"ده‌بێت ئیران بزانێت به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان له هه‌رێم له گلدانه‌وه‌ی ئاو زیاتره"
عه‌بدولستار مه‌جید له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا باسی له‌وه‌كرد كه به هۆی ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران چه‌ند رۆژێكه ئاوی زێی بچووكیان گرتووه‌ته‌وه.

Arbil
وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، عه‌بدولستار مه‌جید له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا كه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه له باره‌گای وه‌زاره‌ت له شاری هه‌ولێر به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و ده‌رباره‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی زێی بچووك كه له رۆژی یه‌كه‌می ره‌مه‌زانه‌وه له كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه به رێژه‌یه‌كی كه‌متر دێته ناو هه‌رێمه‌وه و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی ساز كرد.
عه‌بدولستار مه‌جید له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ی بۆ كێشه‌كه كرد و رایگه‌یاند "سه‌باره‌ت به گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچووك له لایه‌ن ئێرانه‌وه من كاتی خۆشی روونكردنه‌وه‌م داوه، دیاره كۆماری ئیسلامیی ئێران ژماره‌یه‌ك به‌نداو له‌سه‌ر ئه‌و ئاوانه‌ی ده‌ڕژێنه هه‌رێمی كوردستانه‌وه بنیات دەنێت، دیاره نه‌وه‌ك به ته‌نها كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ڵكو توركیاش هه‌مان پڕۆژه‌ی هه‌یه كه به پڕۆژه‌ی گاپ ده‌ناسرێت و 22 به‌نداو ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و ئاوانه‌ی كه ده‌ڕژێنه عێراق و سووریا، به‌ڵام دیاره ئه‌مه كه‌متر زیانی بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و زیاتر زیانی بۆ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق هه‌یه، هه‌روه‌ها ئێران ته‌نها ئه‌و به‌نداوانه‌ی كه له‌سه‌ر زێی بچووك دروستی‌یان ده‌كات و ئێستا یه‌كێكیان ته‌واوبووه و ئاوی گرتووه‌ته‌وه و ژماره‌یان 11 به‌نداوه، هه‌روه‌ها ئه‌و به‌نداوانه‌ی كه له‌سه‌ر رووباری سیروان و لقه‌كانی ئه‌و رووباره دروستی ده‌كات بریتیین له نۆ به‌نداو و زیاتر له یه‌ك ملیار مه‌ترسێجا ئاو كۆ ده‌كاته‌وه، ئێمه له كاتی خۆیدا ئه‌و بابه‌ته‌مان چه‌ندین جار به به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران راگه‌یاندووه كه ئه‌وان و هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ش بۆی هه‌یه كه ئاوانه‌ی سه‌رچاوه‌كانییان له لای ئه‌وانه یان به لای ئه‌واندا تێده‌په‌ڕێت سوودییان لێ ببینین چی بۆ به‌نداو چی بۆ كاره‌با یان كشتوكاڵ و پیشه‌سازی یان گه‌شتوگوزار سوودیان لێوەرگرێت، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه نا كه زیان به هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ش چه‌ندین یاسای نێوده‌وڵه‌تی و عورفی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌و ئاوانه‌ی كه چه‌ند وڵاتێك تیادا به‌شدارن نابێت گرتنه‌وه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌ك بێت زیان به وڵاتانی هاوبه‌ش بگه‌یه‌نێت".
باسی له‌وه‌شكرد كه ئێستا گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچووك زۆر خراپه، چونكه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاوی خواردنه‌وه و ئاو بۆ كشتوكاڵیش ده‌بێت، هه‌روه‌ها گوتیشی كه كاتی گرتنه‌وه‌ی ئاوه‌كه وای لێ ده‌خوێندرێته‌وه كه به هۆی باسكردن له ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌وه بێت.
گوتیشی: "به‌ڵام به داخه‌وه به‌نداوی كه‌ڵوه‌سه كه له نزیك سه‌رده‌شته ئاوه‌كه‌ی گلده‌ده‌نه‌وه و زێی بچووكییان به ته‌واوی بڕیوه و ئه‌وه‌ش زیانی بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌ی قه‌ڵادزێ كه زیاتر له 90 هه‌زار كه‌س ده‌بێت هه‌یه، بۆ كشتوكاڵی ئه‌وێ و پڕۆژه‌كانی ماسی له‌وێ هه‌یه، هه‌روه‌ها زیانی بۆ ئاوی به‌نداوی دوكانیش ده‌بێت، چونكه زیاتر له 60 له‌سه‌دی ئاوی ئه‌و به‌نداوه له‌و زێیه پێكدێت، هه‌روه‌ها بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌ی به‌شێكی سلێمانی زیانی هه‌یه،هه‌روه‌ها بۆ كشتوكاڵی پاش به‌نداوه‌كه‌ش تا ده‌گاته كه‌ركووك و دووبز و شوێنی تریش زیانی ده‌بێت، بۆیه ئێمه هه‌رزوو سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم و جێگره‌كه‌مان لێ ئاگاداركرده‌وه له‌و مه‌ترسییانه و به وردیش، هه‌روه‌ها هه‌نگاوه‌كانی خۆشمان خستووه‌ته روو، ئه‌وانیش دیاره هه‌وڵی خۆیان له لای به‌رپرسانی ئێران داوه، هه‌روه‌ها عێراقیشمان ئاگاداركردووه‌ته‌وه، چونكه دواتر ئه‌و ئاوه له به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان و دوكانیش به‌رده‌درێته‌وه و عێراقیش سوودیان لێ ده‌بینێت، واته عێراقیش سوودمه‌نده له‌و ئاوه".
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، عه‌بدولستار مه‌جید بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن روونیكرده‌وه کە "ده‌بێت كۆماری ئیسلامیی ئێران بزانێت به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و له هه‌رێم له گلدانه‌وه‌ی ئاو زیاتره، ئه‌گه‌رچی به‌رپرسانی ئێرانیش به‌ڵێنییان داوه ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئێمه ناچارین ئه‌و بڕه ئاوه‌ی له هه‌رێمی كوردستان كۆ ده‌بێته‌وه له به‌نداوه‌كانی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان كۆ بكه‌ینه‌وه بۆ ئاوی خواردنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان تووشی كێشه نه‌بن، بۆیه ناچاریین ئاوی زیاتر گل بده‌ینه‌وه و ئاوی كه‌متر به‌ربده‌ینه‌وه له‌و دوو به‌نداوه، ئێمه به عێراقیشمان راگه‌یاندووه نامانه‌وێت ئاو له عێراق بگرینه‌وه، به‌ڵكو ناچارین بۆ خه‌ڵكی خۆمان و كشتوكاڵی خۆمان ئاو گل بده‌ینه‌وه، بۆیه له 180 مه‌ترسێجا له چركه‌یه‌كدا بۆ نزیكه‌ی 50 مه‌ترسێجا له چركه‌یه‌كدا كه‌م بكه‌ینه‌وه، چونكه ئاو بۆ هه‌رێمی كوردستان و بۆ ناوچه‌ی كه‌ركووكیش پێویسته، بۆیه هاووڵاتییانی خۆشمان پێویسته ئاگایان له به فێڕۆدانی ئاو بێت، ئه‌و به‌نداوانه‌شی له قه‌راغی به‌نداوه‌كان كشتوكاڵ كراون ده‌بێت ئاگایان لێ بێت ئێمه گلییان ده‌ده‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی پێویستدا به‌كارییان بهێنین".
وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان له درێژه‌ی قسه‌كانیدا تیشكی خسته سه‌ر بابه‌تی به‌رهه‌می ناوخۆی كشتوكاڵی گوتی: "ئه‌وه چه‌ند ساڵێك ده‌بێت ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی وه‌رزین و پێده‌گه‌ین پێویستیی خۆمان دابین ده‌كات، به‌ڵام به هۆی تێچوونی زۆری به‌رهه‌مهێنانییان و نه‌بوونی كارگه‌ی له قووتونان وایكردووه ئه‌و به‌رهه‌مه زیادانه بمێننه‌وه و نرخییان كه‌م بكات، بۆیه پێویسته بەرامبەر به‌رهه‌می ناوخۆ خەمخۆربین، ئێمه سێ ساڵه باجمان له‌سه‌ر به‌رهه‌می ده‌ره‌وه داناوه بۆ پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆیی له كاتی پێگه‌یشتنییدا".
مه‌جید ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه نزیكه‌ی 10 ملیار مه‌ترسێجا ئاو هه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان گلی ده‌داته‌وه، هه‌روه‌ها گوتیشی: "هه‌وڵمان داوه به‌رهه‌می زیاد هه‌نارده بكه‌ین و كارگه‌ی له قوتوونانیش دابمه‌زرێنین كه ئه‌مه ئیشی ئێمه نییه، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت هاوكار بیین، باشترین شوێنیش بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ئێمه عێراقه، سبه‌ینیش له‌گه‌ڵ عه‌لوه‌كانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌مان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانیین به‌رهه‌می زیاد له خۆمان چی لێ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نارده‌یان بكه‌ین".
گوتیشی: "ئه‌گه‌ر بێین و ئه‌و 20 به‌نداوه‌ی پڕۆژه‌مان بۆ داناوه دروست بكه‌ین ئه‌وا منه‌تمان به گرتنه‌وه‌ی ئاو نابێت".
عه‌بدولستار مه‌جید باسی له‌وه‌شكرد كه ئێران به‌و كاره‌ی رایه‌كی نێگه‌تیڤ به‌رامبه‌ر به خۆی له هه‌رێمی كوردستان ده‌جوڵێنێت و نابێت ئه‌و كاره بكات، چونكه به‌رژه‌وه‌ندیی كۆماری ئیسلامیی ئێران له هه‌رێمی كوردستان زۆره و چه‌ندین ملیار دۆلار ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیارانیش باسی له‌وه‌كرد كه ئه‌و سایلۆیانه‌ی ده‌كه‌ونه ناوچه دابڕاوه‌كان، كاتی خۆی له‌گه‌ڵ وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق بڕیاریان داوه ئه‌و جووتیارانه‌ی ده‌كه‌ونه ئه‌و ناوچانه‌وه بده‌ن به‌و سایلۆیانه‌ی له‌و ناوچانه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حسابی هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت، به‌ڵام له‌م دواییانه دیاره ئه‌و سایلۆیانه وه‌كو ئه‌وه‌ی مه‌خموور كرایه‌وه و داخرا، ئیتر قسه‌ی زۆر ده‌كرێت ئێستا باس له‌وه‌ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نمه هه‌ڵبگیرێت كه نزیكین له ریفراندۆم و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، به‌ڵام راستی وا نییه، ئێمه ئاسانكاریی ده‌كه‌ین و ئه‌و جووتیارانه‌ی له ناوچه‌ی دابڕاون ده‌توانن گه‌نمه‌كانییان بده‌ن به‌و سایلۆیانه و ئه‌و سایلۆیه‌ی مه‌خمووریش بكه‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و عێراق به‌ره‌و ساردی ده‌چن، باشترین چاره‌سه‌ر له رووی ئاوه‌وه به نموونه ده‌بێت به‌نداوی زیاتر دروست بكه‌ین و پارووی زاری خۆمان كۆبكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌نداو دروست بكه‌ین، چونكه ئاو گرنگه زۆر".
هه‌روه‌ها روونیشی كرده‌وه "ئه‌گه‌ر ریفراندۆم بكه‌ین ده‌بێت لانیكه‌م خاوه‌نی نانی خۆمان بین بۆ دوو سێ ساڵێك، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی نانی خۆمان نیین، ده‌بێت كار بۆ ئەمبواره بكه‌ین و ئه‌وه‌شمان به گرنگ زانیوه كه ئاماده‌گیی خۆمان وه‌ربگرین بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی په‌یوه‌ندیی به ئاو و كشتوكاڵ و به‌روبوومی خۆراكییه‌وه هه‌یه به تایبه‌ت".
گوتیشی له مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم ده‌بوو پرس به وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له دوو پرسی سه‌ره‌كی كه ئاو و خۆراكی كشتوكاڵییه بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه نه‌كراوه، گوتیشی: "نه‌خشه رێگه‌مان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ئاو و له به‌روبوومی كشتوكاڵی به‌خود دابینی بگه‌ین و له داهاتوودا تووشی كێشه نه‌بیین".
ئه‌و قسانه‌ی وه‌زیری كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان له كاتێكدا دێت چه‌ند رۆژێك ده‌بێت كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووكی به ئاراسته‌ی قه‌ڵادزێ و رانییه كه‌م كردووه‌ته‌وه و هۆكاره‌كه‌شی بۆ دروستكردنی به‌نداوێك له نزیك شاری سه‌رده‌شت ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێك هه‌رزوو رایانگه‌یاند كه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه وه‌كو فشارێك له دژی هه‌رێم كه ئێستا باسی ریفراندۆمی تیادا گه‌رمه به‌كارده‌هێنرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن