڕگیان ئەستور بووە و توانای خواردنیان نەماوە، ئەم نەخۆشانەش سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەر بەڵام ئەگەری چاکبوونەوەیان زۆر لاوازە".

ناوبراو جەختی کردەوە لەوەی کە هەرکەسێک ناخۆشی بینی لە قوت دانی خواردن بە بەزوترین کات خۆی بگەیەنێتە لای دکتۆری پسپۆڕ لە بواری شێرپەنجەی قوڕگ و گوتی: "نەخۆش کە دێتە لای ئێمە سەرەتا جۆری نەخۆشییەکەی دیاریی دەکەین، دواتر چارەسەری بۆ دەنووسین و ئەگەر بێت و پێویستیش بکات نەشتەرگەری بۆ دەکەین، ئەو کەسانەی زوو سەر لە پزیشک دەدەن ئەگەری چاکبوونەوەیان زۆرە، لەبەر ئەوەی ئەگەر نەخۆشەکە پێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت ئەوا دەبێت زوو بۆی بکرێت، ئەگەر بێتو نەخۆش درەنگ سەردانی پزیشک بکات، ئەوا ناتوانین نەشتەرگەری بۆ بکەین واتە ئەگەری چاکبوونەوەی زۆر کەم دەبێت".

پرۆفیسۆر دکتۆر جەلال تەکینباش مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی قەرەدێنیز تەکنیک تیشکی خستە سەر ئەوەی کە خواردن و خواردنەوەی گەرم لە کەشی زۆر سارد ئەگەری دروست بوونی شێرپەنجەی قوڕگ زیاد دەکەن و گوتی: "هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو کەمتر تووشی شێرپەنجەی قوڕگ دەبن لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچە کەمتر خواردن و خواردنەوەی گەرم دەخۆن و دەخۆنەوە".

دکتۆر جەلال تەکینباش گوتی: "شێرپەنجەی قوڕگ هۆکاری دیکەشی هەیە لەوانە کێشانی جگەرە و خواردنەوە کحولیەکان و ئەوانەی بەر تیشکە زیان بەخشەکان دەکەون و چەندین هۆکاری دیکەش".

ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە کەشە زۆر ساردەکان چا زۆر بە گەرمی نەخورێتەوە و گوتی: "نابێت لە کەشی زۆر سارد چای زۆر گەرم بخۆینەوە، خواردنی ئاوی سارد و چای گەرم لە یەک کاتدا زیان بە قوڕگ دەگەیەنێت و ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زۆر دەکات".

دکتۆر جەلال تەکینباش جەختی لە دورکەوتنەوە لەو مادانە کرد کە دەبنە هۆی روودانی شێرپەنجە و گوتی: "ئەگەر بێتو سەوزە و میوە بە جوانی نەشۆردرێنەوە، ئەوا جۆرە مادەیەکی لەسەرە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی شیرپەنجە، بۆیە دەبێت وریا بین لە شۆردنەوەی میوە و سەوزە".

ناوبراو گوتی: "شیرپەنجەی قورگ یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە ئەگەر بێتو زوو هەستی پێبکرێت ئەوا چارەسەری ئاسانە و بە پێچەوانەوەش نەخۆش درەنگ کەوێت لە چوونی بۆلای پزیشک ئەوا چارەسەری ئەستەمە".

  بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın