توركيا, جيهان, عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق: "پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لەسەر بنەمای هاوسەنگی، دۆستانە و بەرژەوەندی هاوبەش بونیاد نراوە"

سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی: (لەبارەی پرسی تیرۆرەوە) "ئێمە هاوبەشین. هاوکاری یەکتر دەکەین و بە هاوکاری یەکتر دەجولێینەوە. لە کەشێکی ڕێزی بەرامبەر و پابەندبوون و لە چوارچێوەی دەستوەرنەدان لە کاروباری یەکتر بەرەو پێش دەچین".

Gökhan Çeliker, Büşranur Keskinkılıç  | 08.05.2025 - نوێکردنەوە : 10.05.2025
سەرۆکوەزیرانی عێراق: "پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لەسەر بنەمای هاوسەنگی، دۆستانە و بەرژەوەندی هاوبەش بونیاد نراوە"

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی (لەبارەی پرسی تیرۆرەوە) ڕایگەیاند، "ئێمە هاوبەشین. هاوکاری یەکتر دەکەین و بە هاوکاری یەکتر دەجولێینەوە. لە کەشێکی ڕێزی بەرامبەر و پابەندبوون و لە چوارچێوەی دەستوەرنەدان لە کاروباری یەکتر بەرەو پێش دەچین".

سوودانی بووە میوانی بەرنامەی "فۆکس: پەیوەندییەکانی تورکیا-عێراق" کە لە ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەچوو بۆ هەڵسەنگاندنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی تورکیا-عێراق، هەڵسەنگاندن بۆ ڕەهەندە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان، کە یەکێکە لە پرسە هەنووکەیی و سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شیاع سوودانی وێڕای دەبڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، خۆشحاڵی خۆی بەو دیدارە نیشان دا.

سوودانی وێڕای ئاماژەکردن بەوە کە پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق تەنیا پەیوەندییەکی دراوسێتی نییە، ڕایگەیاند، لە نێوان دوو وڵات پەیوەندی مێژوویی، شارستانی، دینی، کولتووری و کۆمەڵایەتی هەیە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە لە نێوان دوو وڵات پەیوەندییەکی مرۆیی زۆر بەهێز هەیە و ئەوانە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات بەهێزتریش بوون.

سوودانی ڕاشیگەیاند کە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغدا لەسەر "بنەما"ی دروست بونیاد نراوە، ڕایگەیاند کە ئەو پەیوەندییانە داینامیکی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ پەرەسەندن.

شیاع سوودانی ئاماژەی بە گرنگی خەبات دژ بە تیرۆریزم و پرسی ئاسایش لە پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق دا و گوتی: "هەردوو وڵات ئەو کێشەیەیان هەیە. ئێمە لە چوارچێوەی هاوکاری، هاریکاری هاوبەش و یەکگرتوویی و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بەرەو پێش دەچین. بە هەمان شێوە لە کەشێکی ڕێزی بەرامبەر و پابەندبوون و لە چوارچێوەی دەستوەرنەدان لە کاروباری یەکتر بەرەو پێش دەچین".


- کاری هاوبەشی هەردوو وڵات لە بواری بازرگانیدا

سوودانی بە گرنگییەوە باسی بازرگانی و گرنگی وەبەرهێنان کرد و گوتیشی، لەو بوارانەدا تورکیا و عێراق هاوکارییەکی باشی یەکتر دەکەن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا یەکێک لە سەرەکیترین هاوبەشە ئابوورییەکانی عێراق.

شیاع سوودانی جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا بۆ عێراق یەکێک لە گرنگترین هاوبەشە ئابوورییەکان و گوتیشی، زۆر وڵات لە عێراق دەستیان بە وەبەرهێنان کردووە.

سوودانی وێڕای ئاماژەدان بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی تورکیاوە، باسی لەوەش کرد کە، لە بوارەکانی هەناردەی گاز و هەروەها کارەبا هاوکارییان لەگەڵ تورکیا هەیە.

سوودانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی بە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ ناو هێنا و گوتی، ئەوە بۆ کەرتی گواستنەوە و لە هەمانکاتدا بۆ گەشەپێدانی ئابووری وڵاتانی ناوچەکە زۆر گرنگە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراقی بە پەیوەندییەک لەسەر بنەمای هاوسەنگی، دۆستانە و بەرژەوەندی هاوبەش ناو برد.


- ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئاسایش بەرژەوەندییەکی هاوبەشە

سوودانی ئاماژەی بەوە دا هەڵوێستی ئەوان لەبارەی ڕێکخراوی تیرۆریستی ڕوون و ئاشکرایە، گوتی: "وەک دەزانن ئەو ڕێکخراوە لە تورکیا، بە پێی یاسای عێراقی قەدەغەکراوە. ئەو بڕیارە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەرکراوە".

سوودانی وێرای ئاماژەی بەوە کە، هەرچەشنە کردەوەیەکی چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە عێراق، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە، گوتی: "بوونی ئەوان لە خاکی ئێمە، بە خراپ بەکارهێنان هەژمار دەکرێت. بە هەمان شێوەش هێرشکردنە سەر خاکی وڵاتانی دراوسێمان پێچەوانەی دەستووری وڵاتەکەمانە. بەو پێیە ئێمە وەک دەوڵەت و حکوومەت ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادەین کە کەڵک لە خاکی عێراق وەربگرێت بۆ هێرشکردن".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەوتی چەکداماڵینی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە بە "هەنگاوێک زۆر ڕاست و گرنگ" لەقەڵەم دا و گوتی، "هەر پرسێکی ئاسایشی بە بێ هەماهەنگی لەگەڵ عێراق سەر ناگرێت. کەواتە ئێمە پێمان وایە کە ئەوە دەتوانێ لە چوارچێوەی هاوکاری و هەماهەنگی دوولایەنە بێت".

سوودانی وێرای ئاماژەدان بەوە کە دەیەوێت سنوورەکانی وڵاتەکەی بە تایبەتی سنووری نێوان عێراق و تورکیا بپارێزن، گوتی: "ئێمە هەوڵ دەدەین کە بەری هەرچەشنە کردەوەیەک بگرین کە ئاسایشی دراوسێکانمان دەخاتە هەڕەشەوە. ئێمە بە تایبەتی لەبارەی تورکیاوە هەوڵی پێویستمان داوە. ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئاسایش بەرژەوەندییەکی هاوبەشە. چ تورکیا و چ ئێران و یان وڵاتانی عەرەبی دراوسێمان، ئاسایشی هەموویان وەک ئاسایشێکی یەکپاڕچە و لە بەرژەوەندی خۆمان سەیری دەکەین. ئەوەش لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە گرنگە".

سوودانی وێرای ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی باڵای ئاسایشی عێراق و تورکیا کە لە ئانتاڵیا ئەنجام درا، گوتی، "ئاکامی زۆر باشی هەبوو. ئەو دانیشتنە بە تایبەتی لە بواری هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش زۆر گرنگ بوو".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın