ئابووری

كەمپی باریكە.. دۆزینەوەی هەلی كار بۆ ژنانی ئاوارە

رێكخراوێكی تایبەت بە ئاوارە لە رێگەی درووستكردنی خانووی پلاستیكی و ئەنجامدانی كاری كشتوكاڵی هەلی كاركردن بۆ 30 ماڵباتی ئاوارەی كوردی سووریا و 56 ماڵباتی ئاوارەی كوردی ئێران دابین دەكات.

Dilşad Seyfeddin Ahmed  | 23.12.2015 - نوێکردنەوە : 27.12.2015
كەمپی باریكە.. دۆزینەوەی هەلی كار بۆ ژنانی ئاوارە

سلێمانی

كەمپی باریكە (35 كیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) كەمپێكی نوێی تایبەت بە ئاوارەكانی كوردی سووریایە و نزیكەی هەزار و 600 ماڵباتی ئاوارەی سووریا لەو كەمپەدا نیشتەجێكراون و زۆربەی خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین كراوە.

رێكخراوی ریچ تایبەت بە هاوكاری ئاوارەكان لە نزیك كەمپەكەوە 30 خانووی گەورەی پلاستیكی دروستكردووە و ژنان و كچانی ئاوارەی كەمپەكە رۆژانە بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانی خۆیان سەرقاڵی ئەنجامدانی كاری كشتوكاڵی و خزمەتكردن و دروێنەی بەرهەمی نێو خانووەكانن.

ئەوانەی لەو خانووانەدا هەلی كاركردنیان بۆ رەخساوە لەو ژن و كچانەی كەمپەكەن كە خۆیان بژێوی ژیانی خێزانەكانیان دابین دەكەن و زۆرێكیان بەدەست نەخۆشی ئەندامانی خێزانەكانیانەوە دەناڵێنن و پێویستیان بە كار و بەدەستهێنانی داهاتە.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە كە ئەندازیاری كشتوكاڵییە لە رێكخراوی ریچ دابان ستار، لە بارەی پڕۆژەكەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "وەك رێكخراوەكەمان هەستاوین بە درووستكردنی 15 خانووی پلاستیكی بۆ ژنانی ئاوارەی سووریا و 30 ماڵبات كار لەو خانووانەدا دەكەن، وەرگرتنی ئەو ژنانەش بە كۆمەڵێك مەرج بووە وەك ئەوەی هاوسەرەكەی لە ژیاندا نەمابێت یان ژنێك هاوسەرەكەی توانای كاركردنی نەبێت و ئەو بژێوی خێزانەكەی دابین بكات، لەگەڵ ئەو كچانەی لە ماڵەوە وەك سەرخێزان مامەڵە دەكەن و خۆیان كاری خێزانەكانیان دەكەن".

دابان گوتی: "لە مانگی تەمووزەوە پڕۆژەكە تەواو بووە و وەرزێكی چاندنمان تێدا كردووە كە بەرهەمی هاوینە بووە و بەربووبوومەكەی فرۆشراوە و داهاتەكەشی دراوەتە ئەو خێزانانە خۆیان، ئێستاش وەرزێكی دیكەی چاندن كە بریتییە لە سەوزەكانی زستان چێندراوە و ئەو ژنانە بۆخۆیان كارەكان ئەنجام دەدەن و سەرپەرشتی دەكەن".

بە گوتەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە تائێستا 100 ژنی نێو كەمپەكە ناویان تۆماركردووە بۆ كاركردن لەو جۆرە پڕۆژانەدا، بۆ ئەو مەبەستەش رێكخراوەكە پلانی فراوانتركردنی ئەو پڕۆژانە و دابینكردنی هەلی كار بۆ ژمارەیەكی زیاتری ژنانی نێو كەمپەكەی هەیە.

هەروەها لە كەمپێكی دیكەی ناوچەكە تایبەت بە ئاوارەی كوردی ئێران كە ماوەی دەیان ساڵە لەو ناوچەیە نیشتەجێن ، ئەم رێكخراوە 30 خانووی تری پلاستیكی درووستكردووە و 56 ژن كاری تێدا دەكەن.

هەریەك لەو خانووانە دراوەتە دوو ماڵبات تاوەكو كاری كشتوكاڵی تێدا ئەنجام بدەن و رۆژانە خزمەتی بكەن، دواتریش بۆ خۆیان بەرهەمەكەی دەدورنەوە و دەیفرۆشن بۆ خۆیان، رێكخراوەكەش سەرپەرشتی و هاوكارییان دەكات.عەمشە عەلی كچێكی ئاوارەی سووری تەمەن 24 ساڵانی نێشتەجێی كەمپەكەیە و لەو پڕۆژەیەدا كار دەكات، ئەو جگە لە دایك و باوكێكی نەخۆش سێ‌ خوشك و دوو برای  هەیە و پێویستە بژێوی ژیانیان دابین بكات.

عەمشە گوتی: "بەهۆی دەستبەكاربوونمان لەو خانووانە و ئەنجامدانی كارەوە تێیاندا زۆر قازانجمان لێی كردووە و لە وەرزی یەكەمدا بەرهەمێكی زۆری خەیاری هەبووە و داهاتیشی باش بووە".

بەدیعە ئەحمەدی تەمەن 48 ساڵ كە خۆی نەخۆشی شێرپەنجەی گەدەی هەیە بە ناچارییەوە رۆژانە دەچێتە ئەو پڕۆژەیە و كار دەكات بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانی خێزانە حەوت كەسیەكەی كە تەنها خۆی بژێویان دابین دەكات.

ئەو لە بارەی پڕۆژەكەوە گوتی: " كاركردن لەم پڕۆژەیە بژێوی تەواوی خێزانەكەمان دابین ناكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاوكارییەكی باشە و لە بەرهەمی سێ‌ مانگی پێشوومان كە خەیار بوو بڕی یەك ملیۆن دینارمان دەستكەوت و بژێوی خێزانەكەمی دابین كرد".  

سوعاد عەلی تەمەن 43 ساڵ لەگەڵ ژنانی دیكەی نێو پڕۆژەكەدا كاردەكات و ئەویش بۆ دابینكردنی خەرجی خێزانە شەش كەسیەكەی كە خۆی سەرپەرشتیان دەكات رۆژانە دەچێتە ئەو پڕۆژەیەوە و سەرقاڵی كاركردن دەبێت تاوەكو بەرهەمێكی باشتریان هەبێت.

سوعاد گوتی: "هاوسەرەكەم لە ماڵەوەیە و نەخۆشی شەكرەی هەیە بەو هۆیەوە توانای كاركردنی نییە و بۆ خۆم لە دەرەوە كار دەكەم و ناچارم بژێوی خێزانەكەم كە چوار منداڵن دابین بكەم، لەم پڕۆژەیەشدا داهاتێكی باشمان دەستكەوتووە و بژێوی ژیانمان دابین دەكات".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın