
Arbil
هەولێر - AA
شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی وەبەرھێنانی خانووبەرە لە ھەولێر بەردەوامە و گوتەبێژی کۆمەڵەی نێوەندگیری و ڕاوێژکاری خانووبەرە ئاماژە بە ڕۆڵی کۆمپانیا تورکییەکان لە بوارە جیاوازەکان دەکات و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بەھۆی بەرزی کوالێتتیەوە خواست لەسەر کار و بەرھەمە تورکییەکان زۆرە.
گوتەبێژی کۆمەڵەی نێوەندگیری و ڕاوێژکاری خانووبەرە، دیار عەلی لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی بواری وەبەرهێنان بەشداری ئەم پێشانگایە دەکەن، کۆمپانیاکان لە دەرەوە و وڵاتانی دراوسێ و لەناوخۆی عێڕاقیش بەشدارن کە لەماوەی چەند ڕۆژێکدا دەتوانن کار و بەرهەم و پڕۆژەکانییان بناسێنن و بێگومان ئەمەش سوودێکی زۆری هەیە بۆ پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی و پەیوەندییە بازرگانییەکان بەگشتی".
دیار عەلی گوتیشی: "کەشوهەوای هەولێر زۆر لەبارە، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیا بیانییەکان بەگشتی و کۆمپانیا تورکییەکان بە تایبەتی کاری بازرگانی و وەبەرهێنان بکەن و ڕۆڵێکی باڵایان هەیە لەمبارەیەوە، خەڵکی ئێمە بەدوای کوالێتییدا دەگەڕێن هەر بۆیەش خەڵک زیاتر خواستی لەسەر کۆمپانیا تورکییەکان هەیە".
هاوکات نوێنەری کۆمپانیایەکی تورکی کە کەلوپەلی کارەبایی و ڕووناکی بەرهەم دەهێنن، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان لەسەر بنەمای پڕۆژەی نوێ کار دەکەن و ڕاشیدەگەیەنێت کە ئامانجیان ناساندنی بەرهەمەکانییانە بە باشترین شێوە.
نوێنەری کۆمپانیا سۆنگول، جیهاد سۆنگول بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە زیاتر لە ٣٠ ساڵە کاردەکەین لە بواری کەلوپەلی کارەبایی، کارگەیەکمان لە تورکیا هەیە، پێشانگای سەرەکیمان لە ئیستانبۆڵە، هەروەها لە عێڕاق و ئەمریکا پێشانگامان هەیە، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کار و پڕۆژەمان هەبووە، لە ئێستادا بەھۆی ئەوەی کۆمپانیاکەمان کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتییە، بەرھەمی تایبەتمەند دروست دەکەین، ھەروەھا لەسەر بنەمای پڕۆژە کاردەکەین".
جیهاد سۆنگول گوتیشی: "ئێمە بەشداریمان لەم پێشانگایەدا کردووە و ھەوڵ دەدەین بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی وڵاتەکەمان و کۆمپانیاکەمان بکەین. ئامانجی سەرەکیمان ناساندنی بەرھەمەکانمانە بە باشترین شێوە و گەیشتن بە کڕیارەکان".
هاوکات کۆمپانیەکی دیکەی تورکیی کە لەبواری بیناسازی کار دەکات و لە ئێستادا یەکێک لە پڕۆژە گەورەکانی لە بەغدا جێبەجێ دەکات کە بریتییە لە بونیادنانی زانکۆیەکی سەردەمییانە و بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا تەواو بێت.
خاوەنی کۆمپانیای مەدەنیەتلەر یاپی، مستەفا گۆندوغدو لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە بواری بیناسازی کار دەکەین، لە ئیستانبۆڵ و ناوچە جیاوازەکانی تورکیا پەرە بە کارەکانمان دەدەین، ڕاشکاوانە بڵێم ئێمە کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی شوێنی نیشتەجێبوونی نوێ لەسەر بنەمای پێویستی نەک ئەوانەی کە ھەن. هەروەها نوێنەرایەتی وڵاتەکەمان دەکەین لە دەرەوەی وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ زیادکردنی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەرەپێدانی کوالێتی بەرهەمەکانمان لە هەموو جیهاندا".
مستەفا گۆندوغدو گوتیشی: "ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا، تورکیا وڵاتێکی دانپێدانراوە، هەروەها ئێمە پێمانوایە دەبێت شتێکی جیاواز بەرهەمبهێنین، ئێستا خەریکی بونیادنانی زانکۆیەکین لە بەغدا و لەم چوارچێوەیەدا هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ و، ئەمڕۆش لێرەدا بەشداری ئەم پێشانگایەمان کردووە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی خۆمان نمایش بکەین و خەڵک زیاتر ئاشنای کار و پڕۆژەکانمان بن".
دوێنێ سێشەممە، شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی وەبەرھێنانی خانووبەرە لە ھەولێر کرایەوە و تێیدا نزیکەی ٢٨٠ کۆمپانیا لە ١٦ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن لەوانە، عێراق، تورکیا، ئێران، ئیمارات، عومان، قەتەر، یۆنان، لوبنان، سعوودیە، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و چین و، پێشانگانە ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا شەشی ئێوارە بەردەوامە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن