
Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، ئاڵپارسلان بایراکتار لە هەژماری NSosyal بڵاویکردەوە، ڕۆژی ٢٧ی ئەیلوول، هەناردەکردنی نەوتی عێراق جارێکی دیکە بە ڕێگەی هێڵی گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا دەستیپێکردەوە کە بە هۆی بوومەلەرزەکانی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ بۆ ماوەیەکی کاتی داخرابوو و دواتر لە لایەن کۆمپانیای BOTAŞەوە چاککرایەوە و بۆ بەکارهێنان ئامادەکرا.
چاوەڕوان دەکرێت کردنەوەی بۆڕی گواستنەوەی نەوت کە توانای گواستنەوەی ١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەیە، کاریگەری لەسەر دابینکردنی ئاسایشی وزەی تورکیا و فرەچەشنی لە بازارەکانی وزەی جیهاندا هەبێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتى عێراق سۆمۆ (Somo) دەکرێت و بە ڕێگەی بۆڕی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان دەگوازرێتەوە.
بە پێی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامان سرووشتییەکانی هەرێم و هەروەها کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت، ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، ئاڵپارسلان بایراکتار لە کاتی هەڵسەنگانیدا لە میانی بەشدارییکردنی لە مێزی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە، ئەگەر هێڵەکە بە تەواوی توانایەوە کەڵکی لێ وەربگیرێت، ئەوە توانای ئابووری بە قەبارەی ٤٠ هەزار دۆلار هەیە و دەتوانێت لەسەدا ٤٠ی کۆی هەناردەی نەوتی عێراق کە ڕۆژانەی چوار ملیۆن بەرمیلە، جێبەجێ بکات.
- توانای ئەو بۆڕییە لەسەدا ١ی کۆی بەرهەمی جیهانییە
لێکۆڵەر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئاتڵانتیک، جۆن ڕۆبێرت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کردە کە سەرلەنوێ بەگەڕ خستنەوەی ئەو هێڵی گواستنەوەی نەوتی خاوە، کاریگەری ڕژدی لەسەر بازاڕی جیهانی هەیە و لە بەرژەوەندی تورکیا دایە.
ڕۆبێرت گوتی: "ئەو هێڵە ڕۆژانە توانای گواستنەوەی ١ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە. ئەوە لەسەدا ١ی کۆی بەرهەمی نەوتی جیهانە و یارمەتیدەری خستنەڕووی جیهانی دەبێت. بەڵام لەبەر ئەوەی زانیاریمان لەسەر دۆخی تەواوی هێڵەکە نییە، ڕەنگە نەگاتە ئاستی پێویستی خۆی".
بە گوتەی ئەو لێکۆڵەرە لە ئەورووپا هیچ کەموکوڕییەک لە خستنەڕووی بەرهەمی نەوتیدا نییە و دەڵێت: "نەوت دەشێ لە وڵاتانی کەنداوەوە هاوردە بکرێت یان لە ئەمریکای باکوورەوە. بەکارهێنانی نەوت لە هاوکێشەی وزەی ئەورووپادا بەراورد بە ڕابردوو، کەمتر بەکار دەهێندرێت".
جۆن ڕۆبێرت سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی ساکاریا، هۆکارێکی گرنگە بۆ ئاسایشی وزەی تورکیا و لەم بارەیەوە گوتی: "بەرزکردنەوەی ئاستی دەرهێنانی گازی سرووشتی تورکیا لە کێڵگەی ساکاریا، یارمەتی ئەو وڵاتە دەدات کە کەمتر گازی سرووشتی هاوردە بکات و ئەوە زۆر گرنگە. کەواتا بۆ تورکیا سەرچاوەی گرنگ ساکاریایە".
- عێراق پێویستە سەرچاوەکانی دابینکردنی وزەی خۆی زیاتر بکات
مامۆستای زانستە ڕامیارییەکان لە زانکۆی ئۆسڵو فرانچێسکۆ ساسی ڕایگەیاند کە بەکارکەوتنەوەی ئەو هێڵی گواستنەوەی بۆڕی نەوتە، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئەورووپا و بازاڕی وزەی ناوچەکە نابێت.
ساسی ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانی (بەرهەمهێنانی وزە) بە درێژایی دوو ساڵ و نیوەی ڕابردوو و بە تایبەتی ساڵی ڕابردوو لە میانی دابەزینی نرخەکان و زۆربوونی خستنەڕووی بازاڕەکان، هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەیان داوە.
فرانچێسکۆ ساسی وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی هێڵی بۆڕی گواستنەوە، ئاماژەیەکی جیۆپۆلێتیکی نوێی وزەی ناوچەکە لە نێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و تورکیا، گوتی: "عێراق پێویستە سەرچاوەکانی دابینکردنی وزەی خۆی زیاتر بکات و کەمتر چاوی لە کەنداو بێت. ئەو شوێنەی کە بە هۆی ناکۆکییەکانی ئەم دوایانە بە بەردەوام هەڕەشە بووە لەسەر کەرتی گواستنەوەی وزە. ئەو وڵاتە لە هەمانکاتدا لە هەوڵی دەستپێشخەرییەکی نوێی سیاسییە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی لە بواری بەکارهێنانی وزە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی. چڕبوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە بە ئامانجی دابینکردنی ئاسایشی وزە لە ناوچەکەدا و پێکهێنانی هێڵێکی سیاسی و ئابوورییە لە وڵاتانی کەنداوەوە بەرەو دەریای سپی".