بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە وێنەیەکی نایاب کە بەدەستی فەخرەدین پاشا گیراون
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوو، هونەر و کولتووری سەر بە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی (IRCICA)، کۆمەڵە وێنەیەکی مێژوویی بەنرخی فەخرەدین پاشا، فەرماندە ناوداری پارێزەری مەدینە لە جەنگی جیهانی یەکەم، دوای بەدیجیتاڵ کردنی، بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.
Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوو، هونەر و کولتووری سەر بە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی (IRCICA)، کۆمەڵە وێنەیەکی مێژوویی بەنرخی فەخرەدین پاشا، فەرماندە ناوداری پارێزەری مەدینە لە جەنگی جیهانی یەکەم، دوای بەدیجیتاڵ کردنی، بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.
ئەو بەرهەمانە ٦٤٧ وێنە لە خۆ دەگرێت کە ٢٥٧یان بە دەستی فەخرەدین پاشا لە مەککە، مەدینە، حیجاز، ئانادۆڵو، قەوقاز و ئەفغانستان گیراوە.
فەخرەدین پاشا لە کاتێکدا فەرماندەیەکی سەرسەخت بوو، لە هەمان کاتیشدا بە وێنەگرێکی بە توانا ناسراوە.
لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوو، هونەر و کولتووری سەر بە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی (IRCICA) پرۆفیسۆر مەحمود ئارۆڵ کلیچ دەڵێت، فەخرەدین پاشا لەگەڵ ئەوەی فەرماندەیەکی بوێر بووە، لە هەمانکاتدا وێنەگرێکی بەتوانا و بینەرێکی ورد بووە کە دیمەنی چالاکییە سەربازییەکان، ئاوەدانکردنەوە، لێدانی بیر، دروستکردنی شەقام و پڕۆژەکانی ژێرخانی لە حیجاز تۆمار کردووە و وێنەی نایانی لێ گرتوون. ئەو هەروەها لەو سەردەمەدا کە لە ئەفغانستان بووە، وێنەی گرتووە و بەرهەمی زۆر بە نرخی تۆمار کردووە.
پرۆفیسۆر مەحمود ئارۆڵ کلیچ دەشڵێت، ئەو وێنانە نەک تەنیا بەڵگەنامەیەکی مێژوویین، بەڵکو ڕەوایەتی ئەو شار و دۆخە کۆمەڵایەتییەی ئەو کاتەیە و ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوو، هونەر و کولتووری سەر بە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی دەیەوێت لە داهاتوودا ئەو بەرهەمانە لەپاڵ وردەکاری زیاتر و نووسینی مێژووەکەیان، لە چوارچێوەی کتێبێکدا چاپی بکات.

- بەرگریی مێژوویی لە مەدینە و گواستنەوەی پیرۆزییەکان بۆ ئیستانبوڵ
سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوو، هونەر و کولتووری سەر بە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی پرۆفیسۆر جەنگیز تۆمار وێڕای ئاماژەدان بە خۆشەویستی فەخرەدین پاشا بە پێغەمبەری موسڵمانان محەمەد (د.خ)، دەڵێت، ئەو بۆ بەرگریی لە مەدینە بەرامبەر بە بەریتانییەکان، تەنانەت فەرمانەکانی دەوڵەتیشی پشتگوێ خست و دو ساڵ و حەوت مانگ لە گەمارۆدا بەرگریی کرد.
فەخرەدین پاشا سەرەڕای ئەوەی تەنیا ١٥ هەزار سەربازی لەدەستدابوو، بەڵام دوو هەزار کەسی ڕاسپارد بۆ گواستنەوەی ٣٠ پارچەی پیرۆز بۆ ئیستانبوڵ، کردەوەیەک، کە وەک پرۆفیسۆر تۆمار باسی لێ دەکات، ئەگەر ئەنجام نەدرابا، ڕەنگە ئێستا لە مۆزخانەی بریتانیا دانرابا.

- گرنگی مێژووی وێنەکان؛ لە تەلارسازییەوە هەتا دەگاتە ژیانی ڕۆژانە
ئەو وێنانەی کە بڵاوکراونەتەوە، کۆمەڵە بەرهەمێکن لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی کە بریتین لە، دیمەنی شارەکانی مەککە و مەدینە، دیمەنی چالاکییە سەربازیی و ئاینییەکان، پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و شارسازی، پۆرترێت و ڕووخساری خەڵک و سەربازان و هەروەها چەندین دیمەنی ئەفغانستان و دەشتی حیجاز.
بە گوتەی سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوو، هونەر و کولتووری سەر بە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی پرۆفیسۆر جەنگیز تۆمار، هەر وێنەیەک، گێڕانەوەی کتێبێکە و ئەو کۆمەڵە بەرهەمە یارمەتیدەرێکی بەهێزن بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی زانستی و بڵاوکردنەوەی کتێب و بابەتەکان.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوو، هونەر و کولتووری سەر بە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی (IRCICA) ڕادەگەیەنێت کە بە دیجیتاڵکردن و ڕێکخستنەوەی ئەو بەرهەمانە بەشێکی گەورەیە لە پڕۆژەکانی ئەو ناوەندە بۆ دەستپێڕاگەیشتن هەموو توێژەران.
