ئابووری

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ١٣٩ پرۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە

- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، محەمەد شوکری: "پرۆژەکانی وەبەرهێنان ئەوەی لە رابردوو کراوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە ١٠٧ هەزار هەلی کار دروستبووە، ئومێدمان وایە بۆ دوو ساڵی ئایندە بتوانین ٢٠٠ هەزار هەلی کاری دیکە برەخسێنین".

Hawkar Yaseen  | 02.09.2021 - نوێکردنەوە : 03.09.2021
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ١٣٩ پرۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند لە دوو ساڵی ئایندەدا لە بواری پیشەسازییدا، ٢٠٠ هەزار هەلی کار دەرەخسێنن و مەرجیشە لەسەدا ٧٥ی کارکەرانی کۆمپانیان دەستی کاری ناوخۆیی بن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، محەمەد شوکری لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی روانگە بۆ لاوان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ئەوەی لە رابردوو کراوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە ١٠٧ هەزار هەلی کار دروستبووە لە کابینەی نۆیەمیش بەتەواوی ئەو دەستی کارانەی چوونەتە سەر پرۆژەکانی ئێمە وەک پرۆژەی وەبەرهێنان بە کرێکار و هەموو هێزی کارەکانی دیکەوە، ١١ هەزار و ٣٧٠ کەسن، ئەمانە بەشێوەی راستەوخۆ لە پرۆژەکاندا کاردەکەن، ئێمە لە کابینەی نۆیەم مۆڵەتی ١٣٩ پرۆژەی وەبەرهێنانمان داوە، بە بۆچوونی ئێمە بە تەواوبوونی ئەم پرۆژانە هەزاران هەلی کار دەرەخسێت، چونکە کارەکان بە پرۆسەیەکی ئاراستەکراو دەستیان پێکراوە، بۆ نموونە مۆڵەتمان بە کارگەیەکی شەکر داوە راستە لەناو خودی کارگەکە ٥٠٠ کەس کاردەکات، بەڵام لە پرۆسەی دروستکردن و دابینکردنی مەوادی خام بۆ شەکرەکە، نزیکەی هەشت هەزار هەلی کار لەگەڵ خۆی دروست دەکات و لە پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم بەهەمان شێوە لە کارگەکە نزیکی هەزار کەس کاردەکات، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ نزیکەی ١١ هەزار کەس کاری تێدا دەکەن لە بوارەکانی بریکاری و بەبازاڕکردن و گواستنەوە و فرۆشتن و بوارەکانی دیکە".

راشیگەیاند "ئومێد دەکەین لەگەڵ دروستکردنی ناوچە پیشەسازییەکانی خۆمان کە ئێستا دەستمان پێ کردووە و ئیشی لەسەر دەکەین ئومێدمان وایە بۆ دوو ساڵی ئایندە بتوانین ٢٠٠ هەزار هەلی کار برەخسێنین".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەربارەی دابینکردنی کار بۆ کرێکارانی ناوخۆ رایگەیاند "لە دەستەی وەبەرهێنان مەرجێکمان لەسەر وەبەرهێنەران داناوە لەنێو مۆڵەتی وەبەرهێنانیش دەنوسرێتەوە لە قۆناغی یەکەمدا، پێویستە لەسەدا ٧٥ی کارمەندان و کارکەران لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بن و لەسەدا ٢٥ی بۆ ئەو خەڵکە بێت کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەهێندرێن، بەڵام بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و دروستکردنی باڵەخانەکان تاوەکو ئێستا ئەو شارەزاییەمان نییە بۆ دانانی پانێڵ و بلۆک و پێداویستییەکانی دیکە بۆئەمە وا رێککەوتووین لە هەر دوو کرێکاری بیانی کرێکارێکی خۆمانیان لەگەڵ دابنرێت لە قۆناغی یەکەم بۆئەوەی بتوانین لە ساڵێک بۆ دوو ساڵی دیکە ئەو شارەزاییەی کە ئێستا نیمانە لە دروستکردنی باڵەخانەکان لە دوو ساڵی ئایندە هەمانبێت".

دەربارەی ئەوەی وەک دەستەی وەبەرهێنان گرنگیپێدانیان بۆ کام بوار زیاترە، محەمەد شوکری گوتی: "کەرتی پیشەسازیی و کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتوگوزار کە لە پێشینەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و گرنگییان پێدراوە، رێبەری وەبەرهێنان لەسەر ئەو ئاراستەیەیە و پیشەسازی گەورەمان دەست پێ کردووە لە بواری پترۆکیمیایی کە لە داهاتوودا بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، دروستکردنی ناوچە پیشەسازییەکان و دروستکردنی بەنداوەکان لە هەرێمی کوردستان لە رووی ستراتیجییەوە زۆر گرنگن بۆیە گرنگی پێدراوە، لەبواری گەشتیاریشدا کۆمەڵگای گەشتیاری گەورە دروست دەکرێت کە دەکرێت داهاتێکی زۆر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت، کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردەش گرنگی زۆریان پێدراوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın