توركيا, ئابووری, ژيان

گەنجێکی سلێمانی لەزەتی خواردنی کوردەواریی بردووەتە ئیستانبوڵ

بەختیار لەتیف: "سێ ساڵ پێش ئێستا هاتینە ئیستانبوڵ، حەزمان کرد چێشتخانەیەک بکەینەوە کە خواردنی کوردەواریی هەبێت، لەگەڵ هاوژینەکەم هەڵساین ئەم چێشتخانەیەمان کردەوە، سەرجەمی کارمەندەکانمان هاووڵاتی شارەکانی هەرێمن".

Rewa Mahmood Hasan  | 21.02.2022 - نوێکردنەوە : 23.02.2022
گەنجێکی سلێمانی لەزەتی خواردنی کوردەواریی بردووەتە ئیستانبوڵ

As Sulaymaniyah

ئیستانبوڵ - AA رەوا مەحمود حەسەن

هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان کە دانیشتووی وڵاتی تورکیایە، لە ناوچەی فاتیح-ی ئیستانبوڵ، چێشتخانەیەکی کوردەوارییانە دەکاتەوە و، سەرجەم ئەو خواردنانەی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، لەوێ پێشکەیشی ئەو کەسانەی دەکات کە سەردانی چێشتخانەکە دەکەن.

بەختیار لەتیف تەمەن ٣٨ ساڵ، کە خەڵکی شاری سلێمانییە و، ئێستا لەگەڵ هاوژینەکەیدا لە شاری ئیستانبوڵ چێشخانەیەکیان بەناوی چێشتخانەی سلێمانی کردووەتەوە، لەزەتی خواردنی کوردەوارییان گەیاندووەتە شاری ئیستانبوڵ و لەوێ پێشکەیشی هاووڵاتیانی دەکەن.

بەختیار لە تیف باس لە بیرۆکە و کردنەوەی چێشتخانەکە دەکات و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "سێ ساڵ پێش ئێستا هاتینە ئیستانبوڵ، حەزمان کرد چێشتخانەیەک بکەینەوە کە خواردنی کوردەواریی هەبێت، لەگەڵ هاوژینەکەم هەڵساین ئەم چێشتخانەیەمان کردەوە، سەرجەمی کارمەندەکانمان هاووڵاتی شارەکانی هەرێمن، ناومان نا چێشتخانەی سلێمانی، ماوەی سێ ساڵە خۆمان و ستافەکەمان کاری تیادا دەکەین، هەموو خواردنەکانمان کوردەوارییە، لەهەفتەیەکدا، رۆژانی سێشەممە و پێنجشەممە خواردنی تایبەتمان هەیە، رۆژانی سێشەممە قەل و قازمان هەیە، رۆژانی پێنجشەممەیش تایبەتە بە سەروپێ بەشێوازی کوردەوارییانە. نانی گەرم و برنجی تایبەتی کوردییش پێشکەیش بە میوانەکان دەکەین''.

بەختیار لە باسکردنی خواردنەکانیاندا و، سەبارەت بە چۆنیەتی ئامادەکردنییان ئاماژە بەوە دەکات کە، ئەوان تەواوی خواردنەکانیان ئۆرگانیکن و لە لادێکانی چواردەوری شاری ئیستانبوڵەوە هاوردەی دەکەن و بەشێوازی کوردەوارییانە ئامادەی دەکەن و دەڵێت: "کاتێک ئێمە دەڵێین کەڵەشێر یان قاز لە چێشتخانەکەماندا هەیە، ئەوا لە گوندەکانی نزیک شاری ئیستانبوڵەوە هەفتانە خۆم دەچم دەیهێنم، لەوێ خۆمان سەریدەبڕین و پاکی دەکەین و بە چاککراوی دەیهێنینەوە و لێرە بەشێوازی کوردەوارییانە ئامادەی دەکەین. هەروەها ماسی کارب، یەکێکی دیکەیە لەو جۆرە خواردنانەی هەرێمی کوردستان کە لێرە کەم دەستدەکەوێت، ئێمە پەیدای دەکەین و، لەسەر خەڵووز بەدەستووری لای خۆمان دروستی دەکەین، قەل و قازیش بە هەمانشێوە لەسەر خواستی تایبەت دەیهێنین".

ئەو خاوەن چێشتخانەیە دەشڵێت: "من و هاوژینەکەم پێکەوە خواردنەکان دروست دەکەین، ئەو شێفی سەرەکیە و منیش بەردەستیی دەکەم، بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی چێشخانەکە من زیاتر خۆم لێرە سەرپەرشتی دەکەم".

سەبارەت بەو کەسانەی سەردانی چێشخانەکەیان دەکەن بەختیار دەڵێت: "هەموو کەسێک سەردانی چێشتخانەکەمان دەکات، عەرەب، ئەورووپییەکان، هاووڵاتیانی تورکیا، ئەو کوردانەی لە ئەورووپا دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوانیش سەردانی ئێمە دەکەن، هاوکات خەڵک لە وڵاتانی ئەفریقاشەوە سەردانمان دەکەن".

لەبارەی خواستی سەردانیکارانی چێشتخانەکە، بەختیار ئاماژە بەوە دەکات ئەو هاووڵاتیانەی لە هەرێمەوە دەچنە تورکیا زۆرجار حەز بەخواردنی کوردەواری دەکەن و سەردانی چێشتخانەکەیان دەکەن و لەمبارەیەوە دەڵێت: "هەرکەسێک بێتە چێشتخانەکە و داوای خواردن بکات، ئێمە بەپێی خواستی ئەو کەسە خواردنەکە دروست دەکەین. هەموو رۆژێکیش خواردنی کوردەوارییمان هەیە. بەپێی وەرزەکانیش خواستی سەردانیکاران دەگۆڕێت بۆ خواردنە کوردەوارییەکان، بۆ نموونە لە ئێستادا کە وەرزی زستانە، زۆرێک لە سەردانیکاران دێن داوای قەل، قاز و کەڵەشێر و بەتایبەتیش سەروپێ دەکەن کە بە شێوازی کوردەواریی دروست کرابێت. لە وەرزی هاوینیشدا داوای دۆڵمە و یاپراخ دەکەن کە بە گەڵا مێو دروست کرابێت".

لەبارەی جۆری خواردنەکانیشەوە، بەختیار لەتیف دەڵێت: "ئێمە لێرە کۆمەڵێک خواردنمان هەیە، لەوانە قەل،قاز، کەڵەشێر، یاپراخی گەڵا مێو، سەروپێ، کوبە، کفتەی سابونکەران، ماسی کارب و چەندین جۆری دیکەی ماسی تایبەت بە تورکیا".

نزار عەلی یەکێک بوو لەوانەی سەردانەی چێشتخانەی سلێمانی لە ئیستانبوڵ کردبوو، ئەو بەدەم داوا کردنی خواردنە کوردەوارییەکانەوە باسی لە لەزەت و تامی خواردنەکان دەکرد و گوتی: "من زۆربەی رۆژەکان ئەگەر کاتم نەبێت بچمەوە ماڵ، ئەوا دێمە ئێرە بۆ ئەوەی تامی خواردنە کوردەوارییەکان بکەم، بەڕاستی دەستخۆشی لە کارمەندانی ئەم چێشتخانەیە دەکەم کەوا لەزەتی کوردەوارییان هێناوەتە ئێرە".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın