Arbil
دھۆک - AA
پڕۆژەی بەرھەمی ماسی دھۆک، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و تەواوکاری بەرھەمی کشتوکاڵییە لە ھەرێم، کە لەئێستادا زیاتر لە ٥٠٠ دەرفەتی کاری بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ ھاووڵاتییان ڕەخساندووە، تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووشی تێدا بەکار ھێندراوە و ساڵانە نزیکەی ھەزار تۆن گۆشتی ماسی بەرھەم دەھێنێت.
بەرێوەبەری پڕۆژەی بەرھەمی ماسی دھۆک، شوکری عومەر بە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "پڕۆژەکەمان گەورەترین پڕۆژەی بەرھەمی ماسی یە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کە لە سەر ڕووبەری ٢٢٩ دۆنم دروستکراوە، پڕۆژەکە لە چوار بەش پێکدێت، ھەڵھێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەزی ماسی.
ئامانج لە دروستکردنی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە بۆ ئەوەی بتوانین خواستی ناوخۆی دھۆک پڕ بکەینەوە، ساڵانە پڵانی فراوانکردنی پڕۆژەکەمان ھەیە، بە شێوەیەک کە ھەموو وەرزی ساڵ ماسیمان ھەبێت، ئەم ساڵ ھەزار تۆن گۆشتی ماسیمان بەرھەم ھێناوە و ساڵانە ئەو رێژەیە زیاد دەکەین، ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار پەنجە ماسیمان خستووەتە ناو پڕۆژەکە، یەکێک لە گرنگیەکانی ئەم پڕۆژەیەش ئەوەیە کە دەرفەتی کارمان بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ نزیکەی ٥٠٠ کەس ڕەخساندووە".
بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، خەڵکی دھۆک ساڵانە پێویستیان بە زیاتر لە چوار ھەزار تۆن ماسی ھەیە بۆ خواردن.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دھۆک، رێدیر سدقی ئاماژە بەوە دەکات، بێجگە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کە ساڵانە پارێزگای دھۆک بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ پێویستی بە چوار ھەزار و ٥٠٠ تۆنی گۆشتی ماسی ھەیە و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گەورەترین پرۆژەی بەرھەمی ماسی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکەوێتە پارێزگای دھۆک، ئێمە وا دەبینین ئەم ھەنگاوە خاڵێکی گرنگە بۆ بۆنیاتنانی ژێرخانی ئابووری ھەرێم و بۆ دابینکرنی گۆشتی ماسی بۆ بازاری ناوخۆی دھۆک و پارێزگاکانی تری ھەرێمی کوردستان".
نرخی یەک کیلۆ ماسی برژاو لە میوانخانەکانی دھۆک لە نێوان ١٤ تاوەکو ١٦ ھەزار دینارە و ڕۆژانە ھاووڵاتیان بۆ خواردنی ماسی سەردانی چێشتخانەکان دەکەن، گەنجێک لە چێشتخانەیەکی دھۆک بە ناوی دەردا فازل محەمەد، کە ماسی برژاو ئامادە دەکات بە ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خەڵک زیاتر گرنگی بە ماسی زێ و ڕوبارەکان دەدات، ئەو ماسیەی سەرچاوەی ئاوەکەی پاک بێت، داواکاری زیاتری لەسەرە، ئێمەش بۆ چێشتخانەکەمان بەردەوام بەدوای ئەو ماسیانەدا دەگەڕێن کە لە ئاوێکی پاکدا بەخێو بکرێن، ئەو ماسیەی سەرچاوەکەی لە دەرەوە بێت زۆر خواستی لە سەر نیە، چونکە ئێمە نازانین چون بەخێو دەکرێن، زیاتر خەڵک داوای ماسی ناوخۆیی دەکات، لە بەرئەوی تامی قوڕ لێنایەت".
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم ٣٣٢ پڕۆژەی حەوزی بەخێوکردنی ماسی لە ھەرێم ھەن (٣١٠ حەوزی خۆڵی، ١١ حەوزی کۆنکریتی، ١١ حەوزی قەفەس)ین، بەرھەمی ماسی لە ھەرێم ساڵانە زیاتر لە سێ ھەزار و ٥٠٠ تۆن ماسییە؛ ھەرێم پێویستیی بە نزیکەی ٨٠ ھەزار تۆن ماسییە لە ساڵێکدا، تا بگاتە ئاستی خۆبژێوی.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
