
ھەولێر
گرتنەوەی ئاوی ئەڵوەند، نەخۆشیی، سوتاندنی باخەکان وایکردووە باخەوانەکانی خانەقین بێ ئومێد بن، چونکە جگە لە ھیلاکی قازانجێکی ئەوتۆیان بۆ ناھێنێ.
ئوسامەی تەمەن ٥١ ساڵ گوتی: "ئەو دوو باخەی لە باوباپیرانمەوە بۆم ماوەتەوە، پێشتر زیاتر لە ١٠٠٠ دارخورمایان تێدابوو، ساڵانە ١٠ تەن خورمای بەرھەم دەھێنا. بەڵام دوای گرتنەوەی ئاوی ئەڵوەند، کە خانەقین دەکات بە دووبەشەوە و سەرچاوەی ئاوی کشتوکاڵی ناوچەکەیە، ژمارەی دارەکانی دوو باخەکە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەجۆرێک بەرھەمی ساڵانەیان سێ تەن تێپەڕ ناکات."
ھەروەھا ئوسامە گوتی: "گرتنەوەی ئاوی ئەڵوەند جگە لە باخەکانی من، کاریکردوەتە سەر بەرھەمی زۆربەی باخەکانی دیکە لە خانەقین."
لەھەر گۆشەیەکی باخەکە تێپەڕبوویتایە، دارە سووتاوو وشکھەڵاتووەکانت بەرچاو دەکەوتن. ئوسامە مەکی دەستی بۆ ئەو دارانە درێژکرد و بە حەسرەتەوە گوتی "قەدری دارخورما لای باخەوانە، چەندین ساڵی تەمەنم لەسەر گەورەکردنی ھەر دارێک داناوە. بۆیە بەقەد مناڵەکانم ئازیزن لەلام. کەچی دەردی بێ ئاوی زۆربەیانی بەبەرچاومەوە وشک کرد."
ئوسامە لە نێو باخە شەش دۆنمییەکەیەوە کە چەندین داری تەمەن ١٠٠ ساڵی تێدابوو پێی گوتین: "باخی خورما لە باخەکانی دیکە جیاوازە، چونکە نەوە دوای نەوە کار لەسەر چاندن و خزمەتکردنی دەکەن و سوودمەندی بەرھەمەکەی دەبن. دارخورما لانیکەم شەش ساڵی دەوێ تا بێتەبەر."
خانەقین یەکێکە لە شارەکانی پارێزگای دیالە، ھاوسنوورە لەگەڵ ئێران. ٣٥٥ کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختی عێراق و ٣٦٠ کیلۆمەتر لە ھەولێرەوە دوورە. دانیشتووانەکەی ٢٠٠ ھەزار کەس دەبن، جگە لە نەوت ئەو شارە بە دارخورمایش بەناوبانگە.
خورما پێش دۆزینەوەی نەوت لە عێراقدا رواوە و تەمەنی بۆ زیاتر لە چوار ھەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. بەڵام ئێستا ئەو وڵاتە خورما ھاوردە دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی ئوسامە کە زیاتر لە چل ساڵ تەمەنی خۆی لەنێو باخەکانی خورما لە خانەقین بەسەر بردووە "لەعێراقدا ٦٠٠ جۆر خورما ھەن، خانەقین پتر لە (٦٠) جۆری لەخۆگرتووە."
لەبارەی چاندنی داری خورمایشەوە ئوسامە گوتی " لێرە خورما لەڕێی برالە (نەمام)ەوە زیاد دەبێ، ئەویش بەبڕینی ئەو لقە بچووکەی (فەسیلە) لەتەنیشتییەوە دەردەچێ و چاندنەوەی لەشوێنێکی دیکە. ئەو برالەیە، لانیکەم پێویستی بە شەش ساڵ ھەیە تا بێتە بەر".
ئوسامە گوتی: "ھەموو ساڵێک لەکاتی بەھاردا،بەمەبەستی زیادکردنی بەرھەم، دارەکان پێون یاخو موتوربە دەکەن، کە بریتیە لە نێر و مێ کردنی دارەکان."
رووباری ئەڵوەند درێژییەکەی ١٥٠ کیلۆمەترە، لە چیاکانی زاگرۆس لە ئێرانەوە ھەڵدەقوڵێ و لە دێتە خانەقین. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی، دوای کوژرانی دامەزرێنەری دەوڵەتی ئاق قۆینلوو لەسەر کەنارەکەی، ئەو رووبارە ناوی ئەڵوەندی لێنراوە. دوای گرتنەوەی ئاوەکە لەلایەن ئێرانەوە، کەمئاوی خانەقین و کشتوکاڵەکەی گیرۆدە کردووە.
لەبارەی وەرزی لێکردنەوەی خورما ئوسامە گوتی"باشترە داری خورما مانگی تشرینی یەکەم ئاو بخواتەوە. پێویستە لە ١٥ی مانگەوە دەست بە لێکردنەوەو فرۆشتنی بکرێ."
خورما بەزەبری گەرمای خۆر پێدەگات، عێراق کە یەکێکە لە وڵاتانی گەرمی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چەندین ساڵ بە زۆرترین بەرھەم و فرەیی جۆرەکانی خورما دەناسرا و ملیۆنەھا دارخورمای تێدابوو. بەڵام شەڕەکان و پشت بەستن بە نەوت وایکردووە ھەناردەی ساڵانەی خورما ١%ی داھاتەکانی بودجەی عێراقیش پێکنەھێنێت.
ستار یاوەر خوداد کە باخێکی حەوت دۆنمیی ھەیە و زیاتر لە پەنجا ساڵە باخەوانی دارخورمایە لە خانەقین، زۆر خەفەتبارە بە سوتانی باخەکان.
ستار باس گوتی "جگە لە گرتنەوەی ئاوی ئەڵوەند، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و خواردنی خورما لەلایەن جاڵجاڵۆکەوە بوونەتە ھۆی کەمبوونەوەی بەرھەمی خورما. لەیادمە جاران حکومەتی عێراق ساڵانە بە فڕۆکە پەینی کیمیایی دەپڕژاندە سەر دارەکان. بەڵام ئەوە حەوت ساڵ دەبێ شتێکی لەو شێوەیەمان نەبینیوە.
- باشترین جۆرەکانی خورما
ئوسامە مەکی لەبارەی جۆری خورماکانەوە گوتی" دیارترین جۆرەکانی خورما بریتین لە عەشرەسی، زەھدی، خەستەوی، خەزراوی، میرحاج، مەکتوم، بەربەن، مەھراب . جۆری زەھدی زۆرترین فرۆشتنی ھەیە، چونکە یەک کات پێون دەکرێت و یەک جار دەبڕدرێت و لێکردنەوەی ئاسانە. بەڵام ئەوانی دیکە خزمەتکردنی زیاتریان دەوێ و لێکردنەوەشیان زۆر ئاسان نییە. باشترین جۆری خورما مەکتوم، بەرحی، برێم، میرحاج، عەشرەسیە خورمای زۆر بەناوبانگ و چاکن."
بەپێی قسەکانی ستار یاوەر نرخی ئێستا زۆر ھەرزانە و پتر قازانجی بۆ بەقاڵە نەوەک باخەوان. ئەو گوتی "نرخی خورما ساڵانە بەگوێرەی "داخوازیی و خستنەروو" دەگۆڕێ. پار تەنێک خورمای زەھدی بە ١٥٠ ھەزار دینار بوو.
بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ١٩٦٠ عێراق خاوەنی زیاتر لە ٣٢ ملیۆن داری خورما بووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەو ژمارەیە بۆ ١٦ ملیۆن کەم بووەتەوە.
سەڵاحەدین مەکی مستەفا، یەکێکە لە خاوەن باخەکانی شاری خانەقین دەڵێت پێشتر شارەکە نزیکەی ٢٠ ھەزار دارخورمای تێدابووە، بەڵام چەند ساڵێکە ئەو ژمارەیە بۆ نزیکەی ١٠ ھەزار دابەزیوە. بەرھەمی ساڵانەی خانەقینیش پێشتر بە نزیکەی ١٠٠٠ تەن مەزەندە کراوە، بەڵام ئێستا بۆ دوو سەد تا سێ سەد تەن دابەزیوە.
- خورما... ئاڵتونی ئاسمان
سەڵاحەدین مەکی مستەفا، خورمای بە ئاڵتوونەکەی ئاسمان ناوبرد و گوتی "ئەگەر حکومەتی عێراق یان ھەرێمی کوردستان بیانەوێ گرنگیی بە خورما بدەن و پاڵپشتیمان بکەن، ئێمە ئامادەین خورمای باش بەرھەمبھێنین."
ئیحسان ئەلیاس جومعە کە ٣٢ ساڵە خەریکی بەرھەمھێنانی خورمایە، بەھۆی پشتێنێکی ئەستوورەوە بە کەمتر لە دوو خولەک بەسەر دارێکی دە مەتر بەرزەوە ھەڵگەڕاو لەسەر دارەوەکەوە گوتی: "بۆ لێکردنەوەی خورمای دارێک پێویستم بە (١٠-١٥) دەقیقە ھەیە. رۆژانەش بەرھەمی پەنجا بۆ شەست دار لێدەکەمەوە. بۆ ھەر دارێک تەنیا ١٥٠٠ دیناری عێراقی وەردەگرم. لەبەرئەوەی بەپێخواسی سەردەکەومە سەر دارەکان، قاچەکانم تووشی نەخۆشی بوون. ئەوە جگە لە پێوەدانی ھەنگ و چەندجارێکیش کەوتومەتە خوارەوە."
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن