ئابووری, عێراق

مەلا یاسین: "بەهۆی بەرزونزمی دراوەوە جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ تورکیا لەسەدا ٢٠ کەمی کردووە"

یاسین مەحمود:"لەئێستادا لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ١٨ ملیار دۆلار لای خەڵکە و نایهێننە بازاڕ و ناشیبەنەوە بانکەکان، بەڵام لە عێراقدا زیاتر لە ١٢٠ ملیار دۆلار لای خەڵکە و متمانەیان بە بانکەکان نییە تا لەوێ دایبنێن".

Rewa Mahmood Hasan  | 09.02.2023 - نوێکردنەوە : 10.02.2023
مەلا یاسین: "بەهۆی بەرزونزمی دراوەوە جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ تورکیا لەسەدا ٢٠ کەمی کردووە"

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA رەوا مەحمود حەسەن

گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان رایدەگەیەنێت کاریگەریی دراو وایکردووە ئاڵوگۆڕ و جموجۆڵی بازرگانییمان لەگەڵ وڵاتی تورکیادا تەنها لەم دوو مانگەدا بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ کەمی کردووە.

مەلا یاسین لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە کاریگەریی بەهای دیناری عێراقی لەسەر جموجۆڵی بازرگانیی لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "لەدەستدانی بەهای دینار کاریگەریی بەرچاوی لەسەر جەستەی بازرگانیی هەرێمی کوردستان هەیە. لەبەرئەوەی جموجۆڵی بازرگانییمان بەشێکی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیە و بەشێکیشی لەگەڵ عێراقدایە. تاکو ئەم چرکەساتە دابەزینی بەهای دیناری عێراقی سەدا بیست و پێنج بۆ سی جموجۆڵی بازرگانییمانی پەکخستووە. قەبارەی سەرمایەداری لە سەرانسەری عێراقدا نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلارە. لەو قەبارەیەیش نزیکەی ٧٠ ملیاری لە هەرێمی کوردستاندایە. نزیکەی لەسەدا ٥٠ی ئەو قەبارەیە نزیک بووەتەوە لە هێڵی ترسناک و هێڵی لەدەستچوون".

گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان باسی لە مەسەلەی خواست و خستنەڕوو کرد لە کایەی بازرگانییدا و گوتی، "هەموو جووڵەیەکی بازرگانیی بریتییە لە پیشاندان و خواست. ئەو جووڵێنەرە حەقیقییەی خواست زیاد دەکات دراوە. ئەگەر لە هەر وڵاتێکدا دراو جێگیر نەبێت و بەرز و نزم بکات هەمیشە خواست کەم دەکاتەوە و پیشاندان زۆر دەکات. بەرزی و نزمی ئەمڕۆژانەی دراو دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی بۆ خەڵک دروست کردووە و خەڵک ناتوانێت وەکو پێشوو بازاڕی بکات و شتومەک بکڕێت".

گوتیشی، "من ئێستا وەکیلی کۆمپانیایەکی گەورەی مۆبیلیاتی تورکیم کە لە ٨٠ وڵاتدا لقیان هەیە، بەڵام فرۆشتنی من لە مانگی پێشوودا بەڕێژەی لەسەدا حەفتا دابەزیوە. مانگ هەبووە بایی ١٥٠ هەزار دۆلار کاڵام فرۆشتووە، بەڵام ئەم مانگە بایی ٣٠ هەزار دۆلارم فرۆشتووە. ئەمەیش لەبەر ئەوەی ئەوانەی دۆلاریان هەیە نایانەوێت یان دڵیان نایخوازێت دۆلارەکانیان خەرج بکەن. ئەوانەیشی دیناریان هەیە لە زیاندان و نایانەوێت پارەکانیان خەرج بکەن. ئەمەیش جووڵەی بازرگانی پەک دەخات. بازرگانێکی بچووکی ناوبازاڕ شتومەک بە دینار دەفرۆشێت، بەڵام کاتێک دینارەکان دەکاتەوە بە دۆلار و دەچێتەوە بۆ ئەو شوێنەی شتومەکی لێ دەکڕێت دەبینێت لەسەدا بیست پارە نەقدییەکەی کەمی هێناوە و دوایی شتەکانی بۆ ناکڕێتەوە. ئێستا لە عێراقدا جموجۆڵی بازاڕ لە چاو مانگی دوازدەی ساڵی ٢٠٢٢دا لەسەدا پەنجای وەستاوە و جووڵە ناکات".

مەلا یاسین ئەوەیشی خستەڕوو کە کاریگەریی دراو تەنها زیان بە بازاڕ ناگەیەنێت، بەڵکوو کاریگەری و زیانی زۆری لەسەر داهاتە نانەوتییەکانی دەوڵەت و حکوومەتیش دەبێت و لەبارەی جووڵە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و ئێران گوتی، "کاریگەریی دراو وایکردووە ئاڵوگۆڕ و جموجۆڵی بازرگانییمان لەگەڵ وڵاتی تورکیادا تەنها لەم دوو مانگەدا بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ کەمی کردووە. لەگەڵ وڵاتی ئێرانیش بەڕێژەی لەسەدا ٣٠ کەمی کردووە. لەگەڵ تورکیادا ئاڵوگۆڕی بازرگانییمان ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی مۆدێرنە و بە دۆلار مامەڵە دەکەین، هەندێک لە سەرمایەدارەکانمان کە وەکیلی براندەکانی وڵاتی تورکیان سەرمایەکەیان دۆلارە و کەمتر زیانیان بەرکەوتووە".

گوتیشی، "کەمیی جموجۆڵی بازرگانی و بەرز و نزمیی دراو بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و بازاڕەکانیان خراپە. ئەگەر لە ماوەیەکی کەمدا بەهای دینار نەچێتەوە شوێنی خۆی ئەوا هەزاران کەس لە بازاڕەکاندا بێکار دەبن و ئەو سەرمایەی لەدەستیاندایە لەدەستیان دەچێت. لەلایەکی دیکەیشەوە بازرگانەکان ناتوانن شتی زۆر بێنن و لە کۆگاکاندا دایبنێن، ئەوکات بەپێی خواستی هاووڵاتی شتومەک دێنن. لەلایەکی دیکەیشەوە گەشتیاری ناوخۆیی کەم دەبێتەوە، چونکە وەک ئاشکرایە ئێمە بەشێوەیەکی بەرچاو پشتمان بە گەشتیاری عێراقی بەستووە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەم دابەزینەی بەهای دیناری عێراقی وای کردووە هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی عێراق نەیەن بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان. کاریگەرییەکی دیکەی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی لەسەر پرۆژەکانی وەبەرهێنان رەنگی داوەتەوە. ئێستا ئێمە وەک وەبەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی ٧٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکەین، گیرمان خواردووە و ناتوانین برەویان پێ بدەین. بۆ نموونە لە پرۆژەکانی نیشتەجێبووندا مامەڵەی ئێمە لەگەڵ هاووڵاتییان بە دۆلارە و هاووڵاتییانیش قیستەکانمان بۆ ناهێنن لەبەرئەوەی دەڵێن ئێمە مووچە و داهاتمان بە دینارە و ناتوانین ئەو پارە زیادەیە بدەین، یان ئەوەیە دۆلاریان بە نرخی پێشوو بۆ بشکێنینەوە یان ناتوانن قیستەکانیان بدەن. کۆمپانیاکانیش ناچنە ژێر ئەو بارەوە و ئەگەر بچن زیانێکی زۆر دەکەن".

گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان سیاسەتی نەختینەی عێراقی بە سیاسەتێکی "زۆر شکستخواردوو" ناوهێنا و گوتی، "سیاسیەتی نەختینە لە عێراقدا سیاسەتێکی زۆر شکستخواردووە و سەرەڕای ئەوەی خاوەنێکی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز نەبووینە لە هەمان کاتیشدا ئەو سیاسەتەی لە بانکی ناوەندیی عێراقی و بانکە ناوەندییەکانی هەرێمی کوردستان پەیڕەومان کردووە سیاسەتێکی تەواو هەڵەیە بەبەراورد بە سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ. لە وڵاتاندا، بۆ نموونە تورکیا، مامەڵەی بازرگانی بە دۆلار و یورۆ و دراوی بیانی نییە و تەنها بە دراوی وڵاتەکە خۆیەتی. ئێمە لەمەدا هەڵەمان کردووە کە وامان نەکردووە بە دیناری عێراقی مامەڵە بکەین".

لەبارەی بەسیستمکردنی بانکیشەوە گوتی، "ئەو وڵاتانەی بانکیان کردووە بە بانکێکی سیستماتیکیی واقیعی کێشە نەختینەکانیان کەمتر دەرکەوێت و سەرکەوتووترن. هەموو کەس هەژمارێک و کارتێکی بانکیی هەیە و وای لێهاتووە هەڵگرتنی نەختینە بووە بە عەیبەیەکی گەورە، بەڵام بۆ ئەم ساتەی هەرێمی کوردستان و عێراق سیستمی بانک سەرکەوتوو نابێت، ئەوە کاتێک دەبێت کە دۆخی ئابووری سەقامگیر بێت. ئێستا خەڵک چۆن متمانە بە حکوومەت و دەوڵەت بکات لەکاتێکدا دۆخی ئابووری سەقامگیر نییە. هەرێمی کوردستان بۆیە پێشکەوتنەکانی بەجوانی دەرنەکەوتووە، چونکە بانکەکانی نەکردووە بە سیستم. چونکە عەیبەیەکی گەورەیە پارە بە عەلاگە و فەردە بهێنرێت و ببرێت".

مەلا یاسین باسی لەوە کرد عێراق نایەوێت مەسەلەی گەندەڵی چارەسەر بکات و گوتی، "عێراق لەئێستادا یەدەگێکی گەورەی نەوت و زێڕ و پارەی نەختینەی هەیە، گەمارۆی ئابووری لەسەر نییە. بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ١٤٠ ملیار دۆلار دەکات و نزیک دەبێتەوە لە بوودجەی وڵاتێکی گەورەی وەک بەریتانیا، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک گەندەڵی لەناو بڕبڕەی پشتی حکوومەت و بانکی ناوەندیدا و بانکەکانی دیکە هەیە و نایەوێت چارەسەریان بکات. ئەو چارەسەرانەی ئەمڕۆژانەی بانکی ناوەندیی عێراق دەیانخاتەڕوو وەک ئازارشکێنی کاتی وان، لەکاتێکدا چارەسەری راستەقینە رەنگە تەنها دوو رۆژی پێویست بێت. لە کابینەکەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقدا، مستەفا کازمی عێراق کێشەی هاتنەوە نەختینەمان نەبوو کاتێک نەوت دەفرۆشرا، بەڵام لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراقدا، محەمەد شیاع سوودانی ئەو کێشەیە هەیە و ئەگەر چارەسەری کێشەی دراو نەکات بڕوا ناکەم تەمەنی کابینەکەی بگاتە کۆتایی ئەمساڵ".

گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، یاسین مەحمود رەشید، ناسراو بە "مەلا یاسین" چارەسەری راستەقینەی مەسەلەی دراو و سەقامگیریی ئابووریی عێراقی لە چەند خاڵێکدا کۆکردەوە و گوتی، "یەکەم، حکوومەتی عێراق دەبێت چاکسازی لە ژێرخانی ئابووریی وڵاتدا بکات. دوای ئەوەی بیست ساڵە سەدام حوسێن لەسەر حوکم نەماوە و گەمارۆی ئابووری لەسەر عێراق نییە کەچی لەسەدا ٨٧ی هەموو ئەو شتانەی لە عێراقدا بەکاردەهێنرێن لە دەرەوە دەهێنرێن. دووەم، حکوومەتی عێراقی دەبێت کۆنترۆڵی دراوەکەی بکات و نەهێڵێت بەملاوئەولادا بڕوات. لە هیچ فڕۆکەخانەیەکی دنیادا بۆت نییە لە ١٠ هەزار دۆلار زیاترت پێبێت و گەشت بکەیت، بەڵام لە عێراقدا ئەگەر ٥٠ هەزار دۆلاریشت پێبێت کەس پێت ناڵێت بۆ کوێ دەڕۆیت. سێیەم، دەبێت عێراق سیستمی بانکیی بگۆڕێت کە هیی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانە، دەبێت عێراق کارێک بکات هاووڵاتی متمانەی بە بانک هەبێت. چوارەم، دەبێت حکوومەتی عێراقی داواکارییەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکی جێبەجێ بکات".

لە کۆتایی دیمانەکەدا، لەبارەی ئەو پارە نەختینەیەی لەلای خەڵک و سەرمایەدارانە، مەلا یاسین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی، "لەئێستادا لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ١٨ ملیار دۆلار لای خەڵکە و نایهێننە بازاڕ و ناشیبەنەوە بانکەکان، بەڵام لە عێراقدا زیاتر لە ١٢٠ ملیار دۆلار لای خەڵکە و متمانەیان بە بانکەکان نییە تا لەوێ دایبنێن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın

هه‌واڵه‌ هاوشێوه‌كان