ئابووری, شیکردنەوە, عێراق

گه‌نده‌ڵی مۆته‌کەیه‌ك کە عێراق راپێچی لێواره‌كانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌كات

سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی "نهرین" بۆ شه‌فافییه‌ت و ده‌ستپاكی، محه‌مه‌د ره‌حیم روبه‌یعی: "له‌ هه‌موو كه‌رته‌كاندا گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌، بڕی گه‌نده‌ڵییه‌كانی كه‌رتی گه‌یاندن كه‌متر نییه‌ له‌ داهاتی ئه‌و نه‌وته‌ خاوه‌ی له‌ عێراق ده‌رهێنراوه‌"

Hemn Baban  | 06.10.2019 - نوێکردنەوە : 08.10.2019
گه‌نده‌ڵی مۆته‌کەیه‌ك کە عێراق راپێچی لێواره‌كانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌كات

Arbil


ھەولێر - AA

محەمەد روبەیعی دەڵێت "بەشێک لە دەزگا چاودێرییەکانی عێراق خۆیان بەدەستی گەندەڵییەوە دەناڵێنن".

ساڵی ٢٠١٥ ئەوێ کات کە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، عادل عەبدولمەھدی ئەو وەزارەتەی بەدەستەوە بوو کە زۆرترینی داھاتەکانی عێراقی لێوە وەدەست دێت (وەزارەتی نەوت)، رایگەیاند لە ساڵی ٢٠٠٣ تاوەکو ٢٠١٥، واتە لە میانی ١٢ ساڵدا، عێراق ٤٥٠ ملیار دۆلاری بە ھۆی گەندەڵییەوە لەکیس چووە.

دوای چوار ساڵ لەو لێدوانە رۆژنامەوانییەدا ئێستا بەشێکی عێراقییەکان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە بۆ داواکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و نەھێشتنی گەندەڵی ھاتوونەتە سەر شەقامەکان و تا نووکەش بە ھۆی وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران بە تەقە و بەکارھێنانی فیشەک، نزیک بە ١٠٠ خۆپیشاندەران کوژران و زیاتر لە چوار ھەزار برینداریش ھەن.

لە پاش نۆی نیسانی ٢٠٠٣ەوە کە رژێمی سەدام حوسێن کۆتایی پێ ھات، عێراقییەکان چاوەڕوانی باشبوونی رەوشی ئابووریی وڵاتەکەیان دەکرد، گێڕانەوەی ھەموو داھاتەکانی نەوت بۆ گەنجینەی دەوڵەت، بازاڕی ئابووری، زیادبوونی ھەلی کار دیارترین ئەو دنانە بوون کە چاوییان لێ بوو، وەلێ لەوێ کاتەوە تاوەکو ئێستا لە سەردەمی ھەموو سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق "ئەیاد عەلاوی، ئیبراھیم جەعفەری، نوری مالکی، حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەھدی" خۆپیشاندان لە دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست روویانداوە، بەڵام ھیچییان بەقەد خۆپیشاندانەکانی یەم مانگە (تشرینی یەکەم) نەبوون کە ئەو ھەموو کوژراوەی لەدوای خۆی بەجی ھێشتووە.

سەرۆکی دامەزراوەی "نھرین" بۆ پاڵپشتیی شەفافییەت و دەستپاکی، موحەمەد رەحیم روبەیعی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت "ناتوانرێت بڕی ئەو پارەیەی کە بەھەدەردراوە یان بەگەندەڵی براون لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بزانرێت، چونکە دەروازەکانی گەندەڵی لە عێراق زۆرن، کەرتی نەوت، کەرتی بازرگانی، سەربازی، کەرتی گەیاندن کە ئەوەی لێی بەگەندەڵی براوە دەگاتە ئاستی ھەموو ئەو نەوتە خاوەی لە عێراق دەرھێنراوە، گەندەڵی لە گرێبەستی گشتی لە باجەکان لە گومرک لە ھەموو شوێن ھەیە، ھەموو سیاسەتمەدارانی عێراق، ھەموو حزبەکان لە دەرەوەی عێراق پارەیان ھەیە و پارەکانیشیان زەبەلاحن".

سەبارەت بە کاردانەوەی ئەو گەندەڵییە لەسەر ژیانی عێراقییەکان دەڵێت "ئەو گەندەڵییە زۆر کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی خەڵک دروستکردووە و وایکردووە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی سفردا بن، بەتایبەت لە کەرتی تەندروستی و لە کەرتی خزمەتگوزاریی گشتی بۆیە ئەمە پێویستی بە شۆڕشێکە بۆ ئەوەی حکوومەت بێتە کایەوە خزمەتگوزاری بۆ گەلانی عێراق دەستەبەربکات".

ئەو دەشڵێت "عێراق یەکێکە لە گەندەڵترین وڵاتانی جیھانە، ھیچ رێوشوێنێک بۆ بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی نییە، ھیچ ئەنجامێک بۆ لابردنی گەندەڵەکان و لێپرسینەوە لێیان نییە، بەڵام ئێستا ئومێدێک ھەیە بەتایبەت لەو یاسایانەی کە لەئەمساڵدا پەسەند دەکرێت ئەویش یاسای شەفافییەتی بوودجەیە کە لەسەر بوودجەی ٢٠٢٠ جێبەجێ دەکرێـت، ھەروەھا یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاریی کە رۆڵی باشی دەبێت، لەپاڵ چەند یاسایەکی دیکە".

ئەگەرچی ئامارێکی ورد لەبارەی قەبارەی گەندەڵییەوە نییە، بەڵام دەستەی دەستپاکی عێراق باس لە بەھەدەردانی زیاتر لە ٣٢٠ ملیار دۆلاری کردووە تاوەکو ساڵی ٢٠١٧، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لە راپۆرتی نێودەوڵەتیی شەفافییەت عێراق لە ریزبەندی گەندەڵترین وڵاتانی جیھان جێی گرتووە.

لە ٢٠١٧ لە کۆی ١٨٠ وڵات عێراق لە ریزبەندی ١٦٩دا بوو، ساڵی پێشتریشی واتە ٢٠١٦ عێراق چوارەم گەندەڵترین وڵاتی عەرەبی بوو لە دوای سۆماڵ، سوودان، لیبیا، لە ساڵی ٢٠١٨یش ریزبەندی ١٦٨مین وڵات بووە.

ئێستا لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق خۆپیشاندەران داوای نەھێشتنی گەندەڵی دەکەن کە لە ٢٠٠٣ەوە تاوەکو ٢٠١٥ بوودجەی وڵاتەکەیان ٨٥٠ ملیار دۆلار بووە و زیاتر لە نیوەی بەپێی قسەکانی عەبدولمەھدی بەگەندەڵی بەھەدەر دراوە.

سەرۆکی دامەزراوەی نەھرێن لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەشڵێت "گەندەڵی لە ھەموو کەرتەکاندا ھەیە، بەتەنھا نەوت نییە، گەندەڵی رەنگە لە بەقاچاخبردنی نەوت ھەبێت، چونکە داھاتەکانی نەوت دیارن، بەڵام پرسی گەیاندن، گومرک، گواستنەوە ئیمپراتۆرییەتی گەندەڵی ئەو کەرتانەیان قۆرخکردووە".

سەبارەت بەنەبوونی رێککارەکان بۆ بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی و شکتسھێنانی ھەوڵەکان روبەیعی دەڵێت "حکوومەتەکانی دوای ٢٠٠٣ نەیانتوانیوە گەندەڵی رابگرن، چونکە ھەموو حزبەکان بەدوای دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتی گەندەڵییەوە بوون، ئێستا بارودۆخی عێراق جیاوازە، عێراق لە راپۆرتەکانی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لە دواوەیە ئەوەش ھۆکاری زۆرە، چەندین یاسا ھەن کە عێراقی پێویستی بەوەیە پەسەندیان بکات، وەکو یاسای نەوت و غاز و یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاری و نەبوونی یاسای ئازادی رۆژنامەنووسی و چەندین یاسای دیکە".

لەبارەی بوونی چەندین دەزگا و لایەنی پەیوەست بە بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق و دیارنەبوونی کارەکانی ئەوان و کارنەکردنییان وەکو پێویست بۆ بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی، موحەمەد رەحیم روبەیعی بە ئانادۆڵوی راگەیاند "لە راستییدا دیوانی چاودێری دارایی رۆڵی ھەیە لە بەرنگاربونەوەی گەندەڵی، بەڵام کێشەی دیکە زۆرن، عێراق بەتایبەت تاوەکو ئێستا ھیچ لە راپۆرتی وردبینی دارایی پەسەندنەکردووە، چونکە ھەموو خەڵکی عێراق دەزانن کە بوودجەی ساڵی ٢٠١٤ بەنموونە ھەمووی دزرا، ئەمەش کێشەیە و لەم خاڵە دەوەستن، ھەروەھا دەستەی دەستپاکی دەستەیەکی لێکۆڵینەوەیە، یەکلاییکردنەوەی پرسەکان لە لای دادگەیە، ئەمیش لەژێر دەسەڵاتی سیاسییەکانە و حزبەکان کۆنتڕۆڵیان کردووە و بەسیاسیی کراون، لەگەڵ ئەوەشدا مافیاکانی گەندەڵی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لێژنەکانییەوە دەست پێ دەکەن، راستە پەرلەمانتاری باشیش ھەن، بەڵام پێویستە پەرلەمان رۆڵی گەورەی ھەبێت بۆ بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەداخەوە بەشێک لەوانەی لە دەستەکانی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵین خۆیان گەندەڵن و دەستە چاودێرییەکان بەدەست گەندەڵی خۆیانەوە دەناڵێنن".

لە کۆتایی قسەکانیشدا روبەیعی دەڵێت ئەگەر یاسا جێبەجێ بکرێت ئەوانەی پێویستە بخرێنە زیندانەوە زۆر زۆر دەبن، دەشڵێت "بەگشتی دەتوانین بڵێین گەندەڵی زیاتر لە ٣٠ لەسەدی بوودجەکانی عێراقی داگیرکردووە، وە ئەمەش لە کەرتێک بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت، بۆ نموونە رێژەی گەندەڵی لە کەرتی گومرک دەگاتە ٦٠ لەسەد، پێش دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو رێژەیە ٩٥ لەسەد بوو، داھاتەکانی گومرک کە دەبێت پێنج ملیار دۆلار بێت لە ساڵێکدا کەچی تەنھا دوو ملیار دۆلارە، ھەروەھا لە کەرتی تەندروستی بەتەنھا لە گرێبەستی کڕینی ڤاکسین کە ١٢ ملیۆن دۆلاربوو ١٠٠ ملیۆن دۆلار نووسراوە، واتە ٨٨ ملیۆن دۆلار بەگەندەڵی بەھەدەر دراوە".

سندوقی گەشەپێدانی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٤ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دروستکرا و لە ساڵی ٢٠٠٩ بڕی ١٦٥ ملیار دۆلاری تیادابوو ئەویش گەندەڵیی زۆری تیاداکراوە، نزیکەی ٥٧ ملیار دۆلاری تیادا بزربووە.

بوودجەی گشتی عێراق لە ساڵەکانی ٢٠٠٣ تاوەکو ٢٠١٩، واتە لەو ١٧ ساڵەدا نزیکەی ھەزار و ٢٧٥ ملیار دۆلاری ئەمریکی دەبێت کە بەمشێوەیە بوون:


- ساڵی ٢٠٠٣، ١٤ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠٠٤، ١٨ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠٠٥، ٢٦ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠٠٦، ٣٤ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠٠٧، ٤٢ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠٠٨، ٧٠ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠٠٩، ٧٤ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠١٠، ٧٥ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠١١، ٨٤ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠١٢، ١٠١ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠١٣، ١٢٠ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠١٤، ١٥٠ ملیار دۆلار.
-ساڵی ٢٠١٥، ١٠٥ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠١٦، ٩٥ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠١٧، ٦٧ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠١٨، ٨٨ ملیار دۆلار.
- ساڵی ٢٠١٩، ١١٢ ملیار دۆلار.

گەندەڵی بە خراپترین دیاردەیەک دادەنرێت کە زۆر جار دەگاتە ئاستی فەرمانبەرانی ئاسایی و نەبوونی رێوشوێن بۆ بەرنگاربوونەوە و دەستگیرکردن و گێڕانەوەی پێویست بۆ پارە دزراوەکان وایکردووە دیاردەکە تەواو تەشەنە بسەنێت و چەندین ئیمپراتۆرییەتی گەورەی لێ دروست بکرێت و حزبەکانی دەسەڵاتیش پشکی شێریان بەردەکەوێت لەو دیاردەیە کە ھاووڵاتیی عێراقی نیگەران کردووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن