قۆناغی دوای عادل عەبدولمەهدی و چارەنووسی عێراق
جوان ئیحسان: "ئەستەمە لەمیانی دوو هەفتەی دیاریکراودا کوتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان بتوانن کەسایەتییەک دەستنیشان بکەن و قەیرانێکی سیاسیی یەخەی عێراق دەگرێت".

As Sulaymaniyah
سلێمانی-AA
دوای بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی، مشتومڕەکان لەبارەی دۆخی عێراق دوای ئەو قۆناغە گەرمتر دەبێت.
بۆ قسە و باس لەسەر ئەو پرسە ئاژانسی ئانادۆڵو هەڤپەیپینێکی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جوان ئیحسان ئەنجامدا.
سەرەتا لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی کە ئایا لەنێو پەرلەمانتاران و لایەنە سیاسیەکاندا هیچ کۆبوونەوەیەک کراوە، جوان ئیحسان گوتی: "لەو بڕوایەدام کە لەناو حکوومەتدا و لەسەر ئاستی حزبە کوردستانییەکان قسەی لەسەر کرابێت، وەکو پەرلەمان هێشتا تا ئەم کاتە هیچ کۆبوونەوەیەک نەکراوە، ئەویش دوای ئەوەی کە لە رێی راگەیاندنەکانەوە دەستلەکارکێشانەوەکەی ئاشکرا کرد کە هەینی بوو، ئێستا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت پرۆسەی دەستلەکارکێشانەوەکە لەناو پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت و رەزامەندی وەربگرێت، بەڵام ئەوەی کە حزبە کوردستانییەکان یان سیاسەتی کوردی تێڕوانینیان چۆنە لەسەر ئەمە، تا ئێستا هیچ گوتارێکی رەسمی نییە چونکە دەبێت بەڕێز سەرۆکوەزیران بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەش بکات".
سەبارەت بەو شاندەی هەرێمی کوردستان کە سەردانی حکوومەتی عێراق دەکەن و لەگەڵ بەرپرساندا کۆدەبنەوە بۆ رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم لەسەر پرسە هەڵواسراوەکان، ئایا دوای دەستلەکارکێشانەوەکە لەگەڵ کێدا دەتوانن دانیشتن ئەنجام بدەن، جوان ئیحسان ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر بێت و حکوومەت دەستلەکاربکێشێتەوە حکوومەتی کاربەڕێکەر دەستبەکار دەبێت چونکە حکوومەتی پێشتر کارەکانی خۆی تەواوکردووە و بەهەرجۆرێک بێت کارەکانی حکوومەت ناوەستێت، پەرلەمانیش رەوایەتی خۆی لەدەست نەداوە، بۆیە ئەگەر پرۆژە بوودجەی ٢٠٢٠ بێتە پەرلەمان ئەوا رێکارەکان رێڕەوی ئاسایی خۆیان وەردەگرن".
سەبارەت بە مشتومڕکردنی پرۆسەی دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی لەناو پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جوان ئیحسان ئاماژەی بەوەدا کە دەنگدان لەسەر ئەمە دەکەوێتەوە سەر رێککەوتنی سیاسی لایەنەکان، بە حوکمی ئەوەی تێڕوانینە سیاسییەکان و رێککەوتنەکان بەدرێژایی مێژووی عێراق و پێشتریش رۆژ بەرۆژ گۆڕاوە، سەختە بتوانرێت زامنی بیروبۆچوونی یەکلاکەرەوەی ئەمڕۆ بدرێت لەسەر پرسەکان، بەڵام بەپێی ئەو دیدەی ئێستا هەیە، کاتێک عادل عەبدولمەهدی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی رادەست دەکات، خواستی هەیە بۆ دەستلەکارکێشانەوە، دەکەوێتە سەر ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی دەستەبەر و پشتگیریکاری بووە لەنێو شیعەکان، ئایا ئەوان ئێستا دەستیان لەو هەڵگرتووە یان نا، پێشتر راستە بە ئاشکرا لەنێو گرووپێکی سیاسییدا نەبووە، بەڵام بەشێکی زۆری شیعەکان لەگەڵی بوون و زۆربەیان پێشتر ناڕازی بوون بۆ دەستلەکارکێشانەوەی. ئێستا کەوتۆتە سەر بیروبۆچوونی ئەو کوتلە سیاسییانە کە بەچی ئاراستەیەکدا بیر دەکەنەوە سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەکەی.
