جيهان, ئابووری, عێراق

ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەهای لیرەی سووریایی بەرزکردەوە

Heman Hussein Yaseen  | 19.12.2024 - نوێکردنەوە : 24.12.2024
ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەهای لیرەی سووریایی بەرزکردەوە

Arbil

هەولێر - AA

ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، وێرای گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسییدا، هاوکات کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری ئەو وڵاتەش دروستکرد و بەهای لیرەی سووریایی لە دەرەوە بەرزکردەوە.

ڕۆژانی بەر لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا، بەهای یەک ملیۆن لیرەی سووریایی لە نێوان ٩٠ بۆ ١٠٠ هەزار دیناری عێراقی بوو، بەڵام لەگەڵ کەوتنی ڕژێمەکە و لە چرکەکانی سەرەتادا بەهاکەی بەرزبووەوە و لە ئێستادا بەهای یەک ملیۆن سووریایی لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر ٣٥٠ هەزار دینارە.

بە گوتەی دۆلارفرۆشان، ئەوانەی لیرەی سووریایی دەکڕن، هاووڵاتییانی هەرێمن و بە مەبەستی قازانجکردن دەیکڕن و هەڵیدەگرن بەو هیوایەی دوای پێکهێنانی حکوومەتی سووریا، بە چەند بەرامبەر بیفرۆشنەوە.

لیرەی سووریایی چەند جۆرێکی هەیە، جۆری پێنج هەزاری، دوو هەزاری، سەد لیرەیی و پەنجا لیرەیی، جۆری یەکەمیان ئەگەر لەناو نایلۆنی کەپس بێت، ئەوا بەهاکەی جیاوازە لەوەی هەمان جۆر بێ نایلۆن بێت، لە ئێستادا جۆری یەکەمیان بە ٣٥٠ هەزار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

دۆلارفرۆشێک ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە ساڵێک بوو بەهای لیرەی سووریایی جێگیربوو بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.

دۆلار فرۆش، غازی سەعدی لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی زیاتر لە ساڵێک دەبێت بەهای ملیۆنێک لیرەی سووریایی ١٠٠ هەزار دینار بوو، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بەهای لیرە لەناوخۆی سووریا کەمێک بەرزبووەوە، بەڵام لێرە بەهاکەی زۆر بەرزبووەوە و ڕۆژانە خواست لەسەر کڕینی لیرەی سووریایی زۆربوو، بەڵام لە ئەمڕۆیەوە هەست دەکەین خواستەکە کەمتر بووەتەوە".

غازی سەعدی گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان بەهای ملیۆنێک لیرەی سووریایی ٣٥٠ هەزار دینارە، بەڵام لە سووریا ١٥٠ هەزار دینارە کە جیاوازییەکەی زۆرە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە سنوورەکان داخراون، خەڵک لیرەی کڕیووە وهەڵیگرتووە بە ئومێدی ئەوەی قازانج دەکەن بەڵام بە دڵنیاییەوە قازانج ناکەن".

هاوکات دۆلارفرۆشێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەرەتای ڕووخانی ڕژێم، سووریاییەکانی نیشتەجێی هەرێم دەهاتن لە بازاڕەکان لیرەکانییان دەفرۆشت بەڵام هاووڵاتییان بە بەهایەکی زۆر دەیانکڕی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە بەهایەکی بەرزتر بیفرۆشنەوە.

دۆلارفرۆش نازم مەنتک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەر لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ملیۆنێک لیرە بە ٩٠ هەزار دینار بوو، بەڵام لەگەڵ ڕووخانی ئەسەد کە ڕۆژی شەممە بوو، ئیتر بەهای لیرەی سووریایی بەرزبووەوە، لەماوەی هەفتەیەکدا گەیشتووەتە ٤٢٥ هەزار دینار و ئێستاش بە ٣٥٠ هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت".

نازم مەنتک گوتیشی: "لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، خەڵکی سووریایی لیرەکانییان دەفرۆشت و هاووڵاتییان دەیانکڕی بە بەهایەکی زۆر زیاتر، بەو ئومێدەی کە حکوومەتی سووریا دادەمەزرێت و لیرەی سووریایی بەرزدەبێتەوە، ئەمڕۆ لە دیمەشق یەک ملیۆن لیرە بە ١٥٠ هەزار دینارە، لە هەولێر ٣٥٠ هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، بێگومان ئەمە نرخی ڕاستەقینەی خۆی نیە و بە دڵنیاییەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگاتەوە نرخی ڕاستەقینەی خۆی و جێگیر دەبێت".

دوای ٦١ ساڵ حکوومڕانی بەعس لە سووریا، لە کۆتاییدا ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەم، لە چەند بەرەیەکەوە ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و چەکدارانی دژبەری ڕژێم چوونە ناو دیمەشق و کۆتایی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد لە سووریا ڕاگەیاندرا.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın