ئابووری

نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٧١ دۆلار و ٦٥ سەنت

- هاوکات بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٦٩ دۆلار و ٥٢ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

Ebru Şengül Cevrioğlu  | 10.06.2021 - نوێکردنەوە : 10.06.2021
نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٧١ دۆلار و ٦٥ سەنت

Izmir

ئیزمیر- AA

نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە ٧١ دۆلار و ٦٥ سەنت.

دوێنێ، نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە ٧٢ دۆلار و ٨٧ سەنت و رۆژەکەی بە ٧٢ دۆلار و ٢٢ سەنت تەواو کرد.

کاتژمێر ٠٩:٠٦ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخەکان بەڕێژەی سەدا ٠،٨ دابەزینیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٧١ دۆلار و ٦٥ سەنت فرۆشرا.

لە هەمان کاتدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٦٩ دۆلار و ٥٢ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا لە وەرزی هاویندا خواست لەسەر نەوت زیاد بکات، بەڵام بەهۆی زیادبوونی یەدەگەکانی بەنزینی ئەمریکا، خواست لەسەر نەوت کەمە.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، یەدەگەکانی بەنزینی ئەو وڵاتە، هەفتەی رابردوو بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی حەوت ملیۆن بەرمیل (لەسەدا سێ) زیادی کردووە و بووە بە ٢٤١ ملیۆن بەرمیل.

هەفتەی رابردووش یەدەگەکانی نەوتی ئەمریکا، پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل (سەدا ١،١) کەمی کرد و بووە ٤٧٤ ملیۆن بەرمیل. لە کاتێکدا وا چاوەڕوان دەکرا نزیکەی دوو ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل کەم بکات، بەڵام کەمبوونەوەی یەدەگەکانی نەوت بەهۆی زیادبوونی یەدەگەکانی بەنزین هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخی نەوت دروست نەکرد.

لە لایەکی دیکەشەوە بەردەوامی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هیندستان وای کردووە، چالاکییە ئابوورییەکان لە ئاستی چاوەڕوان کراودا نەبن و ئەمەش یارمەتیدەدەرە بۆ دابەزینی نرخەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هیندستان، ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە ٢٩ ملیۆن و ٨٩ هەزار و ٦٩ حاڵەت، ژمارەی لە ئەو کەسانەشی بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٣٥٣ هەزار و ٥٢٨ کەس.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın