دروستكردنی بەنداوی زەلان لە ناوچەی شارباژێڕ
لە ناوچەی شارباژێڕ-ی سەر بە پارێزگاری سلێمانی، بەردی بناغەی پڕۆژەی (بەنداوی زەلان) دانرا كە توانای گلدانەوەی بیست و پێنج ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.

سلێمانی
لە ڕێوڕەسمێكدا لە ناوچەی شارباژێر، بەردی بناغەی (بەنداوی زەلان) ١٩کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی دانرا.
پڕۆژەكە لەجۆری بەنداوی ناواخنی خۆڵیی دروست دەکرێ و نزیكەی 24 ملیار دینار تێدەچێ.
وا بڕیارە پرۆژەکە لە ماوەی هەزارو 95 ڕۆژدا تەواو بكرێ.
سەرپەرشتیارانی بەنداوی زەلان ئاماژەیان پێدا، بەرزی بەنداوەكە 45 مەتر و پانیی 45 مەترە، هەروەها ٩٠٢ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
پارێزگاری سلێمانی بەهرۆز محەمەد لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی پڕۆژەكە گوتی: "ئەو پڕۆژەیە گرنگی گەورەی بۆ ناوچەكە دەبێ و شارباژێر دەكاتە ناوچەیەكی گەشتیاریی، ئاوی خەزنكراوی بەنداوەكە 25 ملیۆن مەتر سێجایە، بڕێکی وا بۆ ئاودێریی زەوی و زار و كشتوكاڵ، دابینكردنی وزەی كارەبا و پاراستنی زەوییەكانی ناوچەكە لە لە ڕاماڵین و لافاو، بەخێوكردنی ماسی زۆر بە کەڵکە."
پارێزگاری سلێمانی هەروەها ئاماژەی بەوەدا ژمارەیەك بەنداوی دیکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان لە جێبەجێكردندان و چەند بەنداوێكی دیکە، کاری دیزاینییان بۆ کراوە.
هەروەها بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە محەمەد رەفیعی سەبارەت بە بەنداوی زەلان گوتی: "پڕۆژەی بەنداوی زەلان لەسەر چەمی قەلاچوالان، نموونەیەكە لەو پڕۆژە هاوبەشانەی كە بە جێبەجێكردن و تەواو بوونی، سوودی گەورە بۆ ناوچەكە لە بواری ژینگە و گەشتوگوزار و دابینكردنی وزەی كارەبا و ئاودێری دەبێ."
پارێزگای سلێمانی بێجگە لەوەی پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستانە، یەكەم پارێزگای عێراقیشە کە ژمارەیەکی زۆر بەنداوی تێدیە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن