لە شاری هەریر ژنێک ٢٠ ساڵە سرکەی هەنار دروست دەکات
پێشتر سرکەی هەنار بەشێوازێکی نەریتی دروست دەکرا بەجۆرێک هەنارەکە بە دەست دادەتەکێنرا و دواتر دەگوشرا، بەڵام ئێستا بەهۆی بوونی ئامێری تایبەت بە داتەکاندن و گوشینی دەنکی هەنار، کارەکانی دروستکردنی شەربەت و سرکەی هەنار ئاسانتر بووە.
Arbil
هەولێر - AA هێمن حوسێن
لە کۆتایی وەرزی پاییزدا، باخدارەکان دەست دەکەن بە لێکردنەوەی هەنار و هاووڵاتییانیش بە مەبەستی کڕینی روو لە بازاڕەکان دەکەن و یەکێک لە مەبەستەکان، دروستکردنی سرکەی هەنارە.
پێشتر سرکەی هەنار بەشێوازێکی نەریتی دروست دەکرا بەجۆرێک هەنارەکە بە دەست دادەتەکێنرا و دواتر دەگوشرا، بەڵام ئێستا بەهۆی بوونی ئامێری تایبەت بە داتەکاندن و گوشینی دەنکی هەنار، کارەکانی دروستکردنی شەربەت و سرکەی هەنار ئاسانتر بووە.
لەئێستادا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان ئامێری تایبەت بە داتەکاندن و گوشینی هەنار هەیە هەروەک لە شاری هەریر سەربە قەزای شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر، ئامێرێک بۆ داتەکاندن و ئامێرێکی دیکەیش بۆ گوشینی دەنکە هەنار هەیە و لە وەرزی پێگەیشتنی هەناریشدا، خەڵکێکی زۆر بە چەند سندوقێک هەنارەوە روو لەو شوێنە دەکەن و بە ژمارەیەک جلیکان شەربەتی هەنارەوە دەگەڕێنەوە.
خاوەنی شوێنکاری هەریر و باتاس، کامەران سەباح عەلی کە هەروەک خۆی دەڵێت یەکەمین کەس بووە ئامێری داتەکاندن و گوشینی هەناری هێناوەتە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە رۆژانە نزیکەی ٤٠ تۆن هەنار لە رێگای ئامێرەکەیەوە دەکاتە شەربەت.
لە شوێنکارەکەی کامەران سەباح عەلی-دا، دوو ئامێری تایبەت بۆ داتەکاندن و گوشینی هەنار دانراون، سەرەتا هەنارەکان دەشۆردرێتەوە، ئینجا دەکرێنە ناو ئامێری یەکەم و هەنارەکە لەت دەکرێت، ئینجا بە کرداری لەرزین تەواوی دەنکەکەی لە توێکڵەکەی دەبێتەوە، پاشان دەنکەکان دەگوازنەوە ناو ئامێری دووەم و لەوێ لە رێگای کرداری گوشینەوە ئاوی هەنارەکە لەناو جلیکانی گەورە دەکرێت و دەدرێتەوە خاوەنەکەی.
لەبارەی شێوازی کارکردنی ئامێرەکان و بڕی هەناری داتەکێنراو، کامەران سەباح عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە لەگەڵ پێگەیشتنی هەنار، ئێمەش دەست بەکارەکانمان دەکەین کە بریتییە لە داتەکاندنی هەنار بۆ ئەو خەڵکەی کە هەنار دەهێنێتە لامان، ئەوانیش بۆ دوو مەبەست، یەکێکیان بۆ شەربەتی هەنار، ئەوەی دیکەیان بۆ دروستکردنی سرکەی هەنارە، بەڵام بەشی هەرە زۆری خەڵک خواستی لەسەر دروستکردنی سرکەی هەنارە کە بۆ چێشتلێنان و خواردن بەکاری دەهێنن".
گوتیشی: "پێشتر خەڵک باخی زۆری هەبوو، نەیدەتوانی هەموو هەنارەکان ساغ بکاتەوە بۆیە هەندێکی دەکردە سرکە و هەندێکی دیکەیشی دەفرۆشت و بەشێکی زۆریشی خەسار دەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی بوونی ئامێری داتەکاندن و گوشینی هەنار، خەڵک سوودێکی زۆری لێی بینیووە".
ئامێرەکانی داتەکاندن و گوشینی هەنار قەبارەی جیاوازیان هەیە و لەبارەی قەبارەی ئامێرەکان و ئەو هەنارانەی کە رۆژانە دەگوشرێت، کامەران سەباح عەلی گوتی: "رۆژانە ئێمە نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ تۆن هەنار دەکەین بە شەربەت، ئامێرەکەمان لەماوەی یەک کاتژمێردا، سێ تۆن هەنار دەکاتە شەربەت، بەپێی ئامێرەکان ئەو بڕە دەگۆڕێت، ئامێری دیکەمان هەیە لەماوەی یەک کاتژمێردا، پێنج تۆن هەنار دەکاتە شەربەت".
لەبارەی قۆناغەکانی دروستکردنی شەربەت، کامەران سەباح عەلی گوتی: "سەرەتا خەڵک هەنارەکە دەهێنێتە دەزگاکەمان، ئێمە لێرە دەیشۆینەوە و دەیگوازینەوە ناو ئامێرێک کە لەوێ بەهۆی کرداری داتەکاندن دەنک و توێکڵەکەی لە یەکتر جیادەکرێتەوە، دواتر دەیگوازینەوە ناو ئامێرێکی دیکە کە دەنکە هەنارەکە دەگوشێت و شەربەتی هەنارمان دەست دەکەوێت، بەشێک لەو شەربەتی هەنارە، وەک خواردنەوە سوودی لێ وەردەگیرێت، بەشەکەی دیکەی لە رێگای کوڵاندنەوە دەکرێتە سرکەی هەنار، دەنک و توێکڵەکەیشی، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ وشکەساڵییە ئالیکی ئاژەڵ کەمە، بۆیە ئاژەڵدارەکان سوودی لێ وەردەگرن".
هەنار چەند جۆرێکی هەیە وەک، هەناری ترش، شیرین و مێخۆش، هەروەها لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەچێندرێت و بەردەگرێت، جگە لەوەش بەهۆی خواستی زۆری هاووڵاتییانەوە، هەنار لە وڵاتانی دیکەشەوە هاوردە دەکرێت و لەبارەی جۆر و تامی هەناری تایبەت بە سرکە، کامەران سەباح عەلی گوتی: "هەنار جۆری ترش، شیرین و مێخۆشی هەیە، خەڵک بۆ سرکە ترشەکە بەکاردەهێنێت، بەڵام بۆ شەربەت هەناری مێخۆش زیاتر بەکاردێت، هەنار لە زۆر ناوچە بوونی هەیە لە ناوچەکانی دەوروبەری هەریر هەنار لەماوەیەکی کەمدا کۆتایی دێت، بەڵام هەناری هەڵەبجە و شارەزوور زۆرە و رۆژانە دێت، هاوکات هەناری سووریا و میسریش لە بازاڕەکاندا هەیە، بەڵام ئەوان ئاوی کەمە و تامی شیرینە بۆ شەربەت نابێت".
هەنار لەرێگای بارانبارینەوە گەشە دەکات و چەندەی باران زیاتر ببارێت ئەوا هەنار ئاودارتر دەبێت و لەبارەی کێشی هەنار و بەرهەمی گوشینەکەی، کامەران سەباح عەلی گوتی: "کێشی هەنار بەپێی ساڵ دەگۆڕیت، ئەگەر باران هەبێت ئەوا هەنارەکەش تەڕە و ئاودارترە، بە گشتی ٥٠ کیلۆ هەنار جلیکانێکی ٢٠ لتری شەربەت دەدات و ئەمەش بە گشتی پەیوەندی بە بارانەوە هەیە".
کامەران سەباح عەلی گوتیشی: "پارساڵ نزیکەی ٣٠٠ تۆن هەنارمان داتەکاند، بەڵام ئەمساڵ نەگەیشتووەتە ٢٠٠ تۆن، ساڵ بە ساڵ بەرووبووم کەمتر بووەتەوە".
دوای ئەوەی هەنارەکان دەگوشرێن بۆ دروستکردنی سرکە دەبردرێنە ماڵەوە، لەوێ بە چەند هەنگاوێک و دوای ماندووبوونێکی زۆر، سرکەی هەنارەکەیان دەست دەکەوێت.
خاڵیسە سدیق ماوەی ٢٠ ساڵە خەریکی دروستکردنی سرکەی هەنارە و ئەو بە درێژایی رۆژ بەدیار دووکەڵ و مەنجەڵی سەر ئاگرەکە دەوەستێت تا دوای ماندووبوونێکی زۆر سرکەیەکی سروشتی دەست بکەوێت.
خاڵیسە سدیق دانیشتووی شاری هەریرە، وەک خۆی دەڵێت ماوەی ٢٠ ساڵە خەریکی دروستکردنی سرکەی هەنارە و لەم کارەشیدا هاوسەر و منداڵەکانی هاوکاری دەکەن و بۆخۆیشی سەرپەرشتی دروستکردنی سرکەکە دەکات.
لەبارەی شێواز و چۆنیەتی دروستکردنی سرکەی هەنارەوە، خاڵیسە سدیق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی ٢٠ ساڵە خەریکی دروستکردنی سرکەم، ساڵانە سەرەتا دەچین باخی هەنار دەکڕینەوە و هەنارەکان لێدەکەینەوە، ئینجا دەیانگوازینەوە بۆ ماڵەوە و لێرە دەیانشۆرینەوە ئینجا دەینێرین بۆ ئامێری داتەکاندن و گوشین بۆ ئەوەی ئاوی هەنارەکەمان بۆ بهێننەوە تا لە دروستکردنی سرکەدا بەکاری بهێنین".
دوای ئەوەی ئاوی هەنارەکە لە ئامیری داتەکاندن و گوشینەوە دێتە دەرەوە و دەیگوازنەوە ماڵەوە، خاڵیسە سدیق لەناو پەڕۆیەکی خام دەیپاڵێوێت و ئینجا دەیکاتە ناو مەنجەڵێک کە پێشتر چواردەوری مەنجەڵەکەی سواخ داوە، ئینجا بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر بەدیارییەوە دەوەستێت تا ئاوی هەنارەکە تەواو خەست دەبێتەوە و دەبێتە سرکە.
لەگەڵ دەستپێکی کارەکەیدا بۆ دروستکردنی سرکە، خاڵیسە سدیق گوتی: "لەبەر ئەوەی بەهۆی ئاگرەوە مەنجەڵەکە رەش دەبێت، بۆیە پێشتر بە قوڕ سواخی دەدەین، ئینجا ئاوی هەنارەکە بە پەڕۆیەکی خامدا دەکەین بۆ ئەوەی خڵتەی هەنارەکە نەچێتە ناو مەنجەڵەکە، ئینجا ئاگر لەبن مەنجەڵەکە دەکەینەوە، سەرەتا ئاگرێکی کەم بۆ ئەوەی ئاوی هەنارەکە هەڵنەچێت، دواتر ئاگرەکە زیاد دەکەین و دەبێت بەشێوەیەکی بەردەوامیش بەدیارییەوە بیت".
خاڵیسە سدیق دوو مەنجەڵی گەورەی لەسەر ئاگرەکە داناوە، یەکێکیان ١٤ جلیکان و ئەوەی دیکەیان حەوت جلیکان ئاوی هەناری تێکردووە و بەدیار تێکوەردانی شەربەتەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم مەنجەڵانە دەبێت نزیکەی ١٠ کاتژمێر لەسەر ئاگربن و بەردەوام تێکی وەربدەین، بە نزیکبوونەوەی کاتژمێرەکانی کۆتایی، ئاوی هەنارەکە خەست دەبێتەوە و ئەو بڕەیشی کە تیایدایە کەم دەبێتەوە، بۆ نموونە مەنجەڵە گەورەکە لە کۆی ١٤ جلیکان شەربەتی هەنار، دوو جلیکانی ٢٠ لتریی سرکەی لێ دەردەچێت، مەنجەڵەکەی دیکەیش لە کۆی حەوت جلیکان شەربەت، یەک جلیکانی سرکەی لێ دەردەچێت، سەرەڕای ئەوەی کە دەبێت حەوت بۆ هەشت پیک ئاپ دار لەبن مەنجەڵەکان بسووتێنین".
لەبارەی جۆر و چۆنیەتی زانینی سرکەی سروشتی، خاڵیسە قادر گوتی: "بۆ سرکە، دوو جۆر تامی هەنار دەکڕین، ئەوەی ناوچەی خۆمان ترشە و سرکەکەی بەتامترە، هەناری هەڵەبجە سرکەکەی مزرە و زۆر ترش نییە، بە گشتی هەردوو جۆری تامی خۆشە، بەڵام بۆ چێشتلێنان سرکەی ناوچەی خۆمان بە تامترە، هەروەها سرکەی سروشتی ماوەی ١٠ ساڵیش بمێنێتەوە هیچی لێ نایەت، ئەگەر سرکە لە ماوەیەکی کەم تامی تێکچوو کە واتا سروشتی نییە، وەک دەبینن جگە لە ئاوی هەنار هیچی دیکەمان لەناو مەنجەڵە نەکرد تا کوڵا".
سرکەی ھەنار، بە زەحمەتێکی زۆر دروست دەکرێت دێتە سەر سفرەی خوانەکان، تامێکی جیاواز دەدات بە خواردنەکان، بەتایبەت خواردنی برژاو، سەڵاتە و برنج و خواستێکی زۆری لەسەر لەلایەن هاووڵاتییانەوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
