جيهان, ئابووری

لە کۆڕبەندی کاری سعوودیە-تورکیادا ژمارەیەک رێککەوتننامە واژوو کران

İbrahim Khazen, Hacer Başer  | 20.03.2023 - نوێکردنەوە : 20.03.2023
لە کۆڕبەندی کاری سعوودیە-تورکیادا ژمارەیەک رێککەوتننامە واژوو کران

Suudi Arabistan

ریاز - AA

لە کۆڕبەندی کاری سعوودیە-تورکیا کە لە ریازی پایتەختی سعوودیە بەڕێوەچوو، ژمارەیەک رێککەوتننامە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا واژوو کرا.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی کردەوە کە لەو کۆڕبەندەکەدا، هەریەک لە وەزیری بازرگانیی سعوودیە، ماجد قەسبی و وەزیری بازرگانیی تورکیا، مەهمەت مووش و زیاتر لە ٤٥٠ کۆمپانیای هەردوو وڵات بەشدارییان کردووە.

لە گوتارێکیدا کە لە کۆڕبەندەکەدا پێشکەشی کرد، وەزیری بازرگانیی سعوودیە، باسی لەوە کرد کە کۆڕبەندەکە دەرفەتی نوێیە بۆ هاریکاری ئابووریی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی سعوودیە، حەسەن حوەیزی ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانی سعوودیە و تورکیا کە لە ساڵی ١٩٢٩دا دروست بووە، یەکێکە لە باشترین نموونەکان لە کایەی نێودەوڵەتییدا.

حوەیزی باسی لەوە کرد کە لە تورکیادا، هەزار و ١٤٠ کۆمپانیای سعوودیە هەن کە لە کەرتەکانی بیناسازیی، بەرهەمهێنان، فرۆشتنی بەکۆمەڵ، فرۆشتنی تاک، بازرگانیی و چێشتخانە کار دەکەن و لە سعوودیەشدا، ٣٩٠ کۆمپانیای تورکی کار دەکەن.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە، ئەوەشی بڵاوکردەوە کە سێ رێککەوتننامەی هاریکاریی بازرگانیی لەنێوان نوێنەرانی جیهانیی کاریی سعوودی و تورکیدا واژوو کراوە.

هاوکات کەناڵی ئیخبارییەی سعوودیە بڵاوی کردەوە، ژمارەی ئەو رێککەوتننامانەی واژووکراون، لانیکەم هەشت رێککەوتننامەن و ئەو ژمارەیەش زیاد دەکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın