قەیرانی کەمی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان سەری ھەڵدا
ماوەی دوو رۆژە قەیرانی کەمی بەنزین لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان سەری ھەڵداوە، ئەوەیش دوای ئەوەی دەنگۆی داخستنی ژمارەیەک پاڵاوگەی بەرھەمھێنانی بەروبوومە نەوتییەکان کە ھۆکارەکەی نەزانراوە، بڵاوبووەتەوە.

Arbil
ھەولێر – AA
نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانە بازرگانییەکان لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠٠ دینار بەرزبووەتەوە.
ماوەی دوو رۆژە، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرمال لە بەنزینخانە بازرگانییەکان لە ٨٥٠ دینارەوە بۆ ٩٥٠ دینار بەزربووەتەوە، تەنانەت لە ژمارەیەک بەنزیخانە گەیشتووەتە ھەزار و ٢٥ دینار کە ئەوەیش جەنجاڵی و نۆرەگرتنی شوفێرانی لە بەنزینخانەکان دروست کردووە.
ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانە بازرگانییەکان لە پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی داخستنی ژمارەیەک پاڵاوگەی بەرھەمھێنانی بەروبوومە نەوتییەکان ھات کە تا ئێستا ھۆکارەکەی نەزانراوە.
ھاوکات بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانە بازرگانییەکان لە ھەرێمی کوردستان نیگەرانی لای شۆفیران دروست کردووە، بەتایبەتی شوفێرانی تاکسی.
- ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی سەرھەڵدانی قەیرانی کەمی بەنزین
دوێنێ وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان بە (وەکالەت)، کەمال محەمەد ساڵح رایگەیاند کە بڕیاریانداوە، بەنزین لە دەرەوە ھاوردە بکەن و رێگا نەدەن بەنزین لە پاڵاوگەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە ھەناردە بکرێت.
کەمال محەمەد ساڵح لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و لەسەر داواکاری پارێزگاکان بۆ رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخ و روونەدانی قەیرانی کەمبوونی بەنزین، بڕیاریان داوە بە رەچاوکردن و پاراستنی کوالێتی بەنزین، رێگە بەتەواوی کۆمپانیاکان بدرێت بۆ ھاوردەکردنی بەنزین.
ئاماژەی بەوەیشدابوو کە لەچوارچێوەی بڕیارەکەدا، رێگا نادرێت بەنزین لە پاڵاوگەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوەی ھەرێم ھەناردە بکرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن