سەرکۆمار ئەردۆغان: "زیندووبوونەوەی بازرگانیی جیهانیی پێویستی بە هاریکاری و سیاسەتی نوێ و دابینکاریی بەردەوامە"
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بازرگانیی جیهانی سەرلەنوێ زیندوو ببێتەوە، پێویستیمان بە هاریکارییەکی ڕیشەیی نێودەوڵەتیی و ئامڕازی سیاسەتی نوێ و زنجیرەی دابینکردنی بەردەوام هەیە".
Ankara
جۆهانسبێرگ - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بەپێی ڕاپۆرتی قەرزی ساڵی ٢٠٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو وڵاتانەی ٣،٤ ملیار کەس دەژین، پارەدان بۆ سوودی قەرز زیاترە لە خەرجییەکانی تەندروستیی و خوێندن. پشتیوانی لە پەیڕەوکردنی ڕێبازێک دەکەین کە دادپەروەرانە و یەکسان بێت لە پرۆسەکانی ڕێکخستنەوەی قەرزدا، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی کەم داهات".
لووتکەی سەرکردەکانی G20، کە لە شاری جۆهانسبێرگی کۆماری ئەفریقای باشوور دەستی پێکردووە، بەو دانیشتنانەی بە بەشداری بەشداربووانی لووتکەکە ساز دەکرێن، بەردەوامە.
سەرکۆمار ئەردۆغان، لە سەنتەری پێشانگای جۆهانسبێرگ کە لوتکەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت، لەلایەن سەرۆکی ئەفریقای باشوورەوە پێشوازی لێکرا و، لە پەراوێزی لوتکەکەدا بەشداری لە دانیشتنێکدا کرد کە بەناونیشانی "گەشەی ئابووریی گشتگیر و بەردەوام کە کەس وەلانەنێت: بنیاتنانی ئابوورییەکان، ڕۆڵی بازرگانیی، گەشەپێدانی دارایی و بارگرانی قەرزەکان" ساز کرا.
لە گوتارێکیدا کە لە دانیشتنەکەدا پێشکەشی کرد، سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە سەرەڕای پابەندبوون بە "پشتگوێ نەخستنی هیچ کەس" کە بنەمای ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی ٢٠٣٠ پێکدەهێنێت، هێشتا لە سەرانسەری جیهاندا لە هەر ١٠ کەسێک، یەکێکیان ڕووبەڕووی هەژاریی سەخت بووەتەوە.
سەرکۆمار ئەردۆغان، ئاماژەی بە ڕاپۆرتی قەرزی ساڵی ٢٠٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و ڕایگەیاند: "بەپێی ڕاپۆرتی قەرزی ساڵی ٢٠٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو وڵاتانەی ٣،٤ ملیار کەس دەژین، پارەدان بۆ سوودی قەرز زیاترە لە خەرجییەکانی تەندروستیی و خوێندن. پشتیوانی لە پەیڕەوکردنی ڕێبازێک دەکەین کە دادپەروەرانە و یەکسان بێت لە پرۆسەکانی ڕێکخستنەوەی قەرزدا، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی کەم داهات".
ڕاشیگەیاند: "بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بازرگانیی جیهانی سەرلەنوێ زیندوو ببێتەوە، پێویستیمان بە هاریکارییەکی ڕیشەیی نێودەوڵەتیی و ئامڕازی سیاسەتی نوێ و زنجیرەی دابینکردنی بەردەوام هەیە".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەو هەنگاوانە کرد کە لە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی قەرزەکانی غانا و ئەسیوبیا گیراونەتەبەر و، ڕایگەیاند: "وەک تورکیا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو هەنگاوانە دەکەین کە لە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی قەرزەکانی غانا و ئەسیوبیا نراون و لە چوارچێوەی هاوبەشی G20دا بەشدارییمان تێدا کردووە . لەسەر بنەمای ئەم نموونەیە داوا لە هەموو G20 دەکەم بەرپرسیارێتی زیاتر بگرنە ئەستۆ لە دروستکردنی ئابوورییەکی جیهانی کە کەس تیایدا پشتگوێ نەخرێت و هەموو کەس بگرێتەوە".