سەبارەت بەو هەواڵانەی کە باس لە هەوڵەکان دەکەن بۆ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جوان ئیحسان بەدووری زانی کە دۆخێکی لەو چەشنە بێتە ئاراوە کە سەرۆکی پەرلەمانیش دەستلەکاربکێشێتەوە، چونکە کشانەوەی دەسەڵاتی تەشریعی، وڵات دەخاتە گێژاوێکی گەورەوە و بەئەستەمی زانی کە هەریەک لە سەرۆکایەتییەکانی حکوومەت، پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار دەستلەکاربکێشنەوە و ئەو کارەی بەئەستەم زانی، بەتایبەت لەکاتێکدا کە ئێستا دەسەڵاتی پەرلەمان چەندین ئەرکی قورسی لەپێشە لەوانە داواکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی سەرۆکی حکوومەت دەچێتەوە بەردەستی، هاوکات پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقی دوای قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەکە جارێکی تر دەچێتەوە پەرلەمان.
جوان ئیحسان سەبارەت بە قۆناغی دوای عادل عەبدلمەهدی رایگەیاند، دوای ئەوەی کە حکوومەت متمانەی لێ دەسەندرێتەوە یان لەسەرکار دووردەخرێتەوە، حکوومەت دەبێتە حکوومەتی کاربەڕێکەر، لەو ماوەیەدا سەرکۆمار داوا لە گەورەترین کوتلە دەکات کەسێک دەستنیشان بکەن بۆ سەرۆکی حکوومەت، گەورەترین کوتلە بەپێی پێناسەی دادگای فیدال ئەوەیە کە کوتلەیەک لەنێو پەرلەمان دروست دەبێت نەک ئەوەی لەنێو هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە و گوتی: "ئەوان کەسێک هەڵدەبژێرن، دواتر سەرکۆمار داوا لەو کەسایەتییە دەکات کە لە میانی ٣٠ رۆژدا دەبێت حکوومەتەکەی پێکبهێنێت بەپێی ماددەی ٧٦ی دەستووریی عێراقی فیدرال. دواتر ئەو کەسە حکوومەتەکەی پێکدەهێنێت و دێتە بەردەم پەرلەمان، کابینە و بەرنامەی حکوومەتەکەی دەهینێتەوە بەردەم پەرلەمان، دەبێت لانیکەم ٤٨ سەعات پێش وادەی دەنگدان لەسەری بگات بە دەستی پەرلەمان، تاکو ئەندامانی پەرلەمان، سی ڤی هەریەک لە ئەندامانی کابینەکەکەیان لەبەردەستدا بێت و بزانن کە دەنگ دەدەنە کێ. یان ئایا بەرنامەی حکوومی چییە، چونکە کاتێک عادل عەبدولمەهدی دەستلەکاردەکێشێتەوە، بەرنامەی حکوومەتەکەشی لەگەڵی دەڕوات. دەبێت بەرنامەی حکوومەتی نوێ بێتە ئاراوە".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جوان ئیحسان بەدووری زانی بتوانرێت لە میانی دوو هەفتەی دیاریکراوەدا کوتلە سیاسییەکانی پەرلەمان بتوانن کەسایەتییەک دەستنیشان بکەن بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی حکوومەت و قەیرانێکی سیاسیی یەخەی عێراق دەگرێت و رایگەیاند کە ئاسان نییە کە دیاری بکەیت گەورەترین کوتلە کێیە، یان چۆن دروست دەبێت. هاوکات ئاشکرای کرد کە ئێستا نێوانی کوتلە شیعەکان هیچ باش نییە و گوتی: "ئێستا کوتلەکانی فەتح و عەسائیب بەیەکەوە لە ئاراستەیەکدان، هاوکات سائیرون کە خاوەنی ٥٤ کورسییە لە ئاراستەیەکی تردایە. ئایا ئەمانە چۆن ریکدەکەون لە بنەڕەتەدا ماڵی شیعە کۆک نین لەنێو خۆیاندا لە لایەک و لە لاکەی ترەوە، نێوانی کورد و سوننە و شیعە ئەوەش پرسێکی ترە".
جوان ئیحسان ئاماژەی بەوەدا کە لەکاتی دیاری نەکردنی کەسایەتییەک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە میانی ٣٠ رۆژەکەدا کە لەلایەن سەرکۆمارەوە راسپێردراوە یان ئەگەر نەتوانرا لەو ماوەیەدا حکوومەتە نوێیەکە پێکبهێنرێت، ئەوا ئەو لێی دەبوردرێت و سەرکۆمار بەهەمان شێوە کەسێکی تر رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت.