باراک ئۆباما ستایشی پێشمەرگە دەکات
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باراک ئۆباما: " ئەوەمان بینی کە لە گۆڕەپاندا هاوپەیمانییەتی بەهێزمان هەیە لە دژی رێکخراوی تیرۆرستی داعش، لە عێراق بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی ئاسمانی هێزەکانی پێشمەرگە توانیان شەنگال رزگار بکەن"
ئەنتاڵیا
ئەنتاڵیا
دوا بەدوای کۆبوونەوەی لوتکەی جی ٢٠، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باراک ئۆباما کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باراک ئۆباما باسی لە بارودۆخی پەنابەران کرد و گوتی: " ئاگاداری ڕەوشی پەنابەرانم کە لە چەند بارودۆخێکی ناوخۆشدا دەژین، باوەڕناکەم هیچ وڵاتێک بتوانێت بەقەد تورکیا پەنابەر داڵدە بدات کە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزات پەنابەری سووری داڵدە داوە، پێویستە هەموومان ئەوەی لەسەرمانە بۆ پەنابەران ئەنجامی بدەین".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێکدا دەربارەی بەکارهێنانی هێزی زەمینی لەلایەن ئەمریکاوە، ناوبراو گوتی: "ئەوە رێگەچارە نیە، گریمان سەربازمان نارد، بە سەدان سەربازمان لێدەکوژرێت بە ملیۆنان دۆلار خەرجیمان دەبێت. باشترین شت ئەوەیە بەرلەوەی تەقە بکەیت نیشان بگریت، ئەوەی گرنگە ستراتیژیەکی سەرکەوتوو بەکاربهێنین".
سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری ئایا ئەو پەلامارانەی داعش کاریگەریان لەسەر موسوڵمانان دەبێت، باراک ئۆباما گوتی: "ئەو بابەتەمان لە کوبوونەوەی لوتکەی جی ٢٠ زۆر باسکرد، زۆرینەی قوربانیانی دەستی داعش موسوڵمانانن، داعش نوێنەرایەتی موسوڵمانان ناکات".
ناوبراو گوتی: "پەلامارەکەی پاریس تابلۆیەکی ناشرینی داعش بوو، ئەوانە کاری تیرۆرستیە و دورن لە ئیسلام، تیرۆرستان بە هەڵە لە ئیسلام گەشتوون".
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باراک ئۆباما گوتی:"تیرۆرستان کاری زۆر قێزەون لە ژێرناوی ئاینی ئیسلام ئەنجام دەدەن، پێویستە بەهەرشێوەیەک بێت رەگی تیرۆر لە ژێرەوە دەربهێنین".
باراک ئۆباما باسی لە کارەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد و گوتی: " ئەوەمان بینی کە لە گۆڕەپاندا هاوپەیمانییەتی بەهێزمان هەیە لە دژی رێکخراوی تیرۆرستی داعش، لە عێراق بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی ئاسمانی هێزەکانی پێشمەرگە توانیان شەنگال رزگار بکەن، لە ئێستادا هەوڵدەدەین ڕەمادیش رزگاربکەینەوە. داعش لە بەشێکی زۆری سنوورەکانی نێوان سووریا - تورکیا پاشەکشەی پێکرا، یارمەتیەکانمان بۆ هاوپەیمانان زیاد کردووە تاکو رێگای سەرەکیەکانی رەقە بەرووی داعش دابخەن".
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەرئەوەی کە داعش لاواز بووە بە بەراورد بە چەند ساڵە و لە ئێستادا ناوچەیەکی زۆری لێسەندراوەتەوە لە سووریا و گوتی: " بۆ تەواو لەناوبردنی داعش پێویستە وڵاتانی زیاتر بەشداری بکەن و هاوپەیمانیەتییەکە بکەن"
دوابەدوای کۆنگرەکەش سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەمەبەستی سەردانی کردنی وڵاتی فلیپین تورکیای بەجێهێشت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
