ئابووری, archive

شاری پزیشكیی فاروق لە سلێمانی كرایەوە

لە شاری سلێمانی، گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرایەوە.

14.04.2014 - نوێکردنەوە : 14.04.2014
شاری پزیشكیی فاروق لە سلێمانی كرایەوە

سلێمانی
 
لە رێوڕەسمێكدا لە شاری سلێمانی، گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان و عێراق (شاری پزیشكیی فاروق) كرایەوە.
 
نەخۆشخانەكە لە لایەن گروپی كۆمپانیاكانی فاروق كە لە لایەن سەرمایەداری ناوداری شارەكە و هەرێم (فاروق مەلا مستەفا) خاوەندارێتی دەكرێ‌، لەسەر روبەری 70 هەزار مەتر دوجا زەوی دروست كراوە.
 
نەخۆشخانەكە 53 عیادە و تاقیگەی پێشكەوتووی جۆراوجۆر و بەشی تیشك و 11 هۆڵی نەشتەرگەری مۆدێرن و 38 بەشی چاودێری وورد و 210 قەرەوێڵە و 120 ژووری تاك و 21 ژووری تایبەت و VIP، لەگەڵ چەندین بەشی دیکەی پێشكەوتووی لەخۆگرتووە و بۆ یەكەم جار لەم نەخۆشخانەیەدا مینی رۆبۆت لە نەشتەرگەریدا بەكاردەهێنرێ‌.
 
فاروق مەلا مستەفا خاوەنی نەخۆشخانەكە بۆ ئامادەبووانی رێوڕەسمەكە گوتی "بیرۆكەی دروستكردنی نەخۆشخانەكەم لەوەوە لا دروست بوو كە شارەكە و هەرێم و عێراق پێویستی بە نەخۆشخانەیەكی پێشكەوتووی لەم شێوەیە هەیە، تا ناچار نەبین بۆ چارەسەری نەخۆشی سەردانی دەرەوەی وڵات بكەین".
 
ئاماژەی بەوەش كرد، باشترین پزیشكی پسپۆڕ لە ئوردن و وڵاتانی دیکەی جیهانەوە بۆ نەخۆشخانەكە هێنراون و داهاتی نەخۆشخانەكەش بۆ باشتركردنی كاروباری نەخۆشخانەكە و ئامێرەكان تەرخان دەكرێ‌، هەروەها هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستی و فەرمانبەر لە نەخۆشخانەكەدا كار دەكەن.
 
فاروق مەلا مستەفا سەرسامی خۆی بە كارەكانی گروپی عەجەب ئادەم نیشاندا كە گەورەترین گروپی تەندروستییە لە توركیا و هاوكاری جێبەجێكردنی نەخۆشخانەکەیە، هیواشی خواست لە داهاتوودا بتوانێ‌ هاوشێوەی زانكۆی پزیشكیی ئەستەنبوڵ لە سلێمانیش زانكۆیەكی لەو شێوەیە دروست بكا.
 
عەجەب ئادەم خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی عەجەب ئادەم لەگوتەیەكدا گوتی "خاوەنی20 ساڵ ئەزموون و 17 نەخۆشخانەین لە توركیا و گەورەترین گروپی تەندروستی وڵاتەكەین، هاوكاری جێبەجێكردن و بەرنامەكانی ئەم نەخۆشخانەیەین كە بە شێوەیەكی نایاب دروستكراوە".
 
بە گوتەی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان رێكەوت حەمەڕەشید، لە هەرێمی كوردستان 75 نەخۆشخانەی كەرتی گشتی و زیاتر لە 50 نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت هەیە، ئەو نەخۆشخانانە زیاتر لە 10 هەزار قەرەوێڵەیان لەخۆگرتووە و 9 هەزار و 265 پزیشك كاری تیادا دەكەن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın