دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ١٠ گومانلێکراوی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ئەنقەرە
Ankara
ئەنقەرە - AA
لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە دەربارەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەڕێوەی دەبات، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ١٠ گومانلێکراو دەرکرا.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی داواکاری گشتیی، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی تیرۆر، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ١٠ گومانلێکراو دەرکرد، کە بەگوێرەی جووڵەی ژمارە بانکییەکان و بڵاوکراوەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی دەرکەوتووە هاوکاری ماددیی ئەندامانی ڕێکخراوەکە و خێزانەکانیان دەکەن لە ناوچەکانی شەڕ و پێکدادانی سووریا، سەرچاوەی دارایی بۆ ڕێکخراوەکە دەستەبەر دەکەن، لە ڕێکخستنی ئەنقەرەدا بەشدارن و تاوانی "دابینکردنی دارایی تیرۆر"یان ئەنجام داوە.
تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەنقەرە بەردەوامن لەسەر هەڵمەتەکانیان بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوان و گواستنەوەیان بۆ بەردەم داواکاری گشتیی.
