بورسە.. ملوانکە و گوارەی گوڵدار
زێڕینگرێک بە بەکارھێنانی گوڵی سروشتی و زیو زیاتر لە سێسەد و پەنجا گوارە و ملوانکەی گوڵدار بەرھەم دەهێنێ.
بورسە
لە شاری بورسەی باكووری رۆژئاوای توركیا زێڕینگرێك بە تێكەڵكردنی كانزا جوانكارییەكان لەگەڵ گوڵ، ملوانكە و گوارە بەرھەمدەھێنێ.
زێڕینگر سەفەر قەرەزەیبەق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پتر لە ٣٠ ساڵە زێڕینگرم و بەدەر لە كارەكانی خۆم زۆر گرنگی بە ھونەری دەستیی دەدەم و كاتەكانمی بۆ تەرخان دەكەم، جوانكاری و نەخشاندنم بۆ سینی، بەرداخ، قاپ، كەوچك كردووە و زۆر تابلۆم بە نەخشی جیاوازەوە كێشاوە، ھەروەھا ژمارەیەكی زۆر پەیكەرم لە زیو و ماددەی دیكە دروستكردووە."
قەرەزەیبەق ھەروەھا گوتی: " شتە سروشتییەكان زۆر جوانن، ھیچ دەستكردێك ناگا بە خۆرسك و سروشت، ھەر بۆیە لەماوەی ٣٠ ساڵ ئەزموونی كاركردنمدا زیاتر حەزمكردووە بە شێوازێكی نزیك لە كلاسیكییەوە بەرھەمەكان پێشكەش بە خەڵك بكەم، خەڵكی زووو زوو مۆدە دەگۆڕن و شتێكیان ناوێ تەواو كلاسیك بێ، ئەوە وایكرد ناچاربم بیر لە رێیەكی جیاوازتر بكەمەوە بۆ بەرھەمھێنان."
قەرەزەیبەق لەبارەی بەرھەمە تازەكانییەوە گوتی: "وەك بڵێی بێزاربووم لە پێشكەشكردنی بەرھەمی دووبارە، ئەمجارەیان دوای بیركردنەوەیەكی زۆر كانزاكانم ھێناو لەگەڵ گوڵی سروشتیی تازە و زیندوو تێكەڵمكردن و لە دیزاینێكی تا رادەیەك كلاسیكیدا كۆمكردنەوە، بۆ ئەوەی جوانی و بۆن و بەرامی گوڵەكە وەك خۆی بمێنێتەوە، ماوەیەك تاقیكردنەوە و پشكنینی رووەكزانیم ئەنجامدا و لەوبارەیەوە زانیاریم كۆكردەوە تا رێیەكی سەركەوتووم دۆزییەوە بۆ پاراستنی گوڵ، ھەموو ئەو تاقیكردنەوە و پشكنینانە ساڵێكیان خایاند، ئامادەكردن و سازاندنی بەرھەمەكان بەو شێوەیەی دەمویست شەش مانگی خایاند، كەواتە ساڵ و نیوێكی تەمەنم كردۆتە قوربانی ئەو بەرھەمانە."
هەروەها لەبارەی ئامادەكردنی گوڵەكان گوتی: " پێویستە ئەو گوڵانەی بۆ بەرھەمەكانم بەكاریاندێنم بەشێوەیەكی جیاواز بڕوێنرێن و چاودێری بكرێن، بۆ ئەو مەبەستە لە ناحیەی چاكڕڵیی سەربە شارۆچكەی ئۆرھان گازی، شوێنێكی دیاریكراوم بۆ گوڵەكان تەرخانكردووە."
مەبەستی قەرەزەیبەق لەو كارە جیاوازەیدا گۆڕانكاری و گرنگیدانە بە بەرھەمی سروشتی، پێیوایە بەرھەمی سەدا سەد دەستكرد چێژ و جوانی نادا بەدەستەوە، بۆیە پێویستە سروشتێكی زیندو و رۆح بە بەرھەمەكان بدات، بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە.
قەرەزەیبەق تا ئێستا بەبەكارھێنانی گوڵ و تێكەڵكردنی لەگەڵ زیو نزیكەی ٣٥٠ بەرھەمی ئامادەكردووە و بە نیازە لە پیشانگایەكی تایبەتدا پیشانی خەڵكیان بدا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
