
Arbil
هەولێر - AA
شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کەلکیتی سەر بە پارێزگای گوموشخانەی تورکیا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێریان کرد و ڕا و بۆچوونیان سەبارەت بە پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیان لەوە کردەوە هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بوارە جیاجیاکاندا دەکەن.
شاندەکە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر کرد و تێیدا بیروڕا لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان ئاڵوگۆڕکرا و کۆمپانیا جیاوازەکانی تورکیا نموونەی بەرهەمەکانییان نمایش کرد بۆ ئەوەی بازرگانانی هەولێر لە نزیکەوە بەرهەمەکان ببینن و لەم چوارچێوەیە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و تورکیا بەرزتر بکرێتەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەشازی کەلکیتی تورکیا، مستەفا سەرەوەت لەبارەی سەردانەکەیانەوە گوتی: "ئێرە ناوچەیەکی گرنگە بۆ بازرگانی لە نێوان هەرێم و تورکیا، هەم لە ڕووی کولتووریی و پەیوەندییەکانەوە، ئێمە نزیکین لە یەکتر، هاتووین پەیوەندییەکانمان پتەوتر بکەین، شاندەکەمان لە ١٦ کەس پێکهاتووە کە بریتیین لە سێکتەری خۆراک، بیناسازی و مۆبیلیات کار دەکەن، بەم گەشتە لە ڕووی ماددیی و مەعنەوەییەوە دەتوانین پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین".
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، شیرین خەلیل یەحیا گوتی: "شاندەکەی تورکیا پێکهاتوون لە چەند کۆمپانیای جۆراوجۆر لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەمە یەکەمینجارە سەردانی ژووری بازرگانی بکەن، هەوڵدەدەین پردێکی بازرگانی دروست بکەین لە نێوان هەرێم و وڵاتی تورکیا بە تایبەت لە شاری تڕابزۆن و ژووری بازرگانی کالکێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا".
شیرین خەلیل یەحیا گوتیشی: "هەمیشە ئاڵوگۆڕیی بازرگانی لە نێوان هەرێم و تورکیا بەهێز بووە، هەوڵیشدراوە پەیوەندییەکان باشتر بکرێن و کۆمپانیا تورکییەکانیش هەردەم پێشەنگبوونە لە ژێرخانی هەرێم و هەمیشە لە هەوڵی نوێبوون و پێشکەوتندابوونە".
هاوکات بەرپرسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە پارێزگای گوموشخانە، جیهان چانلی ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەیان کرد و گوتی: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان گوموشخانە و هەولێر لەبواری بازرگانی پەرەپێبدەین و زیاتر یەکتر بناسین، لەم سەردانەماندا کۆبوونەوەیەکی فراوانمان ئەنجامدا و دواتریش کۆبوونەوەی دوو بە دوو لە نێوان بازرگانان ئەنجام دەدەین و ئەمەش کاریگەریی باشی دەبێت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکان".